ڕۆڵی ڕەنگەکان لە ڕیکلام کردن و بازاڕکردندا 

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-03-05-14:10:00 - کۆدی بابەت: 7927
ڕۆڵی ڕەنگەکان لە ڕیکلام کردن و بازاڕکردندا 

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هەر بەرهەمێکی سەرکەوتووی جیهان بەند و پەیوستە بە چەند لایەن و بوارێکی گرنگەوە، هەڵبژاردنی ناو و شێوە و ڕەنگی لۆگۆ و مارکەی بەرهەمەکە کاریگەرییەکی بەرچاویان هەیە لە بەرەوپێشچوون و گەشەسەندن و دروستکردنی کاریگەری لەسەر بەکارهێنەر، هەڵبژاردنی ڕەنگی گونجاو و ڕێک یارمەتیدەرێکی سەرەکی کۆمپانیاکانە لە دروستکردنی پەیوەندییەکی قوڵ و کاریگەر لەگەڵ کڕیار و بەکارهێنەرانیان بە تایبەتی لە ڕووی دەروونییەوە.

کاریگەری و ڕۆڵی ڕەنگ لە ڕیکلام و بازاڕکردندا

بەپێی زانست و سایکۆلۆجیای ڕەنگەکان، مێشکی مرۆڤ بە شێوازی جۆراوجۆر لەگەڵ ڕەنگەکان کارلێک دەکات و کاردانەوە دروست دەکات، بۆیە هەر ڕەنگێک بە شێوەیەکی جیاواز کاریگەری دەکاتە سەر هەست و سۆز و کاردانەوەی مرۆڤ، ئەو کاریگەرییەش ناجێگیر و گۆڕاوە و بەندە بە ڕەگەز و تەمەن، کولتوور، کەسایەتی و ئەزموون و یادەوەریی کەسەکانەوە.
توێژەری ناودار "فابەر بیرێن" لە توێژینەوەیەکیدا ئەوەی سەلماندووە کە پەیوەندییەکی پتەو هەیە لەنێوان ڕەنگەکان و هەر دۆخێکی دەروونی کە مرۆڤ پێیدا تێپەڕ دەبێت، واتا لە هەندێک بارودۆخدا هەمان ڕەنگ کاریگەرییەکی دیاریکراو دەکاتە سەر چەند کەسێک کە کولتوور و کەسایەتی هەمەجۆریان هەیە.
هەروەها بەپێی توێژینەوەیەکی "Colorcom" دەرکەوتووە لە ئێستادا بەکارهێنەران بە ناڕاستەوخۆ و بە ناهۆشیاریی و خۆڕسکانە لە ماوەی 90 چرکەدا بڕیاری سەرەتایی لەسەر شتەکانی دەوروبەریان دەدەن، بڕی 62% بۆ 90% ئەم هەڵسەنگاندنە پشت بە ڕەنگی ئەو شتە دەبەستێت کە بڕیاری لە بارەوە دەدەن.
لە لۆگۆ و مارکەی کۆمپانیا و بەرهەمە بازرگانییەکاندا هێز و کاریگەریی ڕەنگەکان دوو لایەنەیە، لایەنی یەکەم بە هەست و سۆزەوە پەیوەستە کە لە ڕێگەی ڕەنگێکی دیاری کراوەوە بەکارهێنەر هەستێکی دیاریکراوی بەرامبەر بەرهەمەکە بۆ دروست دەبێت، لایەنی دووەم بەندە بە ئاستی پڕاکتیکی، دەکرێت ڕەنگێکی دیاریکراو تایبەت بێت بە لۆگۆی کۆمپانیایەک لە ڕێگەی ئەو ڕەنگەوە بەکارهێنەران ئەو کۆمپانیا یان ئەو بەرهەمە دەناسنەوە.

هۆکاری بەکارهێنانی چەند ڕەنگێک لە لۆگۆ و مارکە جیهانییەکان 

ڕەنگی سوور

لە ڕووی دەروونییەوە ڕەنگی سوور یەکێکە لە بەهێزترین ڕەنگەکانی شەبەنگی بینراو، هەروەها یەکێکە لە ڕەنگە سەرەکییەکان و هێمای خۆشەویستی و هەست و سۆز و توڕەییە.
زۆرێک لە کۆمپانیا و مارکە جیهانییە سەرکەوتووەکان ئەم ڕەنگەیان بەکارهێناوە، بە تایبەتی کۆمپانیاکانی تایبەت بە خواردن و خواردنەوە، چونکە بەپێی توێژینەوەکان دەرکەوتووە کە ڕەنگی سوور خێرایی دڵ و ئارەزووی خواردن زیاد دەکات، نموونەی زنجیرە خواردنگەکانی "ماگدۆناڵدز" و "کۆکاکۆلا" کە ڕەنگی سووریان لە لۆگۆکانیان بەکارهێناوە.
کۆمپانیای "ڤۆدافۆن"ـی بەریتانی کە تایبەتە بە خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندی کردن، ڕەنگی سووری لە لۆگۆکەی بەکارهێناوە بەهۆی ئەوەی ئاماژەیە بۆ ڕەنگی هەستەکان و پتەوکرنی پەیوەندییەکان.
زنجیرە بازاڕەکانی "تارگێت" لە ئەمریکا نموونەیەکی ترە کە هەمان ڕەنگی لە لۆگۆکەی بەکارهێناوە، چونکە ڕکابەرەکەی کە زنجیرە مارکێتەکانی "ووڵ مارتە" لە لۆگۆی مارکەکەی ڕەنگی شینی بەکارهێناوە. 

ڕەنگی سەوز

لە دەروونناسیدا ڕەنگی سەوز بەهۆی ئەوەی وێنەدانەوەی سروشتە، ڕەنگێکە هەستی چالاکی و تەندروستی دەبەخشێت و ئاسوودیی و ئارامی دەداتە چاوەکان.
کۆمپانیای "ئای هێرب" کە بارەگاکەی لە کالیفۆرنیایە و کۆمپانیایەکی تایبەتە بە کڕینی شتومەکی ئۆنڵاین بە تایبەتی بەرهەم و دەرمانی سروشتی و تەندروست، لۆگۆکەی ڕەنگی سەوزێکی زەردکارە چونکە لەگەڵ ناوەڕۆکی کۆمپانیاکە گونجاوە و ئاماژەیە بۆ هێز و تەندروستی و سروشت.
کۆمپانیای ستارباکس کە لە هەموو جیهاندا ناسراوە ڕەنگی سەوزێکی کاڵی هێمن لە لۆگۆی کۆمپانیاکە بەکارهاتووە، وەکوو ئاماژەیەک بۆ سروشت و هێمنی. 

ڕەنگی شین

چەند پلە و ئاستێکی هەیە، لە زۆرێک لە کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیا و ئۆتۆمبێل بەکارهاتووە، چونکە لە ڕووی دەروونییەوە ئەم ڕەنگە تا ڕادەیەک پەیوەستە بە هێزی زیرەکی و متمانە و داناییەوە.
کۆمپانیای سامسۆنگ کە باگڕاوەندی شینی بەکارهێناوە ئاماژەیە بۆ ئارامی و باوەڕبەخۆبوون.
سۆشیاڵ میدیاکان نموونەی فەیسبووک و تویتەر کە ڕەنگی شینیان بەکارهێناوە چونکە هێمای داهێنان و کاری نوێ و زیرەکییە.
هەروەها چونکە ڕەنگی شین هێمایە بۆ باوەڕبەخۆبوون و متمانەپێکردنە، بۆیە زۆرێک لە دامەزراوە داراییە جیهانییەکان پلەکانی ڕەنگی شینیان لە لۆگۆکانیان بەکارهێناوە، نموونەی "بانکی نەتەوە یەکگرتووەکان"، "بانکی ئەمریکا" و "بانکی چیک".

ڕەنگی شین لە لۆگۆی چەند خواردنەوەیەکی گازی و خواردنەوە وزە بەخشەکان بەکارهێنراوە نموونەی "بیپسی"، خواردنەوەی وزە بەخشی "XL" و بتڵی ئاوی کانزاکان، چونکە ڕەنگی شین هەستی ساردی و وزە دەبەخشێتە کەسەکان.

ڕەنگی زەرد

ڕەنگی زەرد هێمای گەشبینی و ئەرێنیی و گەنجێتییە، بۆ سەرنجڕاکێشانی بەرامبەر بەکاردەهێنرێت.
کۆمپانیای "نیکۆن" کە تایبەتە بە ئامێرە تەکنەلۆجییەکان ڕەنگی زەردی لە لۆگۆکەی بەکارهێناوەچونکە ئاماژەیە بۆ فراوانبوونی هەستەکان و سەرنجڕاکێشانی دەوروبەر.


سەرچاوەکان



1050 بینین