ناوهڕۆك
سەرەتا
کلکدارەکان (بە ئینگلیزی: Comet) پێکهاتەی سەهۆڵیین کە لە گازی بەستوو، بەرد و پاشماوەی تۆزی کاتی درووستبوونی سیستمی خۆر پێکدێن، واتە تەمەنیان بە نزیکەیی ٤.٦ ملیار ساڵە. لە خولگەی هێلکەییدا بە دەوری خۆردا دەسوڕێنەوە کە بۆ تەواوکردنی هەر خولێک بە نزیکەیی پێویستییان بە سەدان بۆ هەزارەها ساڵ هەیە.
مێژووی کلکدار
لە کۆندا کلکدارەکان هەم بوونەتە هۆی بڵاوکردنەوەی ترس هەم ئاگادارکردنەوە. "ئەستێرە توکنەکان" بە شمشێری ئاگرین چوێنراون کاتێک لەناکاو لە ئاسماندا دەرکەوتوون. هەندێکجار کلکدارەکان بە نیشانەی نەفرەت دانراون، وەکو داستانی گلگامش، کە تێیدا باسی ئاگر، لافاو، بۆنی گۆگرد کراوە بەهۆی دەرکەوتنی کلکدارێکەوە.
هەروەها ئیمپراتۆری نیرۆی ڕۆمانییەکان، خۆی ڕزگارکردووە لە نەفرەتی کلکدارێک بە کوشتنی هەموو جێنشینەکانی کە دوای ئەو دەسەڵاتیان وەردەگرت. ئەم ترسە لە کلکدار تەنها لە ڕابردوودا نەبووە، ساڵی ١٩١٠، خەڵکی شیکاگۆ هەموو پەنجەرەی ماڵەکانیان قەپات کرد بۆ ئەوەی خۆیان بپارێزن لەو شتەی پێیان دەوت کلکی ژەهراوی کلکدارەکە.
بۆ ماوەی سەدان ساڵ زاناکان پێیان وابووە کلکدارەکان بە ناو بەرگە هەوای زەویدا تێپەڕ دەبن، بەڵام لە ساڵی ١٥٧٧ ئەستێرەناسێکی دانیمارکی ئەوەی ئاشکرا کرد کە کلکدارەکان زۆر لەو دیوی خولگەی مانگیشەوە تێپەڕ دەبن.
دواتر ئیسحاق نیوتن ئەوەی دۆزییەوە کە کلکدارەکان لە خولگەی هێلکەیی بە دەوری خۆردا دەسوڕێنەوە و دەتوانرێت بە ڕاستی پێشبینی ئەوە بکرێت دووبارە و دووبارە دەردەکەونەوە.
ئەستێرەناسە چینییەکان خاوەنی تۆماری گرنگ و زۆرن سەبارەت بە کلکدارەکان، بۆ نموونە تۆماری چاودێریکردنی کلکداری هاڵی کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٢٤٠ ساڵ پێش زاین.
کلکدارەکان چۆن دروست دەبن؟
کاتێک کلکدارێک لە خۆر نزیک دەبێتەوە، زۆر بە خێرایی گەرم دەبێت بە شێوەیەک سەهۆڵەکە کە لە دۆخی ڕەقیدایە ڕاستەوخۆ دەگۆڕێت بۆ گاز. گازەکە لە هەڵمی ئاو، یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن، دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و پێکهاتەی تر پێکدێت لە کۆتاییدا شێوەی کلکێک پێک دەهێنێت، شێوەی کلکەکەی بە هۆی بای خۆریی و ڕووناکی خۆرەوە دیاری دەکرێت و هەمیشە ئاڕاستەی کلکەکە پێچەوانەی خۆرە و دوور دەکەوێتەوە لە خۆر. هەتا کلکدارەکە نزیکتر ببێتەوە لە خۆرەکە درێژی کلکەکەی زیاد دەکات هەندێکجار لەوانەیە بگاتە ملیۆنەها کیلۆمەتر.
هەندێک لە کلکدارەکان لە کاتی تێپەڕبوونیان بە نزیک خۆردا، دەتوانرێت بە چاوی ئاسایی ببینرێن چونکە کلکدارەکە وزەی ڕووناکی خۆر دەداتەوە یان بەهۆی هەڵمژینی وزەی خۆرەوە دەدرەوشێنەوە، لەهەمان کاتدا، زۆربەی کلکدارەکان زۆر بچووکن یان زۆر کاڵن بە بێ تەلیسکۆب نەبێت نابینرێن.
بەشەکانی کلکدار
هەندێک لە کلکدارەکان خولگەکانیان زۆر نزیکیان دەکاتەوە لە خۆر، بە نزیکبوونەوەشیان لە خۆر سەهۆڵەکەیان دەتوێتەوە و چەند پێکهاتەیەکی جوان پێکدەهێنێت. پێکهاتەکان بریتین لە:
- کڕۆک: کرۆکی کلکدار لە پێکهاتەی سەهۆڵ و بەردین پێکهاتووە، کرۆکی زۆربەیان نیوەتیرەکەی ١٠ بۆ ١٠٠ کیلۆمەتر دەبێت. کڕۆکی کلکدار بە یەکێک لە تاریکترین پێکهاتەکانی سیستمی خۆر دادەنرێت، بە شێوەیەک تەنها لە سەتا چواری ئەو ڕووناکییە دەداتەوە کە بەری دەکەوێت.
- کۆما: ئەو هەورە گازییەی لە دەوری کڕۆکەکەی دروست دەبێت کاتێک کلکدارەکە گەرم دەبێت پێی دەوترێت کۆما. گازەکان تێکەڵەیەکن لە هەڵمی ئاو، ئامۆنیا، دووەم ئۆکسیدی کاربۆن.
- کلکی تۆزیی: کلکی تۆزیی پێکهاتووە لە گاز و پێکهاتەی تۆزی بچووک کە سەرچاوەکەی کڕۆکی کلکدارەکەیە دوای گەرمبوونی. کلکی تۆزیی ئەو بەشەی کلکدارەکەیە کە لە هەموویان زیاتر بە چاو دەبینرێت و تێبینی دەکرێت.
- کلکی ئایۆنی: کلکی ئایۆنی تەوژمێکە لە گازی ئایۆنی (بارگەدار) کە ڕاستەوخۆ لە خۆرەوە دەردەچێت لە ئەنجامی بەرکەوتنی کلکدارەکە بە بای خۆریی.
هەموو کلکدارەکان بە دەوری خۆردا دەسوڕێنەوە
کلکدارەکان شێوە و قەبارەی جیاوازییان هەیە بەڵام هەموویان بە دەوری خۆردا دەسوڕێنەوە، ئەو کلکدارانەی کە بە ماوەیەکی کەم سوڕێک بە دەوری خۆردا تەواو دەکەن، دەکەونە پشتێنەی کایپەرەوە، ئەم پشتێنەیە ناوچەیەکە لە شێوەی دیسکدا پێکهاتووە لە پێکهاتەی سەهۆڵی دەکەوێتە پشتی خولگەی هەسارەی نیپتۆنەوە، کلکدارەکانی ئەم پشتێنەیە بە کەمتر لە ٢٠٠ ساڵ سوڕێک تەواو دەکەن.
ئەو کلکدارانەی بە ماوەیەکی زۆر سوڕێک بە دەوری خۆردا تەواو دەکەن دەکەونە ناو هەوری ئۆرتەوە، ناوچەیەکە کە هەزارەها جار دوورترە لە پشتێنەی کایپەر و دەکەوێتە نزیکەی قەراغی سیستمی خۆرییەوە. کلکدارەکانی هەوری ئۆرت ملیۆنەها ساڵیان دەوێت بۆ تەواوکردنی سوڕێک.
ژمارەی کلکدارەکان
لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٢١ ناسا ڕایگەیاند کە ژمارەی زانراوی کلکدارەکان ٣،٧٤٣ دانەیە. لە کاتێکدا ملیارەهای تریش لە هەورەکانی ئۆرت و پشتێنەی کایپەردا بە دەوری خۆردا دەسووڕێنەوە و گومان دەکرێت ژمارەیەکی زۆریشیان ناچالاک بن.
بەناوبانگترین کلکدارەکان
- کلکداری هاڵی: لە ساڵی ١٧٠٥، کاتێک زانا ئێدمند هاڵی خەریکی لێکۆڵینەوە بوو لە خولگەی هەندێک لە کلکدارە ناسراوەکان، ئەوەی دۆزییەوە ئەو کلکدارەی لە ساڵی ١٥٣١، ١٦٠٧ و ١٦٨٢ بینراوە هەرسێکیان هەمان کلکدار بوون. لە ئەنجامی ئەو دۆزینەوەیە کلکدارەکە بە ناوی زاناکەوە ناونراوە، هەروەها هەر ٧٥ بۆ ٧٦ ساڵ جارێک دەردەکەوێتەوە
- کلکداری هەیڵ-بۆپ: ئەم کلکدارە بەهۆی تەریقەتێکەوە کە لە کالیفۆڕنیا دەمەزرابوو، بەناوبانگ بوو. تەریقەتەکە بانگەشەی بۆ ئەوە دەکرد کە ئەم کلکدارە کەشتی بۆشایی ئاسمانە. ئەم کلکدارە کۆتا جار ساڵی ١٩٩٧ بینراوە و تا ٢،٣٠٠ ساڵی تر دەرناکەوێتەوە. بە ناوی ئەو دوو زانایەوە ناونراوە کە دۆزیانەوە.
- کلکداری شومەیکەر-ڵێڤی ٩: ئەم کلکدارە بە SL9 ناسراوە، زنجیرەیەک کلکدار بوون هێزی کێشکردنی موشتەری کێشی کردن و بەمەش کەوتنە ناو خولگەیەکەوە دەستیان کرد بە سوڕانەوە بە دەوری موشتەریدا. خولگەکەی ئەم کلکدارە بە دەوری موشتەریدا ناڕێک بوو، هەر لە ئەنجامی ئەوەش لە ١٦ی تەمووزی ساڵی ١٩٩٤ کلکدارەکە خۆی کێشا بە هەسارەکەدا و تێکشکا. کلکدارەکە بە ناوی ئەو سێ زانایەوە ناونراوە کە دۆزیانەوە.