کامالا هاریس

له‌لایه‌ن: - ئاکۆ محەمەد - به‌روار: 2022-01-01-14:07:00 - کۆدی بابەت: 7461
کامالا هاریس

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کامالا دێڤی هاریس (Kamala Devi Harris) سیاسەتمەدار و پارێزەرێکی ئەمریکیە، زانستی سیاسی و ئابووری لە زانکۆی هاوارد خوێندووە و لە زانکۆی هەیستینگس بڕوانامەی دکتۆرای لە یاسادا بەدەستهێناوە، چل و نۆیەم جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، جێگری سەرۆک جۆ بایدنە لە کابینەی چل و نۆیەمدا و هێشتا بەردەوامە، یەکەم ئافرەتە کە بووبێتە جێگری سەرۆک لە ئەمریکا و یەکەم ئافرەت (ئەفریقی-ئەمریکی)ـیە خاوەنی ئەو پلە بەرزەبێت لە تەواوی مێژووی ئەمریکادا، ئەندامی حیزبی دیموکراتەکانە، لە ١٩٩٠ تا ١٩٩٨ جێگری دادوەری گشتی بووە لە ئۆکلاند، دواتر بووەتەوە دادوەری گشتی سان فرانسیسکۆ و پاشانیش بوو بە دادوەری گشتیی کالیفۆرنیا، لە ٢٠١١ تا ٢٠١٧ وەزیری داد بووە، ٢٠١٧ تا ٢٠٢١ ئەندامی ئەنجوومەنی پیران بووە وەک نوێنەری کالیفۆرنیا و ئێستاش جێگری سەرۆکە لە حکومەتەکەی سەرۆک جۆ بایدن Joe Biden.

ژیاننامە

کامالا هاریس لە ٢٠/١٠/١٩٦٤ لە شاری ئۆکلاند لە کالیفۆرنیا لەدایکبووە، لە خێزانێکی سیاسی بووە، باوکی ناوی دۆناڵد هاریس Donald Harrisـە و جامایکییە و لە زانکۆی ستانفۆرد خوێندوویەتی و دایکیشی ناوی شیامالا گۆپالان هاریس Shyamala Gopalan Harris بووە کچی سیاسەتمەدارێکی هیندییە، خوشکەکەیشی کە ناوی مایا هاریسە Maya Harris پارێزەری گشتی و نووسەرێکی ئەمریکییە، هاوسەری دۆگلاس ئیمهۆف Douglas Emhoffـە کە پارێزەرێکی ئەمریکیە و خاوەنی دوو منداڵن.

ژیانی تایبەتی

کامالا هاوسەری دۆگلاس ئیمهۆف Douglas Emhoffـە کە پارێزەرێکی ئەمریکییە، سەرەتا لە ساڵی ٢٠١٣ یەکیان ناسیوە، دۆگلاس خاوەنی دوو کچە لە هاوسەری یەکەمی، کە ناویان کۆڵ Cole Emhoff و ئێلا Ella Emhoffـە، و لە ٢٢/٨/٢٠١٤ هاوسەرگیرییان کرد.

کارەکانی

سەرەتای ئەزموونی کارەکانی کامالا هاریس لە نوسینگەی دادوەریی هەرێمی ئەلامێدا لە کالیفۆرنیا دەستیپێکرد لە ساڵی ١٩٩٠ تا ١٩٩٨، پاشان کرایە یاریدەدەری دادوەری هەرێمی لە سانفرانسیسکۆ، دواتر و لە ساڵی ٢٠٠٣ وەک دادوەری هەرێمیی سانفرانسیسکۆ هەڵبژێردرا، دواتریش لە نوسینگەی دادوەریی شاری سانفرانسیسکۆ وەک سەرۆکی بەشی تایبەت بە داواکانی پەیوەست بە منداڵان و بابەتە خێزانییەکان دامەزرا پاشانیش دوو جاری دوابەدواییەک وەک دادوەری گشتیی کالیفۆرنیا هەڵبژێردرا لە ٢٠١٠ و پاشان لە ٢٠١٤، هەروەها لە ٢٠١٧ تا ٢٠٢١ یش وەک ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا خزمەتی کردووە و لە ئێستادا (٢٠٢٢) جێگری سەرۆکی وڵات جۆ بایدن'ە.

ئەو کاتەی کە لە هەرێمی ئەلامێدا جێگری دادوەری هەرێمەکە بوو، بەهۆی کارکردن لەسەر کەیسەکانی تایبەت بە توندوتیژیی چەتەکان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر و توندوتیژیی سێکسییەوە ناوبانگێکی باشی پەیدا کرد، دوای ئەوەی لە ٢٠٠٣ بە دادوەری هەرێمیی سان فرانسیسکۆ دیاریکرا، کامالا پلانێکی داهێنەرانەی دانا بۆ ئەو کەسانەی کە یەکەم جاریانە توشی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەبن، گوتی ئەو کەسانەی کە بۆ یەکەم جار تووشی ئەو بارودۆخە دەبن دەرفەتی بەدەستهێنانی خوێندنی ئامادەییان هەیە و هەلی کاریشیان بۆ دابیندەکرێت، پرۆگرامەکە لەلایەن وەزارەتی دادی ئەمریکییەوە خرایە بواری جێبەجێکردنەوە. کارێکی دیکەی ئەوەبوو دژی ئەو یاسایە وەستایەوە کە لە ساڵی ٢٠٠٨ دەرچوو و قەدەغەی دەکرد دوو کەسی هەمان ڕەگەز هاوسەرگیری بکەن و وای کرد کە لە ساڵی ٢٠١٣ یاساکە هەڵبوەشێتەوە.

لە ساڵی ٢٠١٠ کامالا وەک دادوەری گشتیی کالیفۆرنیا دیاریکرا کە بەرزترین پێگەی دادوەریی سەر ئاستی ویلایەتێک بوو، دوای دامەزراندنی یەکەم فەرمەنگەی تایبەت بە مافەکانی منداڵ دامەزراند و چەندین چاکسازیی ئەنجامدا کە لەوەوپێش نەکرابوون بەو مەبەستەی شەفافیەتی بابەتەکان و ئاستی متمانە بە سیستمی دادگاکان زیادتر بێت، وەک دادوەری گشتیی ناوچەکە کامالا بە هاوکاریی بانکەکانی ناوچەکە بڕی ٢٠ ملیار دۆلاری وەک قەرزی بچووک بۆ ئەو دانیشتووانانەی کالیفۆرنیا تەرخان کرد کە ماڵەکانیان دەستیبەسەرداگیرابوو تاوەکو بتوانن کرێکانیان بدەن و کرێکانیان لەسەر سووک بکات، هەروەها ١.١ ملیار دۆلاریشی بۆ ئەو خوێندکار و پسپۆڕانە تەرخان کرد کە لەلایەن کۆمپانیای وەبەرهێنەر بواری پەروەردەوە بۆ مەبەستی تایبەتیی خۆیان بەکارهێنرابوون، پشتگیریی چەسپاندنی یاسایەکی کرد بۆ باشترکردنی کەرتی تەندروستی کە تێچوویەکی کەمی هەبوو و یاسای پاراستنی ژینگەی دەرکرد و ڕۆڵی بوو لەو هەوڵانەی کە بۆ یەکسانیی لە هاوسەرگیریدا دران.

لە ساڵی ٢٠١٧ کامالا هاریس وەک ئەندامی ئەنجوومەنی پیران سوێندی یاسایی خوارد، لە یەکەم وتاریدا بەڵێنی پاراستنی کۆچبەرانی دا لە سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ Donald Trumpـی سەرۆکی وڵات، وەک ئەندامێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی و کاروبارە حکوومییەکان لە ئەنجومەنی پیران، لەپێناو دەستەبەرکردنی ژیانێکی پارێزراو بۆ کۆچبەرانی نایاسایی و داوای کرد لە ناوەندەکانی ڕاگرتنی کۆچبەراندا ئەو حاڵەتانەی زۆر گرنگ نین فەرامۆشبکرێن و لەسەریان قورس نەکرێت، هەر لەو پێگەیەیشەوە وەک ئەندامێکی ئەنجوومەن کاری لەسەر بابەتە ژینگەیی و گشتییەکان کردووە، بە نموونە کاری لەسەر چاکسازی کردن لە بڕی کەفالەت و کەمکردنەوەی کرێی خانووبەرە یاخود هاوکاریکردنی کرێچییان لەلایەن حکومەتەوە و باشترکردنی چاودێریی تەندروستیی دایکان هەروەها ئاماژە کردن بە مەترسییەکانی کەشوهەوا، هاوشێوەی هەموو ئەو پۆستانەی پێشووتر کە وەریگرتبوو، کامالا لە وتەیەکیدا دەڵێت "دایکم سەیری دەکردم و پێی دەگوتم، کامالا تۆ دەبیتە یەکەم کەس لە زۆر بواردا شتانێک بکەیت کە نەکراون، بەڵام کارێکی وابکە کە کۆتا کەسیش نەبیت".

یاساکەی کامالا کە بە هاوکاریی جووت حیزبی دەسەڵات هەوڵی بۆ دابوو کە (دژی لە سێدارەدان بوو بێ دادگاییکردن) لە ساڵی ٢٠١٨ لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانەوە پەسەندکرا، هەروەها یاسای پاراستنی کۆلێژ و زانکۆکانی (ئەفریقی-ئەمریکییە) ڕەشپێستەکانیش بوو بە یاسا، هاوشێوەی هەوڵەکانی دیکەی بۆ دابینکردنی بڕە پارەی پێویست بۆ ئەو ناوچانەی کەمدەرامەت بوون لە ماوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، لە ١١/٨/٢٠٢٠ کامالا هاریس داواکارییەکەی سەرۆک بایدنی پەسەند کرد بۆ ئەوەی ببێتە هاوبەشی لە کابینەی حکومەتدا و یارمەتیی بدات لە یەکخستنەوەی وڵاتدا. لە ٢٠/١/٢٠٢١ سوێندی یاسایی خوارد و پۆستەکەی گرتە دەست، تا ئێستا بەردەوامە.

خەڵات و ڕێزلێنان

-  ٢٠٠٥ لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوەیی داواکاری ڕەشپێستەکان خەڵاتی Thurgood Marshall Awardـی پێدرا (Thurgood Marshall یەکەم کەسی (ئەفریقی-ئەمریکی) بوو کە ئەندام بێت لە دادگای باڵای تێهەڵچوونەوەی ئەمریکا).
-  ساڵی ٢٠٠٨ ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز (New York Times) بە کەسێکی بەتوانا و شیاوی سەرۆکی وڵات ناویان هێنا و بە "جەنجاوەرە سەرسەختەکە" ناویان برد.
-  لە ساڵەکانی ٢٠١٣،٢٠٢٠،٢٠٢١ لە ڕۆژنامەی تایم (Time) دا کامالا لە ڕیزی کاریگەرترین ١٠٠ کەسی جیهاندا بوو.
-  ساڵی ٢٠١٦ لەلایەن ناوەندی دادی ٢٠/٢٠ کە پێکهاتوون لە ٢٠ کەسی سەر بە کۆمارییەکان و ٢٠ کەسی سەر بە دیموکراتەکان و ئامانجیان باشترکردنی سیستمی دادگاکانە خەڵاتی (دادپەروەریی نێوان دوو حیزبی دەسەڵات)یان بەخشی بە کامالا هاریس و تیم سکۆت Tim Scottـی ئەندامی ئەنجوومەنی پیران. 
-  ٢٠٢٠ یش هاوشانی سەرۆک بایدن لەلایەن ڕۆژنامەی تایمەوە بە کەسایەتیی ساڵ هەڵبژێردران.

بڵاوکراوەکانی

-  یەکەم کتێبی بە هاوبەشی لەگەڵ Joan O’C Hamilton نووسی لە ساڵی ٢٠٠٩ بوو بە ناوی Smart on Crime: A Career Prosecutor's Plan to Make Us Safer.
-  دووەم کتێبی لە ساڵی ٢٠١٩ بە ناوی Superheroes are Everywhere.
-  سێیەم کتێبی لە ساڵی ٢٠١٩ بوو بە ناوی The Truths we hold: An American Journey


سەرچاوەکان



780 بینین