گوندی بەڵخە

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-04-16-18:03:00 - کۆدی بابەت: 8273
گوندی بەڵخە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گوندی بەڵخە (بە ئینگلیزی: Balkha، بە عەرەبی: بلخة، بە هەورامی: دەگاو بەڵخەی) یەکێکە لە گوندەکانی ناحیەی بیارە لە پارێزگای هەڵەبجەی هەرێمی کوردستان. بەڵخە یەکێکە لە شارەدێیەکانی هەورامانی لهۆنی عێراق و دەکەوێتە سەر ڕێگەی نێوان سۆسەکان و دەگاشێخان. ڕووبەری بەڵخە فراوان و بەربڵاوە و کەوتووەتە نێوان سۆسەکان و پاڵانیان و هاوار و تاوێرە و خەرپانی و دەگاشێخان. بەشی پشتەوەی چەند شاخێکی بەرزە بەناوی (جەژنگا و تەوەنێ و هەوارەبەرزە) بەشی پێشەوەی فراوانەودۆڵێکی کراوەیە دووریشی لە بیارەوە (٨کم) و لە تەوێڵەوە (٦کم)ـە.

مێژووی گوندەکە دەگەڕێتەوە بۆ ٢٥٠ ساڵ لەمەوبەر.

ناوی بەڵخە لە چییەوە هاتووە؟

بۆ ناوی بەڵخە چەند بۆچوونێک هەیە:

  • بۆچوونی یەکەم دەڵێت: دوو برا بوون خەڵکی (بەڵخ)ـی لای سەمەرقەند و بوخارا بوون ھاتوون لەو دوو شوێنە (دێگە و دەرەنەجات) نیشتەجێ بوون. یەکێکیان لە خوارەوە ئەوی تریان لە سەرەوە، بۆیە گوندەکە بەناوی ئەم دوو برایەوە ناونراون بەڵخەی سەروو و بەڵخەی خواروو.
  • بۆچوونی دووەم دەڵێت: ئەم شوێنە پرە لە (بەنگاو تاف) واتە تاڤگە وەک (وەر وەزەن و سەر وەزەن و وەزەنێ) ئەم تاڤگانەش بەبەردەوامی ئاوییان پێدا دێتە خوارەوە و ئاوەکەش بەڵخی ھەیە، کە جۆرە کلسێکە بەهۆی ئاوەوە لە ئاوەڕۆکاندا دروست دەبێت بە تایبەت بەسەر بەرد و تاشەبەردەکاندا. زۆرترین بۆچوونیش لەسەر ئەوەیە ناوی گوندەکە بەهۆی ئاوەکەیەوە بێت.
  • ھەندێکیش دەگێڕنەوە کە: (دێگە و دەرەنەجات) دوو گوند بوون، بەڵام لە کۆتایی سەدەی نۆزدەھەمدا (یاقوە سوری) تەوێڵەیی کە پیاوێکی ناوداری تەوێڵە بووە لەکاتی کاروانیدا لە نزیک وەزەنێ لایداوە و پاشان وەک ھەوار ھاتووە بۆ ئەم ناوە و وتویەتی ھەوارم لای بەڵخەکەیە. لەمەوە ئەم ناوە پەیدا بووە.

لە ساڵی (١٩٥٦) جادەی نێوان بیارە و تەوێڵە لێرەوە براوە و گرنگی پێدراوە و دواتریش مزگەوت و قوتابخانەی تێدا کراونەتەوە.

ڕاگواستن

لە دەستپێکی جەنگی ئێران و عێراق، بەڵخە وەک زۆرینەی گوندەکانی سنووری عێراق و ئێران لە بەرواری (١٩٧٨/٨/٢٩) ڕاگوێزرا و خەڵکەکەی بەسەر ئۆردوگا زۆرەملێیەکانی (عەنەب، زەمەقی و سیروان)ـدا دابەش کران. کە لەوکاتەدا ٣١٥ خێزان و نزیکەی ١,٥٠٠ کەس بوون و خاوەنی دوو مزگەوت و ١ خوێندنگە و بنکەیەکی تەندروستی بوون، لەگەڵ گەرماوێکی گشتی و ٤ چایخانە و چەند دوکانێک. دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی کوردستان خەڵکی گوندەکە دەستیان کردەوە بە نۆژەنکردنەوەی ناوچەکە و دووبارە پەروەردەکردنی ڕەز و باخەکانیان.

دانیشتوان

ژمارەی دانیشتوانی بەڵخە لە ساڵی ١٩٤٧ نزیکەی ٨٠ ماڵ بووە (خواروو-١٧، ناوەڕاست-٢٥، سەروو-٣٨). لە ئاماری ساڵی ١٩٥٧ بەڵخەی سەروو ٥١٢ کەس بووە و بەڵخەی خوارووش ١١٠ کەس. بەمەش نزیکەی ١٢٥ ماڵی لەخۆی گرتووە. ئێستا ڕێژەیەکی کەم لە خەڵکی گوند لەوێ دەژین و زۆرینەیان لە شوێنی ئەو ئۆردوگا زۆرەملێیانە دەژین کە ڕاگوێزران بۆی.

شوێنەوار

شوێنەوارە مێژووییەکانی ئەم ناوچەیە: (سوڵێ و زەڕەندۆڵی و ھانەوتێ و سەربەڵخ و قەڵای خەسرەو ئاغا).


سەرچاوەکان



1438 بینین