سەگی پشدەر

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-01-09-15:45:00 - کۆدی بابەت: 7545
سەگی پشدەر

ناوه‌ڕۆك

سەگی کوردی

سەگی پشدەر یان سەگی کوردی (بە عەرەبی: كلب بشدَر، بە ئینگلیزی: Pshdar dog)، یەکێکە لە جۆرەکانی سەگ و لە هەرێمی کوردستان لە ناوچەی پشدەر زۆرە، بۆیە بەو ناوەوە ناونراوە، زۆرینەی کات بۆ پاراستنی مەڕوماڵات و شەڕەسەگ بەکاردێت. شێوەی ئەم سەگە لە وێنەی ئاشوورییەکاندا هەیە. سەگەکە خاوەنی هێزێکی زۆرە و گەلێک چاونەترسە و دژی هەموو دژمنێک دەوەستێتەوە بەتایبەت هێرشی گیانلەبەری زەمینی.

مێژوو

کۆنترین سەگی ڕەسەنی ناوچەی ئاسیایە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٥,٠٠٠ ساڵ لەمەوپێش و لەلایەن ئاشوورییەکانەوە بەکارهێنراوە.

ڕواڵەت

جەستەی لە شێوەی ماسیدایە، لە پێشەوە پانە و لە دواوە باریکە، کە ئەمەش ڕێگەی پێدەدات بە خێرایی پێچ بکاتەوە و بسوڕێت سەرەڕای ئەوەی جەستەیەکی گەورەی هەیە. لە وێنە و مێژووی ئاشوورییەکاندا هاتووە کە ئەم سەگە بە ڕەنگەکانی (سوور، شینباو، ڕەش، سپی، زەرد) هەبووە، تووکیان کەمە و ڕووخسار و گوێیان نەرمە و خاوەنی پێستێکی شلن، لە هەموو سەگەکانی دیکەی ئاسیا بەهێزترن. شێوەی جەستەی وەک جەستەی شێر وایە و زۆر گەورە و درێژە.

کێش

نێرینەی ئەم جۆرە سەگە لە نێوان ٥٠ بۆ ٩٢ کیلۆگرامە، لە هەندێک حاڵەتی دەگمەندا دەگەنە ١٠٠ کیلۆگرام، مێیینەکانیش لە نێوان ٤٥ بۆ ٨٠ کیلۆگرامدان. بەرزیی سەگەکە تاوەکوو شانی لە نێرینەکاندا دەگاتە ٧٥ بۆ ٩٠ سانتیم، لە مێیینەکانیشدا لە نێوان ٧٠ بۆ ٨٥ سانتیمە.

شێوازی ھەڵسوکەوت

سەگی پشدەری ئێجگار دڕندەیە و ھەربۆیە دەبێت لە تەمەنی توتکەییدا یاساکانی فێربکرێت تا دواتر ھیچ گرفتێک بۆ خاوەنەکەی لە کۆمەڵگەدا دروست نەکات.

تەمەن

سەگی پشدەری ئەگەر زۆر لە شەڕدا بەژداری نەکات و جێگای خواردنی باش بێت، بە لایەنی زورەوە ٩ بۆ ١٣ ساڵ تەمەن دەکات. بەڵام ئەگەر لە شەڕدا برینداربێت و خواردنی باش نەبێت، شەش بۆ هەشت ساڵ تەمەن دەکات.


سەرچاوەکان



1339 بینین