یاریی مار و پەیژە 

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-02-14-16:32:00 - کۆدی بابەت: 7830
یاریی مار و پەیژە 

ناوه‌ڕۆك

یاریی مار و پەیژە چییە؟

مار و پەیژە یان یاریی زار و مار یاخود زار و پەیژە (بە عەرەبی: سلم و الحیة، بە ئینگلیزی: Ladder and Snake) یارییەکی کلاسیکی سادە و باوە، هەموو کەسێک توانای یاریکرنی ئەم یارییەی هەیە و زار له یارییەکە بەکاردەهێنرێت، یارییەکە لە نێوان دوو کەس یان زیاتر ئەنجام دەدرێت، یاریی زار و مار لە پارچە کاغەزێک یان پارچە کارتۆنێکی چوارگۆشەیی قەبارە مامناوەند پێکهاتووە، دابەشکراوەتە سەر 100 چوارگۆشەی بچووک، لە ژمارە یەک تاکوو ژمارە سەد لەو چوارگۆشە بچووکانەدا جێگیر کراون، لەسەر پارچە کاغەزەکە وێنەی پەیژە و مار نەخشێنراون کە دوو ژمارە بەیەکەوە دەبەستنەوە، پەیژەکە ئاستی ژمارەی کەم بەرز دەکاتەوە بۆ ئاستێکی بەرزتر، مارەکە بە پێچەوانەوەیە ئاستی ژمارەی بەرز دادەگرێت بۆ ژمارەی نزمتر و کەمتر، بەپێی ئەو ژمارەیەی لەسەر زارەکە دەردەچێت بە شێوەی ئاسۆیی پارچەی یاریکردنەکە لەسەر پارچە کارتۆنەکە دەجووڵێنیت و دەیخەیتە سەر هەر ژمارەیەکی سەر پارچەکە کە لەسەر زارەکە بۆت دەرچووە.
ئەم یارییە بەهۆی سادەیی و ئاسانییەکەی لەلای منداڵان زۆر پەسەندە لە ڕێگەیەوە دەکرێت فێری ژمارەکان بێت، هەر لەبەر هەمان هۆکار یارییەکە لە نێو پێگەیشتواندا زۆر ڕەواجی نییە چونکە ئاسانە و هیچ تەکتیکو شێوازێکی پێویست نییە، زیاتر بەندە بە شانس و بەختەوە.
لە ئێستادا بە شێوەی یاریی ئەلیکترۆنی لە ئامێرە زیرەکەکاندا ئەم یارییە بەردەستە. 

مێژووی یارییەکە

ـ بنچینەی ئەم یارییە دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتی هیندستان، لەدوای داگیرکردنی وڵاتی بەریتانیا بۆ ئەو وڵاتە یارییەکە لە ئەورووپا بڵاوبووەتەوە.
ـ دوای ئەوەی بەشێوەیەکی فراون ئەم یارییە لە بەریتانیا بڵاوبووەوە، لەلایەن نووسەری ئەمریکی "مێلتۆن برادلی" یارییەکە گواسترایەوە بۆ ئەمریکا.


سەرچاوەکان



970 بینین