پەندی پێشینان

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم - به‌روار: 2022-04-07-22:10:00 - کۆدی بابەت: 8164
پەندی پێشینان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پەندی پێشینان (بە ئینگلیزی: Byword، بە عەرەبی: امثال شعبية)، بەشێکە لە ئەدەبی فۆلکلۆر، بریتییە لە چەند قسەیەکی کورت و پڕ واتا، کە بەیەکەوە نووساون و واتایەکی بەرزیان دروست کردووە، پەند بە ئەو ووتەیە دەگوترێت کە زۆر بڵاوە و لە ھەموو شوێنێک باوە، ئەمەش یان لەبەر ئەوەیە کە بیرێکی فەلسەفی قووڵ لەخۆدەگرێت یان لەبەر ئەوەی گوزارشت لە بنەڕەتێکی باوەڕگەیی دەکات، کە ئەمە زۆر جار بە داناییش ناودەبرێت، پەندی پێشینان ھەر یەکەیان وانەیەکی جوان دەخاتەڕوو کە سەیری دەکەین بە ھەموو لایەنێکی ژیاندا بڵاوبوونەتەوە، لە ھەموو بارێکدا ئەو کەسەی پەندەکەی گێڕاوەتەوە مەبەستی هۆشیارکردنەوە و فێرکردنی بەرامبەرەکەی بووە بۆ ئەوەی جارێکی تر ھەمان ھەڵەی پێشوو دووبارە نەکاتەوە یان ئەگەر ویستی کارێک بکات بزانێت لە کوێوە دەست پێبکات، زۆرجار ئەوانەی پەندیان گێڕاوەوەتەوە پیاوی پیر یان ژنی پیری قسەزان و ئاقڵ بوون و ھەستیان بە پێداویستی بەرامبەرەکانیان کردووە، بۆیە لە ئەو دەرگایەوە بۆی چوون کە بۆ بەرامبەرەکەیان بەگرنگیان زانیووە، ھەمیشە ھەوڵیان داوە ئەو پەندە بۆ بەرامبەرەکەیان بسەلمێنن کە دەڵێت (سەری ڕەشمان لەبەر ھەتاو سپی نەکردووە) بە واتای ئەوەی ئێمە دەزانین دنیا چ باسە، بەم شێوەیە قسەکانیان ھێندە بەڕێ و جێ بووە، پەندەکانیان ھێندە نەستەق و لە دڵدا شیرین بوون دەستبەجێ کاری خۆیان کردووە.

چەند نموونەیەک لە پەندی پێشینان

هەندێک لە پەندەکان دێرە شیعرن و هەندێکیشیان ڕستەیەکی ساکاری واتادارە، ئەمانە چەند نموونەیەکی کەمن لە پەندی پێشینان:

  • ئاردی بدە ئاردبێژێ، باھەندێکیش بڕێژێ.
  • ئارو بە بڕکییەوە جوانە.
  • ئاش لە خەیاڵێک و ئاشەوان لە خەیاڵێک
  • ئاشی نەزان خوا ئەیگێڕێت
  • ئاغای گوندی ڕێی بە گاوانی گوندی دەکەوێ.
  • ئەگەر بتەوێت لەناو سواران دیاربیت وراغت تێر جۆکە.
  • ئەگەر بووی بە میر، خوا نەکەی لە بیر.
  • ئەگەر گوڵ نیت دڕکیش مەبە
  • ئەگەر مار جارێک پێوەی دایت خوا بیگرێ، ئەگەر بوو بو دوو جار خوا تۆ بگرێت
  • ئەڵێن تەنگانە خۆشی لەدوایە، باوەڕم وایە فەرموودەی خوایە.
  • ئەو باوکەی مەلەوان بوو کوڕەکەی ئاو بردی
  • ئەو کەسە ژیرە، پیری لە بیرە.
  • ئەو ماستە بێ موونی یە
  • ئەو ھەویرە ئاو زۆر ئەکێشێت
  • ئەوەندە مەڵێ گوێت لێ نەگرن، ئەوەندەش گوێ ڕامەگرە سەرت بێتە ژان
  • ئەوەی بە بڵندان بڕوانی، بە ناویاندا دەکەوێ.
  • ئەوەی بەرز بفڕێت نزم ئەنیشێتەوە
  • ئەوەی دەتگرێنێت دۆستە، ئەوەی کە پێت پێ ئەکەنێ دوژمنتە
  • ئەوەی لەبەر چاوانە، لەبەر دڵانە.
  • ئەیەوێت ماسی بگرێت و قاچیشی تەڕ نەبێت
  • ئیشی بەپینەو پەڕۆ ھەر دەگاتە نیوەڕۆ.
  • با لە ھەر کوێیەکەوە بێت ئەو لەوێ شەن ئەکات
  • بار بە لاباران قەت ناگاتە ھەواران.
  • باری کەر دایم قورسە
  • بانگی موحەمەد بە ئاشکرا خۆشە
  • بانێکەو دوو ھەوا
  • برسێتی ڕەگی ھاری بەدەمەوەیە
  • بزن بۆ شەوێکیش شوێنی خۆی خۆش ئەکات
  • بە بەردێک دوو چۆلەکەی کوشت
  • بە قەد بەڕەکەی خۆت قاچ ڕاکێشە
  • بەختی لە ھەموو شتێکدا ڕەشە، تەنھا لە شووتی دا سپی یە
  • بەرخی نێر بۆ سەر بڕینە
  • بەرد لە جێ ی خۆی سەنگینە
  • بەردتل بدە، بێ کار مەبە
  • بەردی بچووکیش سەر دەشکێنێ
  • بەری ڕۆژ بە بێژنگ ناگیرێت
  • بەڕە لای تەنکییەوە ئەدڕێ
  • بووکێ لەگەڵ تۆمە خەسوو تێبگە
  • بۆ ڕیش چوو سمێڵیشی دانا
  • تا خاوەن ماڵ دزی گرت، دز خاوەن ماڵی گرت
  • تاخۆت دۆست نەبی، کەس نابێ بەدۆست، چەپڵە لێ نادرێ بە تەنھا یەک دەست.
  • تف ھەڵدە ناو چەوانی خۆت ئەگرێتەوە
  • تەشی ڕێس تەشی ڕێس بێت بەکلکی کەریش بێت ئەی ڕێسێت
  • جوێن مەدە بە باوکی سەگم، جوێن نەدەم بە باوکی بەگت.
  • چەپڵە بە یەک دەست لێ نادرێت
  • چەم بێ چەقەڵ نابێت
  • چی بچێنیت ئەوە ئەدووریتەوە
  • چێشتی دوو کابان یا سوێرە یا بێخوێ.
  • خوا تا کێو نەبینێت بەفری تێ ناکات
  • دار بە تەوری وت گەر کلکت لە خۆم نە بوایە توانای بڕینمت نە دەبوو
  • دار ھەڵبڕە سەگی دز دیارە
  • دڵ پیر نابێ، چاو تێر نابێ.
  • دەریا بە دەمی سەگ گڵاو نابێت
  • دەستە چەورەکەی خۆت بە من مەسڕە
  • دەستی ماندوو لەسەر سکی تێرە
  • دەنگی دەھۆڵ لە دوور خۆشە
  • دەوڵەمەندی بەدڵە بە ماڵ نییە، گەورەیی بە عەقڵە بە ساڵ نییە.
  • دوای باران فەرەنجیم بۆ چییە
  • دوای کڵاوی با بردوو مەکەوە
  • دوژمنی زانا، نەک دۆستی نەزان.
  • دوعا بۆ ئەو سفرەیە بکە، کەنانی لێ ئەخۆیی.
  • دوو پشکە لەخۆی بەشکە
  • دوو گا لە دۆڵێکتا ڕەنگی یتتەک نەگرن خوی یەک ئەگرن
  • دۆم بە دانیشتن ماڵی وێرانە
  • دۆم بێت و کڵاش بۆ خۆی دروست کات
  • دیوار لەگەڵ تۆمەو پاسار گوێت لێ بێت
  • ڕونی ڕژاو دەکاتە خێری باوکی.
  • ڕێوی بە کونا نە ئەچوو شتێکیشی بەست بەخۆیەوە
  • ڕێوی لە کونی خۆی ھەڵگەڕێتەوە گەڕ ئەبێت
  • ساڵی خۆش لە بەھارەکەیدا دیارە
  • سەری بێ دەلاک مەتاشە
  • سەری لە بەر ھەتاو سپی نەکردووە
  • سەری نایەشێت پەڕۆی لێ بەستووە
  • سەرێکی ھەیەو ھەزار سەودا
  • سەفەرو مەعامەلە سەنگی مەحەکە
  • سەلکی سیری یان قنچکی پیازی
  • سوار تا نەگلێ نابێت بە سوار
  • شەل نی یە پێ ی شکاوە
  • قسە زۆر بکڕە، کەم بفرۆشە.
  • قسە یان لە شێت یان لە مناڵ
  • قەدری زێڕ لای زەڕەنگەرە
  • قەرز دوو ماڵ ئاوەدان ئەکاتەوە
  • قەرز کۆن ئەبێت نافەوتێت
  • قەل بە قەلی وت ڕووت ڕەش بێت
  • کا ھی خۆت نەبوو کایێنەکە ھی خۆت بوو
  • کاری ئەمڕۆ مەخەرە سبەی
  • کاسەی پڕ ئاشتی ماڵە
  • کای کۆن بەبا مەکە
  • کە جام پڕ بوو لێ ی ئەڕژێ
  • کە زۆر ھات قەوارە بەتاڵە
  • کە گوورگ پیر بوو ئەبێت بە مەخسەرەی سەگ
  • کەچەڵ کە دەرمانکەر بێت دەرمانی سەری خۆی ئەکات
  • کەرە مەمرە بەھارە کورتانت بۆ دێت لە شارە
  • کەری دێز حەز بە تۆپینی خۆی و زەرەری ساحێبی ئەکات
  • کەس بە دۆی خۆی ناڵێت ترشە
  • کەڵەشێریش نەبێت ڕۆژ ئەبێتەوە
  • کونە مشکی لێ بووە بە قەیسەری
  • کوێر تا ئەمرێ بەتامای دوو چاوی ساغە
  • کێ خواردوویەتەوەو کێ ی گرتووە
  • گەورە ئاو ئەڕێژێ و بچوکیش قاچی تێوەر ئەدات
  • گۆزەی تازە ئاوی خۆشە
  • گۆشتی لاڕانی خۆت بخۆ مننەتی قەساب ھەڵمەگرە
  • گۆم تا قووڵ بێت مەلەی خۆشە
  • گیا لەسەر بنجی خۆی ئەڕوێتەوە
  • لە ئاش زۆری پێچووە، لە ڕێگا پەلە پەلییەتی
  • لە ئاوی خووڕ مەترسە لە ئاوی مەنگ بترسە
  • لە بخۆر مەترسە لە نەخۆر بترسە
  • لە برسا بمری لە گەڵتا ئەگری نانت ناداتێ
  • لە دەرگای ھەر کەسێکت دا لە دەرگات ئەدەنەوە
  • لە دەگوێز گوێزێک پووچ ئەبێت
  • لە کاتی ڕاوا نەبێت گووی نایەت
  • لە کانی یەک ئاوت خواردەوە لێڵی مەکە
  • لە ھەموو ھەورێک باران نابارێت
  • مار ڕقی لە سیرە، سیریش لە بەردەم کونی مار ئەڕوێت
  • ماست نییە بە دەمتەوە دیار بێت
  • ماسی لە بەحرا سەودا ناکرێت
  • ماڵ لە خۆی نەبوو میوانیش ڕووی تێکرد
  • ماڵی زیاد سەر ناشکێنێت
  • ماڵی قەڵب سەر با خاوەنێتی
  • ماڵی نەخۆری بۆ چەکمە سۆری
  • مردوو لەوە پاکتر ناشۆرێت
  • مریشک ھێلکەش ئەکات و ڕیقنەش ئەکات
  • مریشک ھێلکەی قازی کرد قنگی دڕا
  • من ئاغا و تۆ ئاغا، ئەی کێ جێمان بۆ ڕاخا؟
  • من ئەڵێم نێرە ئەو ئەڵێت بیدۆشە
  • من ھەر بە پاڵووت ئەکەم و تۆ ھەر ئەبیت بە پاشوو
  • مناڵی بچووکیش خەونی گەورە دەبینێت
  • مەستی و ڕاستی
  • نان ئەو نانەیە ئەمڕۆ لەخوانە
  • نان بۆ نانەوا گۆشت بۆ قەساب
  • نان خۆرت بمرێ بەس مشور خۆرت نەمرێ
  • ندی و بدی کورێکیان بوو لە جیاتی ناوک کێریان بڕی
  • ھەتا گوندۆر گوندۆر بوو خزمێ مە گەلەک زۆر بوو، گوندۆر ھاتە بڕانێ خزم ھاتەنە قڕانێ
  • ھەر کەس دەچێتە قەبری خۆی
  • ھەردووک جاشی ماکەرێکن
  • ھەموو سمێڵ سوورێک ھەمزە ئاغا نییە
  • ھەموو شتێک بە خوێ، خوێش بە مانا
  • ھەموو کەس لە شەڕواڵی خۆی دا پیاوە
  • ھەموو گیانلەبەرێک گۆشتخۆرە بەس ناوی گورگ بەدە


سەرچاوەکان



15534 بینین