سەرتاش

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم - به‌روار: 2022-01-03-15:00:00 - کۆدی بابەت: 7479
سەرتاش

ناوه‌ڕۆك

سەرتاش کێیە؟

سەرتاش (بە ئینگلیزی: Barber)، ئەو کەسەیە کە قژی پیاوان دەبڕێت و بۆیان دادەهێنێت و جوانکاریان بۆ دەکات، هەروەها ڕیش و دەموچاویان بۆ چاک دەکات، لە ڕابردوودا سەرتاشەکان لەگەڵ پیشەکەی خۆیان پیشەی پزیشکیشیان کردووە و نەشتەرگەرییان ئەنجام داوە، بەڵام دواتر بە بڕیارێکی گشتی ئەم دوو پیشەیە لەیەکتر جیاکرانەوە، سەرتاش یەکێکە لە کۆنترین پیشەکانی مرۆڤایەتی و مرۆڤ هەر لە سەرەتای بوونیەوە گرنگی بە خۆی و بە جوانی و ڕێکوپێکی خۆی داوە، هێمای ناسینەوەی دوکانی سەرتاش (سەرتاشخانە) تا ئێستاش وەک خۆی ماوە و گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە کە ئەویش ستونێکی پێچخواردووی شریتییە ڕەنگەکانی سور و سپییە و بە پێچەوانەوە دەسوڕێتەوە.

پێداویستییەکانی سەرتاش

چەندین ئامڕازی باو هەیە کە سەرتاش لە کاتی پیشەکەیدا بەکاریدەهێنێت و ئامڕازەکان لەلایەن چەندین کۆمپانیای بەناوبانگەوە بەرهەم دەهێنرێت:

پێداویستییەکانی سەرتاشین

  • سپڕای ئاو: بوتڵێکی پلاستیکی پرژاندنی ئاوە کە بۆ تەڕکردنی قژ پێش بڕین بەکاردێت.
  • شانەی تایبەت: ئەم شانەیە تایبەتە بە سەرتاشەکان و شێوەی جیاوازە و ددانەکانی نەرمە و لە شانەی ئاسایی ناچێت.
  • مقەست: بۆ بڕینی قژ و مووە درێژەکان و پێدانی کۆتا فۆڕم و ستایل بە قژەکە بەکاردێت.
  • مەکینەی نەرمکەرەوە: ئەمە ئامێرێکی کارەباییە کە لەڕێگەی بارگاوی کردنەوە کاردەکات و بەکاردێت بۆ بڕینی قژ بە چەند پلەیەک تا "سفرکردن" واتە لێکردنەوەی مووەکان بە تەواوی.
  • مووس: بەکاردێت بۆ ڕێککردنەوەی لاجان و قەنافزەکان و لێکردنەوەی تاڵە مووە سووتا و زیادەکان بەتایبەتی پشتی مل و خوارەوەی مل.
  • کرێمی قژ یان جێڵ: ماددەیەکی شێوە کرێمی یاخود لینج و خەستە، بەکاردێت بۆ چاککردن و وەستاندنی شێوەی قژ و ڕازاندنەوەی.

پێداویستییەکانی ڕیش تاشین

  • جانتای چەرم یان کەتان: گیرفانەکانی ئەم جانتایە بەکاردێت بۆ هەڵگرتنی ئامێرەکان تا پارێزراو بن و وون نەبن.
  • کرێمی ڕیش تاشین: ئەم کرێمە پێش لێکردنەوەی مووەکان بەکاردێت بە مەبەستی شێدارکردنەوەی پێستەکە و لێکردنەوەی مووەکان بە ئاسانی، بە چەندین شێوە بەردەستە وەک کرێم یاخود کەف.
  • گوێزان: ئامێرێکە بە چەند شێوەیەک بەردەستە وەک، پلاستیک یاخود کانزا، جووتێک تیغی کانزایی تێدایە بەکاردێت بۆ تاشین و نەرمکردنی ڕوومەت و چەناگە.
  • پاودەری پێش ڕیش تاشین: بەرهەمێکی جوانکارییە بەکاردێت بۆ نەرم کردنی پێست و ڕێگری کردن لە بریندارکردن و ڕووشاندن بە گوێزان.
  • مەکینەی نەرمکەرەوە: ئەم ئامێرە لە شێوەدا هاوشێوەیە لەگەڵ مەکینەی لێکردنەوەی قژ، بەڵام سەرە کانزاییەکانی ئەم ئامێرە جیاوازترە بۆئەوەی بە ئاسانی بگاتە هەموو ناوچەکانی دەمووچاو وەک، سمێڵ.
  • مووس: ئامێرێکی زۆر تیژە بەکاردێت بۆ ڕێککردنەوە و چاککردنی ڕیش بە هەر جۆرێک بتەوێت بەڵام پێویستی بە وریاییەکی زۆر و مامەڵەیەکی ورد هەیە.
  • فڵچەی ڕیش تاشین: بەکاردێت بۆ بڵاوکردنەوەی کرێمی ڕیش تاشین بە ئاسانی و دابەشکردنی کرێمەکە بە یەکسانی بەسەر هەموو بەشەکانی دەمووچاودا.
  • قاپی کانزایی: بەکاردێت بۆ تەڕکردنی فڵچەی ڕیش تاشین پێش دابەشکردنی کرێمەکە.
  • مقەستی بچووکی کانزایی: بەکاردێت بۆ بڕین و کورت کردنەوەی مووی سمێڵ.


سەرچاوەکان



935 بینین