هێڵ ئۆن ویڵس (٢٠١١)

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-06-21-18:41:00 - کۆدی بابەت: 13228
هێڵ ئۆن ویڵس (٢٠١١)

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

زنجیرەی هێڵ ئۆن ویڵس (بە عەرەبی: هیل ئون ویلس، بە ئینگلیزی: Hell on Wheels) زنجیرەیەکی تەلەفیۆنی ئەمریکییە لە ژانەری ڕۆژاوایی. زنجیرەکە بەرهەمی هەردوو وڵاتی ئەمریکا و کەنەدایە و لە کەناڵی AMC پەخش کراوە. زنجیرە تەلەفزیۆنییەکە دروستکراوی هەر یەکە لە جۆو گایتن و تۆنی گایتنە. 

چیرۆک

چیرۆکی زنجیرەکە باس لە سەربازێکی کۆنفدراسۆن دەکات بەناوی کەڵن بۆهانەن کە بە دوای ئەو کەسانەدا دەگەڕێت ژن و منداڵەکەیان لێ کوشتووە لەو ماوەی لە جەنگدا بووە. بۆ ئەمەش سەردانی کۆمپانیای یونیەن پاسفیک دەکات کە هەوڵی دروستکردنی هێڵی ئاسنینی کیشوەربڕ دەدەن لە ئەمریکا. کەڵن بۆهانەن ئەرکی سەرپەرشتی کردنی کرێکارەکان و پڕۆژەی دروستکردنی هێڵی ئاسنینەکە وەردەگرێت و بەڵێن دەدات بە زووترین کات تەواوی بکات. لە درێژەی ئەرکەکەیدا بۆهانەن هەوڵی گەڕان بۆ دۆزینەوەی بکوژانی ژن و منداڵەکەی دەدات. 

ئەکتەرەکان

  • ئەنسۆن ماونت کەسایەتی کەڵن بۆهانەن.
  • کۆڵم مێنی کەسایەتی تۆماس دۆک دۆرانت.
  • کۆمۆن کەسایەتی ئیلام فێریگسن.
  • دۆمەنیک مەک ئێلیگۆت کەسایەتی لیلی بێڵ.
  • تۆم نوونان کەسایەتی ڕێڤێراند ناسانێل.
  • کریستۆڤەر هێیردال کەسایەتی سۆر گەندرسن.
  • ئێدی سپیەرس کەسایەتی جۆزێف بلاک موون.
  • بێن ئیسلەر کەسایەتی شۆن.
  • فیل بەرک کەسایەتی مایکڵ.
  • ڕۆبن ماکڤیلی کەسایەتی ئێڤا.
  • کاشا کرۆپینڤسکی کەسایەتی روس کۆڵ.
  • دۆن نۆردۆن کەسایەتی سالمس جاکسن.
  • جێنیفەر فێرن کەسایەتی لویز ئێلسۆن.
  • ماکانزی پۆرتەر کەسایەتی نایۆمی هاتچ.
  • جەیک وەیبەر کەسایەتی جۆن ئاڵن کەمپبێڵ.
  • تیم جوینی کەسایەتی کۆلیس هەنتینگتن.
  • ڕیج ڕۆگەر کەسایەتی جەیمس سترۆبریج.
  • بایرن مان کەسایەتی چانگ.
  • ئەنجێلا ژوو کەسایەتی می فۆنگ.
  • چیلا هۆرسدال ماگی پاڵمەر. 

زانیارییە گشتییەکان

ژانەر ڕۆژاوایی، دراما
دروستکراوە لەلایەن جۆو گایتن، تۆنی گایتن
نووسراوە لەلایەن جۆو گایتن، تۆنی گایتن
ئەکتەرانی بەشداربوو ئەنسۆن ماونت، کۆڵم مێنی، ڕۆبن ماکلیڤی
موزیکی دەستپێک گوستاڤۆ سانتۆلالا 
ئاوازدانەر کێڤن کینەر 
زمانی ڕەسەن ئینگلیزی 
شوێنی بەرهەم هێنان کەنەدا 
ژمارەی وەرز ٥ وەرز 
ژمارەی ئەڵقە ٥٧ ئەڵقە
کاتی هەر ئەڵقەیەک ٤٠-٥٠ خولەک 
ڕەیتین ٨٫٣/١٠ لە پێگەی IMDB و ٧٣٪ لە پێگەی Rotten tomatoes

خەڵاتەکان

زنجیرەی هێڵ ئۆن ویڵس پاڵێوراوی سەدان خەڵاتی جۆراوجۆر بووە لە نێوان پەخشکردنی یەکەم وەرز تاوەکو کۆتا وەرز، گرنگترین خەڵاتیش بە دەستی هێنابێت باشترین زنجیرە بۆ ژانەری ڕۆژاوایی بوو کە پێنج جار بووە براوەی ئەو خەڵاتە بە دوای یەکتردا، جگە لەوە پاڵێوراوی خەڵاتەکانی ئێمی بووە. تەنانەت دوای کۆتایی هاتنی زنجیرەکەش لە ساڵانی ٢٠١٧ و ٢٠١٩ خەڵاتی ڕێزلێنان بە سێتی زنجیرەکە بەخشرا وەک نووسەران و دەرهێنەران و کاستی زنجیرەکە و ئاوازدانەران. 

بۆچی زنجیرەی هێڵ ئۆن ویڵس بە یەکێک لە باشترین زنجیرەکانی ژانەری ڕۆژاوایی دادەنرێت؟ 

بە گوێرەی پێداچوونەوەی ڕەخنەگران هەر پێنج وەرزی زنجیرەکە پێشوازی لێکراوە لەلایەن ڕەخنەگران، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕوونکردنەوەی چیرۆکی زنجیرەکە بە شێوەیەکی ڕەوان و دوور لە لادان و دوور کەوتنەوە لە پەیامی سەرەکی، جگە لەمە پەلە نەکردن لە گەیشتن بە دەرئەنجامی کۆتایی و کۆتایی هێنان بە خراپەکاری سەرەکی زنجیرەکە کە تا کۆتا ئەڵقەکان بەردەوامە لە پیلان داڕشتن و کاری خراپە. خاڵێکی تر، ئەکتەرەکان تەواو چوونەتە نێو ڕۆڵەکانیان و وەک کەسایەتی ساڵانی ١٨٦٠ کان ڕەفتار دەکەن و کەشی نێو زنجیرەکە دەتگێڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمە هەر ئەمانەش وایکردووە ببێتە براوەی زۆربەی ئەو خەڵاتانەی کە بۆ بەرهەمی ڕۆژاوایی دانراون.


سەرچاوەکان



29 بینین