ناوهڕۆك
سەرەتا
نەخۆشیی جووڵە (بە ئینگلیزی: motion sickness) ئەم نەخۆشییە کاتێک ڕوودەدات کە مێشک ناتوانێت هەست بەو زانیاریانە کە لە چاو، گوێ و جەستەوە بۆی دەگوازرێتەوە بکات. جووڵەی زۆر لە سەیارەدا، فڕۆکە و بەلەم دەبنە هۆی هەستکردن بە دڵتێکچوون و هەندێک کاتیش ڕشانەوە. هەستکردن بە نەخۆشی لە فڕۆکەدا، لە ئۆتۆمبێلدا یان لە دەریادا بریتییە لە نەخۆشیی جووڵە.
ئەو کەسانەی تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن
ژنان و منداڵانی تەمەن دوو بۆ ١٢ ساڵ زۆرترین ئەگەری تووشبوونیان بەم نەخۆشییە هەیە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت ئەم نەخۆشییە تووشی هەموو کەسێک بێت.
ئەو هۆکارانەی مەترسی تووشبوون زیاد دەکەن:
- مێژووی خێزانی نەخۆشیی جووڵە
- بەکارهێنانی دەرمان بۆ ڕێگریکردن لە دووگیانی
- هەبوونی کێشە لە گوێی ناوەدا
- سوڕی مانگانە
- هەستکردن بە ئازار لە نیوەی سەردا
- نەخۆشیی پارکینسۆن
- دووگیانی
هۆکار
مێشک نیشانەکان لە بەشەکانی هەستکردن بە جووڵەی جەستە چاوەکان، گوێیەکانی ناوەوە، ماسولکەکان و جومگەکان وەردەگرێت. کاتێک ئەم بەشانە زانیاری ناڕێک بۆ مێشک دەنێرن، مێشک ناتوانێت هەست بکات ئایا کەسەکە لە بارودۆخێکی جێگیرە یان دەجووڵێت.
بۆ نموونە لەناو ئۆتۆمبێلدا:
- چاوەکان درەختەکان دەبینن کە بەلایاندا تێپەڕ دەبیت و جووڵە تۆمار دەکەن.
- هەستی جووڵەکردن لە گوێی ناوەوەدا.
- ماسولکەکان و جومگەکان هەست دەکەن هێشتا کەسەکە دانیشتووە.
- مێشک ناتوانێت ئەم ئاماژە نێردراوانە لێک بداتەوە.
هەندێک جووڵە هەستکردن بەم حاڵەتە زیاد دەکەن، ئەو جووڵانەش بریتین لە:
- پاسکیلسواری
- خوێندنەوە لە کاتی جووڵەدا
- خوێندنەوە لەناو بەلەمدا، سەیارە، پاس، شەمەندەفەر یان فڕۆکە.
- یاری ڤیدیۆیی یان فیلم.
نیشانەکان
ئەم حاڵەتە لەناکاو ڕوودەدات. ڕەنگە کەسەکە هەست بە باشی بکات و لەناکاو هەست بەم نیشانانە بکات:
- ئارەقی سارد
- گێژبوون
- ماندوێتی
- سەرئێشە
- تووڕەبوون
- کەسەکە ناتوانێت سەرنجی شتەکانی دەوروبەری بدات
- زیادبوونی لیک، دڵتێکەڵهاتن و ڕشانەوە
- زەردبوونی پێست
- هەناسەدانی خێرا
دەستنیشانکردن
پزیشک لەبارەی نیشانەکان کە نەخۆشەکە هەیەتی پرسیار دەکات، یان پشکنینی جەستەیی بۆ چاو و گوێیەکان ئەنجام دەدات.
ڕێگریکردن
- خواردن و خواردنەوە: ئاو خواردنەوەی زۆر، هەڵبژاردنی خواردنی چەوری کەم و نیشاستە پێش گەشتکردن. خۆت لە خواردنی قورس بەدوور بگرە، چەوری زۆر، ترشی کە ئازار بۆ گەدە دروست دەکەن. نەخواردنی جگەرە و کحول.
- هەوای ڕاستەوخۆ: باشترە لە ئۆتۆمبیلدا پەنجەرەکان کراوە بن.
- بەکارنەهێنانی مۆبایل و نەخوێندنەوی کتێب لە ئۆتۆمبیلدا.
- ئەگەر گونجاو بوو چاوەکانت دابخە.
- لەسەر کورسی سەرنشینی پێشەوە دابنیشە.
لەم کاتانەدا پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت:
- کاتێک ڕشانەوەی بەردەوام هەبێت
- هەبوونی نیشانەکانی نەخۆشیی جووڵە، کاتێک کەسەکە ناجووڵێت.
- نیشانەکانی وشکبوونەوە.
هەندێک دەرمان هەن کە دەکرێت بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیی جووڵە بەکاربێت، بەڵام هەندێک لەم دەرمانانە بۆ منداڵان گونجاو نین و پێویستە ڕاوێژ بە پزیشکی پسپۆڕ بکرێت. دەرمانەکانی تایبەت بەم نەخۆشییە بەشێوەیەکی ئاسایی دەبنە هۆی ئەوەی منداڵەکان خەویان لێ بکەوێت، بەڵام هەندێک کات کاریگەریی پێچەوانەی دەبێت و دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵەکان زۆر چالاک ببن. هەر بۆیە پێویستە لەژێر چاودێری پزیشکدا ئەم جۆرە دەرمانانە وەربگیرێت.
یەکێک لە دەرمانەکانی تایبەت بەم نەخۆشییە بریتییە لە سکۆپۆڵامین (scopolamine) ڕێگری لە دڵتێکەڵهاتن و ڕشانەوە دەکات. جۆری یەکەمیان کە بەشێوەی لەزگەیە، سکۆپۆڵامین دەدرێت لەپشتی گوێ بۆ ماوەی چوار کاتژمێر پێش دەستکردن بە گەشت. دوای سێ ڕۆژ لەزگەکە لادەبرێت و لەزگەی نوێ دووبارە بەکاردێت. ئەم چارەسەرە دەبێتە هۆی هەستکردن بە وشکبوونەوەی دەم. جۆری دووەمیان بەشێوەی دەرمان وەردەگیرێت.