تیمساح

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-01-13-13:24:00 - کۆدی بابەت: 7585
تیمساح

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

تیمساح (بە ئینگلیزی: crocodile)، گیانەوەرێکی وشکاوەکی گۆشتخۆرە، شێوەی دەرەوەی وەک ئەندامەکانی خێزانی مارمێلکەکانە، تیمساحەکان لە پلەی خشۆکەکاندا پۆلێندەکرێن، هەروەها پەیوەندییەکی بەهێزیان هەیە لەگەڵ داینەسۆرەکان کە لە سەدەکانی ڕابردوودا ژیاون، هەندێک شوێنەوار و بەبەردبووی تیمساحەکان دۆزراونەتەوە کە قەبارە و درێژییەکەیان زۆر لە تیمساحەکانی ئێستا زیاترە، هەروەها مێژووی هەبوونی تیمساح لەسەر زەوی دەگەڕێتەوە بۆ ٢٠٠ ملیۆن ساڵ پێش ئێستە، ئەم گیانەوەرە وشکاوەکییە دەتوانێت بۆ ماوەی یەک کاتژمێر لەژێر ئاودا بمێنێتەوە و هەناسەبدات، و زۆرینەی کاتەکانی لە ئاودا بەسەر دەبات بەڵام ئەگەر بڕواتە دەرەوە بۆ وشکانی ئەوا دوور ناکەوێتەوە لە کەناری ڕووبار و دەریاچەکەی یاخود نشینگە ئاوییەکەی، پێستی تیمساح یەکێکە لە ئەو ئاژەڵانەی کە زۆرترین خواستی لەسەرە بۆ دروستکردنی جلوبەرگ و شمەکەکان، بۆیە ژمارەیەکی زۆریان لەلایەن ڕاوچییە لێهاتووەکانەوە ڕاودەکرێن، بەهۆیەوە لە ئێستادا سێ لە جۆرەکانی مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە، یاسای قەدەغەکردنی ڕاوکردنیان دەرکراوە.

شێوەی دەرەوەی

یەکێکە لە قورسترین خشۆکەکان کە لە ئێستادا دەژی، و تیمساح شەویلگەی بەهێز و پتەوی هەیە کە ژمارەیەکی زۆر ددانی تێدا جێگیر بووە، و ژمارەیەکی زۆر ددانی هەیە، کاتێک ددانێکی دەکەوێت و نامێنێت دەتوانێت بە خێرایی بە ددانێکی نوێ جێگەی پڕبکاتەوە، ئەمەش بە درێژایی تەمەنی بەردەوامە و دەتوانێت لە ژیانیدا ٨٠٠٠ ددان بگۆڕێت، پەنجەی دەست و پێیەکانی تیمساح بە چڕنوکی تیژ کۆتاییان هاتووە، شێوازی ڕێکخستنە ناوازەکەی جەستەشی هاوکاری دەکات کە لووت و چاو و گوێچکەکانی لەسەر ڕووی ئاودا بن و هەموو بەشەکانی دیکە جەستەی لە ژێر ئاودا بشارێتەوە، خێراییەکەی لە ئاودا بۆ کاتژمێرێک دەگاتە ٣٢ کیۆمەتر، جەستەی تیمساح درێژ و گەورەیە بە پێستێکی ئەستوور و زبر ڕووپۆشکراوە، هەروەها کونیلە و دەرچەی تایبەتی بە ئارەقکردنەوە نییە بۆئەوەی پێستی بە شێداری بهێڵێتەوە، هەروەها توانای فرمێسک ڕژاندنی نییە، تەنها لە پشت پێڵوی چاوییەوە ڕژێنی هەیە، ئەم ڕژێنانە شلەیەک دەردەن کە هاوکاری دەکات لە پاککردنەوە و نەرمکردنەوەی چاوی و کەمکردنەوەی ژمارەی بەکتریاکان.

خۆراک

تیمساحەکان گیانەوەری گۆشتخۆرن، لەسەرەتای تەمەنیان بە خواردنی مێرووەکان دەستپێدەکەن، هەتا تەمەنیان دەگاتە نزیکەی ٢ ساڵ، دواتر ماسی و ئاژەڵەکانی دیکە ڕاودەکەن و دەیانخۆن، هەروەها توانای خواردن و بریندار کردنی گیانەوەرە قەبارە گەورەکان و مرۆڤیشی هەیە، بەهۆی پتەوی و بەهێزی شەویلگەکانییەوە کە ددانی بەهێز و درێژی تێدایە.

یەکگرتن و زۆربوون

تیمساحەکان لە ڕێگەی هێلکەوە زۆردەبن، مێینەکە هێلکەکانی دەخاتە هێلانە یان کون و درزەوە یان چاڵی بۆ هەڵدەکۆڵێت، دەکرێت ژمارەی هێلکەکان بگاتە ٥٠ دانە، دوای نزیکەی ٥ هەفتە بێچووەکان لە هێلکەکان هەڵدێن، هەروەها هەندێک لە تیمساحەکان دەتوانن یەکگرتن ئەنجام بدەن لە ئاودا، و دوای دانانی هێلکەکەی مێینەکە بۆ ماوەی ٨٠ ڕۆژ لەسەری دەمێنێتەوە، ڕەگەزی بێچووەکانیش بە گوێرەی پلەی گەرمی نشینگەکەی دەگۆڕێت، ئەگەر پلەی گەرمییەکەی ٣٠ پلەی سەدی بێت بێچووی مێینە دەبێت، بەڵام ئەگەر ٣١ پلەی سەدی بێت نێرەموک دەبێت، و لە ٣٢ پلەی سەدیدا بێچووی نێرینە لەدایکدەبێت، دوای لەدایکبوونیان درێژی بێچووەکان دەگاتە نزیکەی ٤٠ سانتیمەتر، و ساڵانە بە خێرایی گەشە دەکەن هەتا تەمەنیان دەبێتە ٥ ساڵ، دواتر گەشەکردنەکە هێواش دەبێتەوە، هەروەها ناوەندە ڕێژەی تەمەنی تیمساحەکان دەگاتە نزیکەی ٤٠ ساڵ.

جۆرە سەرەکییەکانی

  • تیمساحی زەلکاوەکا: لە چەندین وڵاتی کیشوەری ئاسیا دەژی، درێژی نێرینەکانی دەگاتە ٣ مەتر.
  • تیمساحی نیل: بە گشتی لە زۆرینەی ڕووبار و دەریاچە و سەرچاوە ئاوییەکانی کیشوەری ئەفریقا دەژی، گەورەترین تیمساحی ئەفریقایە و دووەم گەورەترین تیمساحی جیهانە، درێژی نێرینە پێگەیشتووەکانی دەگاتە ٣.٥ مەتر، و گەورەکانیش دەگەنە ٥.٥ مەتر.
  • تیمساحی مەکسیکی: لە ئەمریکای باشوور دەژی، بە زۆری لە وڵاتی مەکسیک هەیە.
  • تیمساحی فلیپینی: تەنها لە دوورگەکانی فلیپین دەژی و قەبارەیەکی تاڕادەیەک بچووکی هەیە، مەترسی لەناوچوونی زۆری لەسەرە، کە تەنها ١٠٠ دانەی پێگەیشتووی لە سروشتدا دەژین.
  • تیمساحی ئاوە سازگارەکانی ئوستوڕالیا: لە باکووری ئوستوڕالیا دەژی، جۆرێکی بچووکە و نێرینەکەی دەگاتە ٣ مەتر و مێینەکانیش ٢ مەتر.
  • تیمساحی لووت درێژ: لە ناوەڕاست و ڕۆژئاوای ئەفریقا دەژی، درێژییەکەی لە نێوان ٣-٤ مەتر دەبێت، بە تەنها دەژی تەنها لە وەرزی یەکگرتندا نەبێت کە لە یەکدی نزیک دەبنەوە.
  • تیمساحی ئەمریکی: لە ناوچەکانی باشووری ئەمریکای باکوور دەژی، درێژییەکەی دەگاتە نزیکەی ٦ مەتر.


سەرچاوەکان



1896 بینین