زنجیرەی دکتۆرە باشەکە (٢٠١٧)

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2024-05-16-22:16:00 - کۆدی بابەت: 12928
زنجیرەی دکتۆرە باشەکە (٢٠١٧)

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

زنجیرەی دکتۆرە باشەکە (بە عەرەبی: الطبیب الجید، بە ئینگلیزی: The good doctor) زنجیرەیەکی تەلەڤیزیۆنی ئەمریکییە لە ژانەری درامی پزیشکی. بیرۆکەی زنجیرەکە لە زنجیرەیەکی ساڵی ٢٠١٣ی کۆریای باشوورەوە وەرگیراوە لەژێر هەمان ناودا. نواندنکار دانیێڵ دەی کیم مافی بەرهەمهێنانی زنجیرەکەی کڕییەوە، لە ساڵی ٢٠١٥دا پێشنیاری بەرهەمهێنانی زنجیرەکەی پێشکەشی تۆڕی  تەلەڤیزیۆنی سی.بی.ئێس کرد. تۆڕەکە نەیاندەویست ئەڵقەی ئەزموونیی دروست بکەن لەبەرئەوە دانیێڵ ڕێکنەکەوت لەگەڵیاندا. لە کۆتاییدا کیم  لەگەڵ تۆڕی تەلەڤیزیۆنی سۆنی پیکچەرز ڕێککەوتن و دەیڤد شۆریان هێنایە ناو باسەکەوە (کە ئەویش دروستکەری زنجیرەی درامی پزیشکی House)ـە. زنجیرەکە لەلایەن ستۆدیۆکانی سۆنی پیکچەرز و ئەی.بی.سی سینگچە بەرهەم دەهێنرێت بەهاوبەشی لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی تر.

شوێنی وێنەگرتنەکان لە شاری ڤانکوڤەرە لە وڵاتی کەنەدا. پەخشی یەکەم ئەڵقەی لە ڕێکەوتی ٢٥ی ئەیلوولی ساڵی٢٠١٧ بوو. لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٣دا زنجیرەکە نوێکرایەوە بۆ وەرزی حەوتەم.

چیرۆک

چیرۆکی زنجیرەکە باسی شۆن مێرفی دەکات کە نەشتەرکارێکی گەنجی تووشبووی ئۆتیزمە و کەسێکی بەهرەمەندیشە. خەڵکی شارێکی بچووکە بەناوی کاسپەر، لە هەرێمی وایۆمینگ کە لەوێ ڕابردوویەکی ناخۆشی هەبووە. دەگوازێتەوە بۆ ناوچەی سان هۆزێ لە کالیفۆڕنیا بۆ ئەوەی لە نەخۆشخانەی سان هۆزێ سەینت بۆنیڤێنچەر کار بکات.

ئەکتەرەکان

  • فرێدی هایمۆر بە ڕۆڵی د. شۆن مێرفی
  • نیکڵس گنزاڵس بە ڕۆڵی د.نیێل مەڵەندز
  • ئەنتۆنیا تۆمس بە ڕۆڵی د.کڵێر بڕاون
  • چوکو مۆدوو بە ڕۆڵی د.جارید کڵو
  • هیڵ هارپەر بە ڕۆڵی د.مارکس ئاندروس
  • ڕیچرد شیف بە ڕۆڵی د.ئارن گڵاسمن
  • وڵیەم یون ڵی بە ڕۆڵی د.ئالێکس پارک
  • فیۆنا گوبڵمن بە ڕۆڵی د.مۆرگن ڕێزنک
  • کریستنا چانگ بە رۆڵی د.ئۆدری ڵیم
  • پەیج سپارا بە ڕۆڵی ڵیا دەڵاڵۆ

زانیاری گشتی

ژانەر

درامی پزیشکی

وەرگیراوە لە

زنجیرەی دکتۆری باش لەلایەن پارک جەی بووم

گەشەپێدان بە زنجیرەکە لەلایەن

دەیڤد شۆر

ئەکتەرانی بەشداربوو

فرێدی هایمۆر، نیکڵس گنزاڵس، ئەنتۆنیا تۆمس، چوکو مۆدوو، هیڵ هارپەر، ڕیچرد شیف، پەیج سپارا

ئاوازدانەر

دان ڕۆمەر

زمانی ڕەسەن

ئینگلیزی

ژمارەی وەرزەکان

شەش وەرز و ساڵی ٢٠٢٣ نوێکرایەوە بۆ وەرزی حەوتەم

ژمارەی ئەڵقەکان

١١٦ ئەڵقە

شوێنی بەرهەمهێنان

ڤانکوڤەر، کەنەدا

کاتی هەر ئەڵقەیەک

٤١ بۆ ٤٤ خوولەک

ڕێکەوتی بڵاوبوونەوە

٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧

نمرە

٨/١٠ لە پێگەی IMDB و ٦٣٪ لە پێگەی Rotten tomatoes

خەڵاتەکان

زنجیرەی دکتۆرە باشەکە پاڵێوراوی ٢٧ خەڵات و براوەی شەش خەڵاتی ترە. نواندنکاری سەرەکی (فرێدی هایمۆر) نزیکەی حەوت جار پاڵێوراوە بۆ نواندنەکەی لە کەسایەتی شۆن مێرفی لە نێویشیاندا بۆ خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب، بەڵام هیچ خەڵاتێکی نەبردووەتەوە.


سەرچاوەکان



3723 بینین