محەمەد ماملێ

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2022-02-10-08:45:00 - کۆدی بابەت: 7788
محەمەد ماملێ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

محەمەد ماملێ (بە ئینگلیزی: Mohammad Mamle) گۆرانیبێژ و مەقامبێژی بەناوبانگ، خاوەنی دەنگێکی ڕەسەن و چەندین گۆرانی و ئاوازی ڕەسەنی کوردی بووە، ناوی تەواوی محەمەد سەعید عەلییە، ناوی ماملێ بەھۆی خزمەت و ھەڵوێستی بنەماڵەی ماملێ کە لە مێژووی ھاوچەرخی نەتەوەی کورددا ھەیانبووە ناوێکی ناسراوە. بە ھۆی ھەندێک تایبەتمەندی و لەبەرچاوگرتنی کاتێکی تایبەت و چەند فاکتەرێکی بەرچاو، مامۆستا محمد ماملێ لە ناو نەتەوەی کورددا ناسراوترین ئەندامی ئەو بنەماڵەیەیە، لە زۆر گۆڤار و ڕۆژنامە و کۆڕ و پەرتووکدا نووسەران و چالاکڤانانی ڕامیاری و کولتووری ھەوڵیان داوە تا ئەو بنەماڵەیە بە گشتی و مامۆستا محەمەد ماملێ بە تایبەتی بناسێنن.

ژیاننامە

محەمەد ماملێ لە ٢ـی حوزەیرانی ساڵی ١٩٢٥ لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری مەهاباد بە ناوی (خڕێ)، لە دایکبووە. خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی پەھلەوی و سەعادەت لە مەهاباد تەواوکردووە، تا قۆناغی ٦ی بنەڕەتی خوێندووە. ماملێ سێ ژنی ھێناوە ھەروەھا خاوەنی حەوت کوڕ و دوو کچە. 

نازناوی ماملێ لە باپیرییەوە بۆی ماوەتەوە، وەک خۆی باسی دەکات کە باوکی نەخوێندەوار بووە و کاتێک سەرژمێری گشتی ھاتووە لێی پرسیوە ناوی خۆت و باوکت چییە ئەویش ووتویەتی سەعید مام عەلی، ئەوانیش نووسیویانە سەعید ماملی چونکە زمانی فارسی پیتی (ع) لە قسەکردندا بەکار ناھێنن ئیتر خەڵک لەو کاتە بە دواوە ھەر دەڵێن ماملێ.

ژیانی تایبەت

ماملێ ھەر لە سەردەمی لاوییەوە وەک ھونەرمەندێکی ئازادیخواز و لەلای خەڵک ‌خۆشەویست، دەرکەوتووە و بەپێی ئەرکی کۆمەڵایەتی و کوردایەتی، خۆی پێگەیاندووە. لەگەڵ ھیچ دارودەستە و تاقمێکی سەرەڕۆ و زۆردار، دانووی نەکوڵاوە، یەکێک بووە لە پێشمەرگەکانی کۆماری کوردستان و تا ئەو ڕۆژەی لە ژیاندابوو لەسەر ڕێبازی پێشەوای کوردان قازی محەمەد وەفادار ماوە. ماملێی نیشتمانپەروەر چەندین جار لەلایەن حکومەتی پادشایەتی محەمەد ڕەزا سوادکوهی بە دیل گیراوە.

زۆر سیاسەتمەدار و کەسانی ناسراو و خۆشەویستی نەتەوەی کورد لەسەر مامۆستا محەمەد ماملێ بۆچوونیان دەربڕیوە. کۆی هەموو دیمانەکان و نووسینەکان ئەمە پشتڕاست دەکەنەوە کە ماملێ کەسێکی نەتەوەیی بوو و هیچکات خۆی لە نەتەوەکەی و ئازارەکانیان  بەدوور نەگرتووە.

مامۆستا محەمەد ماملێ لە هزر و کردەوەدا نەتەوەیی بوو. ڕێزی لە هەر تاکێکی کورد بە بێ لەبەرچاوگرتنی ڕادەی دارایی، زانایی و ڕەچەڵەکی دەگرت، هەمیشە پاڵپشتی لە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەکەی دەکرد، یەکێک لە کوڕەکانی بە ناوی نەجات ماملێ لەگەڵ کۆمەڵێک لاوی بێتاوانی دیکەی شاری مەهاباد لەسێدارە دران، ماملێ سەرەڕای پەژارەیەکی زۆر، لە بەرامبەر سیستمی ستەمکاری ئێرانی نەچەمی و هیچ بایەخ و ڕەوایەتییەکی بەو حکوومەتە دژە مرۆڤییە نەدا.

کارەکانی

بنەماڵەی ماملێ ھەموویان لە سەرەتاوە تا ئێستا دەنگێکی پڕ جۆش و خرۆش و زوڵاڵیان ھەبووە، ھەر ئەم فاکتەیرەیش بووەتە ھۆی ئەوەی ھانی ئەم ھونەرمەندە بدات ھەر لە منداڵییەوە ھونەر بکاتە ھاوڕێی خۆی و ببێت بە یەکێک لە پێشەنگەکانی هونەری کوردی.

ئەم هونەرمەندە بلیمەتە لە ماوەی ٥٦ ساڵی ژیانی هونەرییدا نزیکەی ٣٢٨ گۆرانی تۆمار کردووە. یەکەم گۆرانی خۆی لە تەمەنی سێزدە ساڵی (ساڵی ١٩٣٨ی زایینی) بە فەرمی خوێندووە و یەکەم گۆرانی (ڕۆیی بەجێی ھێشتم)ـە، محەمەدی ماملێ، شیعری ژمارەیەک شاعیری گەورەی بە دەنگە خۆشەکەی خۆی کردووە بە گۆرانی، لەوانە شیعرەکانی وەفایی، هێمن موکریانی، ئەحمەد هەردی و گۆران و چەندانی تر.

جگە لە ئاواز و گۆرانییە ڕەسەنەکانی خۆی چەندین بەیت و گۆرانی فۆلکلۆریشی وتووەتەوە و دووبارە نوێی کردوونەتەوە.

خەڵاتی ماملێ

خەڵاتی ماملێ، وەک هێمایەکی ڕێزلێنان لە هونەرمەندانی کورد، لە ساڵی ٢٠٠٩ـەوە لەلایەن (وریا ماملێ)ی کوڕی (محەمەد ماملێ)ـوە دامەزراوە و ماوەی ١٣ ساڵە چالاکە، لەلایەن مەڵبەندی هونەریی (ماملێ)وە ساڵانە پێشکەش بەو هونەرمەندە ماندوونەناس و تێکۆشەرانە دەکرێت کە خزمەتی هونەری کوردییان کردووە و گەشەیان پێ داوە. 

لەماوەی ئەم چەند ساڵەدا خەڵاتی مەڵبەندی هونەریی ماملێ بە هونەرمەندانی کورد وەک: قادر عەبدوڵڵازادە (قالەمەڕە)، ئەندێریاس ئیسرائیل خەمۆ (باکووری)، عەباس کەمەندی، عەزیز شاهڕوخ، ناسر ڕەزازی، زۆزان، تیپی مۆسیقای سلێمانی، مەزهەر خالقی، خەلیل غەمگین، حوسێن سەفامەنێش، محەمەد ڕەزا دارابی، دڵشاد سەعید و کاوە فەقێ زادە، بەخشراوە.

کۆچی دوایی

ماملێ لەساڵی ١٩٩٤دا دوا گۆرانی خۆی تۆمار کرد، لەو ساڵەوە تووشی نەخۆشییەکی سەخت بوو و دوای پێنج ساڵ بەو نەخۆشییە کۆچی دوای کرد و لەپاش خۆی ناوبانگێکی گەورە و بنەماڵەیەکی هونەر پەروەر و خەرمانێ لە ئاواز و گۆرانی ڕەسەنی کوردی بۆ نەتەوەکەی جێدەهێڵێت. 

ماملێ رۆژی ٢٣/١/١٩٩٩ لە تەمەنی ٧٤ ساڵیدا لە مەهاباد کۆچی دوایی کرد و لە رێوڕەسمێکی زۆر شایستەدا هەر لە مەهاباد نێژرا.


سەرچاوەکان



917 بینین