ناوهڕۆك
سەرەتا
چاندنی لاولاوی کولەکە (بە ئینگلیزی: planting ivy gourd (tindora)، بە عەرەبی: زراعة اللبلاب القرع)، ئەم جۆرە کولەکەیە سەر بەخێزانی ئارووە و تامەکەشی هاوشێوەیەتی، تەنها جیاوازییەکەیان ئەوەیە کە کولەکەی لاولاو زۆر بچووکترە و تەنها پێنج سانتیمەتر درێژ دەبێت، نشینگە بنەڕەتییەکەی وڵاتی هیندستانە و لە کەشوهەوای خولگەیی و نیمچە خولگەییەدا گەشەدەکات، گەڵاکەی شیاوی خواردنە و لە هەندێک لە وڵاتەکاندا وەک جێگرەوەی سپێناخ بەکاردەهێنرێت وەک وڵاتی تایلەند.
زۆر بەئاسانی گەشە دەکات و بە ڕووەکێکی شەڕانگێز ناودەبرێت چونکە دەبێتە هۆی داپۆشینی هەموو پەرژین و دار و ڕاگرێک کە لە جێگەکەیدا هەبێت، هەروەها ژمارەیەکی زۆر ناوی جیاوازی هەیە کە بە گوێرەی ناوچەکان دەگۆڕێت، هەندێک کەس لە ئینجانەکاندا دەیچێنن، لاولاوەکە گەشە دەکات و بۆی گونجاوە، بەڵام بۆ گەشەکردن بەردەوام پێویستی بە هەڵبژاردنی ئینجانەی گەورە و دابینکردنی جێگە و هەلومەرجی دیاریکراوە، جگە لە ئەمانەش گرنگیپێدانی زیاتری دەوێت بە بەراورد بە ئەوەی کە لە خاکدا بچێنرێت، سەرئەنجام باشترە لە دەرەوەی ماڵەکاندا واتا لە خاک و هەوای کراوەدا بچێنرێت.
هەنگاوەکانی چاندن
- ئەم ڕووەکە پێویستی بە جێگەیەکی خۆرەتاوە بەڵام لە سەرەتای تەمەنیدا لە ڕووناکی زۆر بەتین بپارێزرێت.
- دواتر خاکەکەی بۆ ئامادەبکرێت بە زیادکردنی پەینی کۆن و تێکەڵکردنی لەگەڵ خۆڵەکەدا.
- بە هەردوو تۆو و چڵی بچووکیش دەچێنرێت و زیاددەکرێت.
- کاتی چاندنی لە ناوچە خولگەیی و نیمچە خولگەییەکاندا دیاریکراو نییە، واتە لە هەموو کاتەکاندا دەچێنرێت جگە لە چلەی هاوین، باشترین کات بۆ چەکەرەکردنی تۆوەکەی ئەوەیە کە پلەی گەرمی لە نێوان ١٥-٢٧ پلەی سەدیدا بێت.
- باشترە لە کاتی چاندنی تۆوەکەی ستوونێک یاخود ڕاگرێکی بۆ جێگیربکرێت، بۆ ئەوەی کاتێک دەستدەکات بە گەشەکردنی خێرا خۆی پێوەبنووسێنێت، لاولاوی کولەکە دەتوانێت زیاتر لە ١٢ مەتر درێژببێت.
- چاندن بە تۆو کاتی زۆر پێویستە هەتاکوو بەرهەمی دەبێت، بەڵام ئەگەر چڵێک بچێنرێت باشترە و لە دوای ١-٢ ساڵ بەرهەمی دەبێت.
شێوازی گرنگیپێدان
ڕووەکەکە بە سروشتی خۆی لە ناوچە خولگەییەکاندا گەشە دەکات، واتە بۆ گەورەبوونی تەواو لەهەمان کاتدا پێویستی بە گەرمی و شێ هەیە، دەکرێت لە نزیک کەنارەکانیشدا بچێنرێت بەڵام لە جێگە زۆر ساردەکاندا گەشە ناکات، یاخود دەکرێت لە شوێنێکدا کە بەشێک لە کاتەکانی سێبەربێت گەورە ببێت بەڵام بەرهەمی باش ناگرێت.
ئەم جۆرە کولەکەیە بۆ گەشەکردن پێویستی بە گرنگیپێدانی زۆر نییە، بەڵام بۆ ئەوەی زۆر باش و نموونەیی بێت، باشترە گرنگی بە هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی بدرێت، بۆ نموونە ئەم ڕووەکە ئارەزووی خاکی شێدار دەکات، بۆیە پێویستە لە کاتی ڕێکخراودا ئاوبدرێت و ڕێگەنەدرێت خاکەکەی وشک ببێتەوە، بەتایبەتی کاتێک کەشوهەوا گەرمە یاخود سەرەتای گەشەکردنییەتی و بچووکە، هەروەها بە سروشتی خۆی ڕووەکێکی بەهێزە و بەئاسانی تووشی نەخۆشی نابێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە چاودێری بکرێت و کاتێک بە تووندی ڕووبەڕووی هۆکارێکی نەخۆشی دەبێتەوە دەرمانی قڕپێکەری بەسەردا بپرژێنرێت.
یەکێک لە گرفتەکانی ئەم ڕووەکە ئەوەیە کە دەکرێت هەندێکجار بەتەنها نەتوانێت بەرهەمی هەبێت، بۆ ئەمانە دەبێت سەرنج بدرێت کە لاولاوەکە نێرینەیە یاخود مێینەیە دواتر لاولاوێکی ڕەگەزی بەرامبەری لە تەنیشتدا بچێنرێت، جگە لە ئەمەش لاولاوی کولەکە زۆر بڵاودەبێتەوە و پێویستی بە چاودێریکردنی بەردەوامە، بۆ ئەوەی جێگەی زۆر داگیرنەکات دەبێت ببڕدرێت و هەڵبپاچرێت، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستی بە بڕەرێکی تیژ و چەور کراوە، دوای بڕینیش ئەوانەی لێدەکرێنەوە دوور بخرێنە لە زەوی و بەکاربهێنرێن، چونکە ئەگەر لەسەر زەوییەکەبن بە ئاسانی ڕەگ دادەکوتن و دووبارە گەشەدەکەنەوە، کاتی هەڵپاچینیشی لەدوای گوڵگرتن و لێکردنەوەی بەرەکەیەتی.
کاتێک لقە درێژبووەکانی لاولاوەکە دەگەنەوە زەوی دەتوانن دووبارە تێکەڵی خاک ببن و ڕەگ دابکوتن، واتە لاولاوەکە زۆر فراوانتر و داگیرکارتر دەبێت، یاخود کە بەرهەمەکەی بکەوێتە سەر زەوی یان تۆوی گوڵەکانی بوەرێت، بەهەمان شێوە ئەمانیش چەکەرە دەکەن و دووبارە سەوزدەبنەوە، بۆیە باشترە ئەو چڵانەی شۆڕدەبنەوە ببڕدرێن و ئەو بەرهەمانەشی دەکەونە سەر زەوییەکە لاببرێن و دووربخرێنەوە.
لاولاوی کولەکە لە پاش ١٢-١٤ هەفتە لە چاندنی گوڵ دەگرێت و بەری لاولاوەکە دەردەکەوێت، خێرا گەشە دەکات و کاتێک کە درێژییەکەی تەنها ٥ سانتیمەتر بێت پێویستە لێبکرێتەوە، ڕێژەی بەرگرتنیشی بەڕادەیەک بەرزە کە پێویستە ڕۆژانە لێبکرێتەوە و چاودێری بکرێت، گونجاوتر ئەوەیە کە کاتێک کولەکە بچووکەکە تەنها چەند سانتیمەترێکە و ڕەنگی کاڵە لێبکرێتەوە، چونکە ئەگەر زیاتر چاوەڕێ بکرێت بۆ گەورەبوونی، ئەوا شێوەکەی جوانتر دەبێت بەڵام تامەکەی ناخۆشترە بە بەراورد بە بچووکەکان.