ناوهڕۆك
سەرەتا
ئەدەبیاتی ئەفریقی (بە عەرەبی: الادب الافریقیة، بە ئینگلزی: African literature) ئەدەبیاتی ئەفریقی بە لقێکی هەرە دێرین و گرنگی ئەدەبیاتی کیشوەری ئەفریقا و جیهان دادەنرێت، کە مێژووەکەی لە هەزار ساڵ زیاترە. ئەدەبیاتی ئەفریقی لە ڕوانگەی خوێنەرانەوە کەشێکی تایبەت دەداتە خوێنەر و سەرنجی خوێنەر بەلای بابەتە فەرهەنگی و کولتوور و دابونەریتی وڵاتان و ناوچەکانی ئەفریقا ڕادەکێشێت و تێکەڵیان دەکات بە لایەنی واقعی و خەیاڵ و ئەندێشەوە، جیاواز لە هەر لقێکی تری ئەدەبی، نووسەرە ئەفریقییەکان بە درێژایی مێژوو هەوڵیانداوە پەنجە لەسەر برینەکان دابنێن و ئازاری گەلانی ئەفریقی لە کارێکی ئەدەبیدا بە جیهان ئاشنا بکەن.
بنچینەی ئەدەبیاتی ئەفریقی
ئەدەبیات بە گشتی خۆی لە بابەتی پەخشان و هۆنراوەدا دەبینێتەوە، بابەتەکانی پەخشان بریتیین لە کورتە چیرۆک، چیرۆک، ڕۆمان، وتار و ڕەخنەی ئەدەبی. لە ئەدەبیاتی ئەفریقیدا هەموو ئەم ڕەگەزانەی کاری ئەدەبی بوونیان هەیە، بەڵام بە دەربڕینێکی ئاڵۆز کە هەموو کەس ناتوانێت لێی تێبگات، بەجۆرێک دەنووسن خوێنەر دەبێت ئەندێشەی ئەوە بکات خۆی لەناو چیرۆکەکەدا بوونی هەیە و دیمەنەکان بە واقعی دەبینێت. کاتێک باسی ناوچەیەک لە ناوچەکانی ئەفریقا دەکرێت و وەسفێکی سروشت و ئاو و هەوا و خاکەکەی دەکرێت، خوێنەر دەبێت لە ئەندێشەیدا وا بێنێتە پێش چاوی کەوا خۆی لەو سروشتەدایە، ئەگەرنا هیچ کاریگەرییەکی لا دروست نابێت.
بنچینەی دروست بوونی ئەدەبیاتی ئەفریقی مێژووەکەی لە هەزار ساڵ زیاترە، کە بە گشتی نووسەرەکان هەوڵیانداوە وێنای ژیان و کولتووری ئەفریقی تێکەڵ بە خەیاڵەکانی خۆیان بکەن و بەرهەمێک بنووسن کە شایەنی خوێندنەوە و کات بۆ تەرخان کردن بێت. لە ئەدەبیاتی ئەفریقیدا تیشکێکی زۆر دەخرێتە سەر لایەنی کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئەم ژیانە کۆمەڵایەتییە لە ژانەری ڕۆمانی مێژوویی و ڕاستییەکانیشدا ڕەنگدانەوەی هەیە
ئایا تەنها نووسەرانی ئەفریقا لە ئەدەبیاتی ئەفریقی کاردەکەن؟
وەڵام، نەخێر بەهۆی گرنگییەکەی لەسەر ئاستی جیهان، زۆر جار نووسەرانی تری بیانی بایەخیان بەم ڕێبازە ئەدەبییە داوە، دیارترین نموونەش نووسەری بە ڕەگەز فنلەندی (میکا ڤالتاری) کە کتێبێکی لە ژانەری ڕۆمان نووسیوە بەناوی (سینۆهە) یان (میسڕییەکە) کە بە یەکێک لە نایابترین ڕۆمانەکان دەربارەی فیرعەون و شارستانییەتی نیل دادەنرێت. ئەم ڕۆمانە خوێنەر نوقمی ئەندێشە و خەیاڵ و مێژوو دەکات بەجۆرێک کاتێک دەیخوێنیتەوە هەست دەکەیت کەوا باسی ئەمڕۆ دەکات نەوەک مێژووییەکی هەزاران ساڵ بەر لە ئێستا.
ئایا نووسەرانی ئەدەبیاتی ئەفریقی تەنها بە پەخشان گوزارشتیان لەلایەنی کولتووری ئەفریقا کردووە؟
بێگومان نەخێر، هەندێک جار نووسەرەکان داهێنانیان کردووە کە هەستاون بە ئەنجامدانی نووسینی ڕۆمانە هۆنراوە. واتا ڕۆمانێک لە شێوەی هۆنراوەدا نووسرابێت کە ئەمەش وردییەکی زۆر و لێهاتوویی زۆری پێویست بوو. دیارترین نموونە داستانی ئەفسانەیی "سونجاتا"یە کە چیرۆکی ئەفسانە و دامەزێنەری ئیمپڕاتۆریەتی مالی لەسەر شێوەی هۆنراوە دەگێڕێتەوە. لەم کارە ئەدەبییەدا خوێنەر ڕادەکێشرێتە ناو خەیاڵ و ئەندێشەی ڕۆژاوای ئەفریقا و ئاشنای دابونەریت و شێوازی ژیانی ئیمپڕاتۆریەتی مالی دەبێت. هەروەها، ئاشنای جەنگاوەر سونجاتا کێیتای دامەزرێنەری ئیمپڕاتۆریەتییەکە دەبێت کە هەستاوە بە یەکخستنی تیرە و هۆزەکانی ماندینکا، کە توانی گەورەترین ئیمپڕاتۆریەتی ئەفریقی لە مێژووی ئەفریقا دابمەزرێنێت، ئەم داستانە خوێنەر فێری ئەوە دەکات بلیمەتی پێویستی بە خوێندەواری و بڕوانامە نییە، کەسێکی گوندنشین و جووتیار توانی ئیمپڕاتۆریەتێک بە یەکخستنی تیرە و هۆزەکانی مالی دابمەزرێنێت!
ئەدەبیاتی ئەفریقی لە چی دەدوێت؟
ئەدەبیاتی ئەفریقی بۆ چەند لقێک دابەشدەکرێت، کە هەر یەکەیان گرنگی خۆی هەیە لە مێژووی ئەو کیشوەرەدا لە پاڵ لایەنی دابونەریت و کۆمەڵایەتی و کولتووردا، ئەوانیش بریتین لە چەند بابەتێکی گرنگ و هەستیار:
ئەدەبیاتی داگیرکاری و ئازادی
وەک دەزانرێت گەلانی ئەفریقی نەهامەتی زۆریان چەشتووە، بەتایبەتی کاتێک کە لەلایەن ئەورووپییەکان داگیرکراون و دانیشتووانەکەی بە کۆیلە کراون و ئازار دراون و چەوسێنراونەتەوە. ئەم بابەتە ڕەنگدانەوەی هەبووە لە بەرهەمە ئەدەبییەکانی ئەفریقییەکان یاخود ئەو نووسەرانەی بە هەستی مافەکانی مرۆڤ و مرۆڤایەتی لە ئەفریقییەکانیان ڕوانیوە و جیاوازیان نەکردوون لە ڕووی ڕەنگ و شێوە و پلەبەندی کۆمەڵایەتی. ئەم بەرهەمانە کاریگەری زۆریان جێهێشتووە، کاتێک خوێنەرێک ڕۆمانێکی ژانەری (داگیرکاری)ی نووسەرێکی ئەفریقی دەخوێنێتەوە، دیمەنی ئازاردان و چەوساندنەوە و کوشتن و بڕین و بە کۆیلە کردنی ئەفریقییەکان بە ڕوونی دێتە پێش چاوی، نووسەرەکان بە جۆرێک دەدوێن وەکو بڵێی خۆیان ئەو ئازارەیان چەشتووە نەوەکو هاونیشتمانییەکی وڵاتەکەیان.
گەرچی هەندێک لە نووسەرەکان بەچاوی خۆیان ڕووداوەکانیان بینیوە بەڵام هەندێکیان بە پشت بەستن بە مێژووی وڵات و کیشوەرەکەیان ئیلهامی نووسینیان بۆ هاتووە.
یەکێک لە دیارترین نووسینەکانی ئەم ژانەرە، کتێبی "شتەکان تێکدەشکێن"ی نووسەر چینوا ئاکابییە کە ساڵی ١٩٥٨ ئەم ڕۆمانەی پێشکەش بە خوێنەرانی جیهان کردووە. ڕۆمانەکە باس لە بەرخۆدانی (ئۆکۆنکوو) جەنگاوەری ئیگبو دژی داگیرکاری بەڕیتانی لە وڵاتەکەیان دەکات، کە ئۆکۆنکوو، خەونی ئەوەی هەیە دووبارە وڵاتەکەی بە ئازادی و سەربەستی شاد بکاتەوە. نووسەر ئەو نەهامەتیانەشی خستۆتە ڕوو کە ڕووبەڕووی وڵاتێک دەبێتەوە کاتێک داگیردەکرێت و دەبێت خەڵکی چەوساوە لە پێناو مانەوەیان لە ژیاندا ملکەچی یاسای داگیرکەر بن.
نموونەی بەرهەمێکی تری دژی داگیرکاری ئەورووپییەکان لە ئەفریقادا بەرهەمێکی وڵاتی کینیایە لەلایەن نووسەر نگوگی سیۆنگ نووسراوە، ڕۆمانەکە زیاتر ڕەخنەییە و ساڵی ١٩٧٧ چاپکراوە. ڕۆمانەکە بە یەکێک لە کاریگەرترین ڕۆمانە ڕەخنەییەکان دێتە هەژمارکردن، ڕۆمانەکە ناوی "پەڕە گوڵی خوێناوی"ـە، ڕەخنە لە دەسەڵاتی داگیرکەر دەگرێت کە جگە لە خوێن ڕشتن و توندوتیژی و گەندەڵی و ئاژاوە و بەتاڵان بردنی سامانی سروشتی وڵاتی کینیا هیچ کارێکیان نەکردووە شایەنی دەستخۆشی بووبێت. هەروەها باسی لە ڕەگەزپەرستی و ئاکامە خراپەکانی کردووە لەسەر کۆمەڵگەی کینیا. نووسەر دەڵێت "داگیرکاری ئینگلیزەکا لە کینیا، بووە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای تاعوون لە ناو گەلەکەماندا".
ئەدەبیاتی دوای داگیرکاری
ئەم لقەی ئەدەبیاتی ئەفریقی، گوزارشت لە سەربەخۆیی و گەیشتنە بە هەوای ئازادی و گەڕانەوەی دەسەڵاتی پێشترە و دەستپێکردنی هەنگاوێکی نوێ و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێیە له ژیانکردنی ئەفریقییەکان. بەرهەمە ئەدەبییەکانی ئەم سەردەمە هیوا بەخشن، هێز و توانا و ئیرادە لە خۆ دەگرن، بەجۆرێک وەک پەندێک دەڵێت "لەدوای هەر ناخۆشییەک، خۆشی دێت" بەو جۆرە ناوەڕۆکی نووسینەکان هیوابەخشن و دووبارە کۆمەڵگە و گوزەرانی ئەفریقییەکان سەر لە نوێ دەبوژێتەوە و ژیان وەک سەردەمی پێش داگیرکاری دەست پێ دەکاتەوە.
دیارترین نموونە، ڕۆمانی (مردن و سوارچاکی پاشاکان) ١٩٧٥ و ڕۆمانی (شێرەکە و خشڵەکە) ١٩٦٣ی نووسەری نەیجیری ولی سۆینکایە کە ساڵی ١٩٨٦ خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئەدەبیات بە دەستهێناوە. هەر دوو ڕۆمانەکە گوزارشت لە سەردەمی دوای کۆتایی هاتنی داگیرکاری لە وڵاتی نەجیریا دەکەن. ئەم نووسەرە وەسفێکی ئاڵۆز دەداتە کارەکتەرەکانی نێو ڕۆمانەکانی کە زۆرجار دەگوترێت ئەستەمە بە یەکەم جار خوێندنەوە لە پەیامی نووسەرەکە تێبگەیت.
نموونەیەکی تر، ڕۆمانێکی نووسەری زیمبابۆیی (تسیتسی دانگارێمبگا) بەناوی (دۆخە دژوارەکان) کە ساڵی ١٩٨٨ بڵاوکراوەتەوە، بە دەربڕینێکی کلاسیکیانە لە بارەی ئیرادەی مرۆڤ پاش بەدەستهێنانی ئازادی و سەربەخۆیی لە چاوی دوو کارەکتەرەوە پەیامی خۆی گەیاندووە.
ترێندە هاوچەرخەکان
لەم ساڵانەی دواییدا جۆرێک لە نووسین لەناو نووسەرە ئەفریقییەکان دەرکەوتووە ئەویش بابەتی ترێندە، ئەو شتانەی لە پڕ ڕوودەدەن و لەگەڵ ئێستای کۆمەڵگەی ئەفریقیدا هاوتەریبن. ئەم جۆرە نووسینە لەم سەردەمەدا زۆر باوە لەناو نووسەرە بەڕەگەز ئەفریقییەکان. کە ئەگەر پێناسە بکرێت بەم جۆرەیە "ئەو بەرهەمە ئەدەبیانەیە کە گوزارشت لە شێوازی ژیان و ڕەنگدانەوەیان لەسەر کۆمەڵگە و ژیانی کۆمەڵایەتی خەڵکی ئەفریقا هەیە" بە بۆچوونی ڕەخنەگرانی ئەدەبی ئەم لقە ئەدەبییە ترێندی سەدەی بیست و یەکەمە لە ئەفریقادا.
دیارترین نموونە ڕۆمانی هەتاوی نیوە زەرد کە ساڵی ٢٠٠٦ لەلایەن نووسەری نەیجیری "نیگۆزی ئادیکی" نووسراوە کە ڕۆمانێکی مۆدێرنە و لەگەڵ سەردەمی ئێستا و ترێندی هاوچەرخ لە ساڵی ٢٠٠٦ دەدوێت. بەجۆرێکی تر ئەم ڕۆمانانە ناگەڕێنەوە بۆ ڕابردوویەکی دوور، یاخود داهاتوویەکی خەیاڵی بەڵکو لەگەڵ سەردەمی هاوچەرخدا دەڕۆن و ڕووداو و کارەکتەرەکان و شوێنەکان لەو ساتەدان کە کتێبەکە نووسراوە یان جیاوازییەکی کەمیان هەیە لە ڕووی کاتەوە. بۆ نموونە چەند مانگێکە یان ساڵێکە بابەتەکە ڕوویداوە و کۆتایی هاتووە یان هێشتا کاریگەری ماوە لەناو جەماوەردا.
هەروەها، ڕۆمانی (ئەمەریکانا) کە ساڵی ٢٠١٣ چاپکراوە باس لە شەڕی ناوخۆی نەیجیریا لەو ساڵەدا دەکات لە نێوان گرووپە چەکدارەکان و حکوومەتدا و ئاوارە بوون و سەرگەردان بوونی هاوڵاتیان.
پوختە
بە گشتی ئەدەبیاتی ئەفریقی بە یەکێک لە ئاڵۆزترین لقەکانی ئەدەبیاتی جیهانی دادەنرێت، کە خۆی لە چەند بابەتێکدا دەبینێتەوە وەکو سەردەمی داگیرکاری و چەوساندنەوە و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆیی. دووەم، سەردەمی دوای داگیرکاری و بەدەستهێنانی سەربەخۆیی، سێیەمیان سەردەمی هاوچەرخ کە گوزارشت لە ترێندە هاوچەرخەکانی ئەفریقا دەکات.
ئەدەبیاتی ئەفریقی، ڕەگێکی قووڵی هەیە لەناو ئەدەبیاتی جیهانیدا کە مێژووەکەی هەزاران ساڵە. بە هەردوو شێوەی هۆنراوە و پەخشان بەرهەمی جیاواز لە خۆ دەگرێت.
بابەتی دیار و بەرچاو لەناوەڕۆکی بەرهەمە ئەدەبییەکان شێوازی ژیان و پەنجە خستنە سەر برینەکان و لایەنی کولتوور و زمان و مێژوو و هەڵکەوتەی جووگرافی ئەفریقایە کە کاتێک وەسفی ناوچەیەک دەکرێت ڕۆدەچیتە قووڵایی بەرهەمە ئەدەبییەکەوە.