بەرکار

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-05-01-20:51:00 - کۆدی بابەت: 8460
بەرکار

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بەرکار (بە ئینگلیزی: object، بە عەرەبی: المفعول به) ناوێک یان کۆمەڵە وشەیەکە کە مەبەستی کاری بەسەردا دەچەسپێت و کارێکی بەسەردا هاتووە، یاخود دواتر بەسەریدا دێت. هەمیشە لەگەڵ کاری تێپەڕدا دێت و کاریگەری کاری دەکەوێتە سەر. بەرکار لە دوو وشەی "بەر" و "کار" دروست بووە کە بە واتای ئەوە دێت کەسێک یان شتێکە دەکەوێتە بەر کار و تووشی دەبێت.

پێوەری بەرکار بۆ جیاکردنەوەی کرداری تێپەڕ لە تێنەپەڕ

لە زمانی کوردیدا بەرکار گرنگییەکی ڕێزمانی زۆری هەیە و بەگشتی وەک نیشانە و پێوەرێکی دانپێدانراو و باوەڕپێکراو لە جیاکردنەوەی کرداری تێپەڕ لە تێنەپەڕ دەژمێردرێت بەو مانایەی هەر ڕستەیەک بەرکاری وەرگرت پێویستە کردارەکەی تێپەڕبێت و بە پێچەوانەوە.
بە گشتی ئەو پێوەر و نیشانانەی لە زمانی کوردیدا بۆ جیاکردنەوەی دوو دەستە کرداری تێپەڕ لە تێنەپەڕ دانراون گشتگیرن و تێیاندا کرداری سادە لە ناسادە جیانەکراوەتەوە و ئەو گۆڕانکارییانەی لە ڕستەدا ڕوودەدەن بەجۆرێک باس کراون کە بۆ هەموو جۆرە کردارێک دەگونجێن، بەڵام گەر تەماشای ئەو پێوەرانە بکەین بۆ بەشێکی زۆر لە کردارە لێکدراوەکان نەگونجان تێیاندا بەدی دەکرێت و ناتوانین لە کرداری لێکدراودا جێبەجێیان بکەین.
لە زمانی کوردیدا کۆمەڵێکی زۆر کرداری لێکدراوی تێپەڕمان هەن لە بەکارهێنانیان لە ڕستەدا پێویستیان بە بەرکاری دەرەکی نییە بیهێننە ناو ڕستەکەوە یان بەجۆرێکی تر توانای ڕاکێشانی بەرکاریان نییە تا کردارەکەی بەسەردا جێبەجێ بکرێت، بەڵکوو لە بەشێک لە خۆیان شوێنی بەرکارەکەش پڕدەکەنەوە و ڕۆڵی بەرکار و کردار لەناو خۆیاندا کۆدەکەنەوە و لەکاتی بەکارهێنانیان لە ڕستەدا دەبنە دوو بەش و بەشی یەکەمیان وەک بەرکار و بەشی دووەمیان وەک کردار ڕەفتار دەکەن، بەڵام ئەم دابەش بوونە کار لە لێکدراو بوونیان ناکات واتە ئەم کردارانە لە دەرەوەی ڕستەدا بە لێکدراوی دەمێننەوە و بە (لێکدراوی فەرهەنگی) ناودەبرێن.
ئەم کردارانە (کرداری لێکدراوی ناو فەرهەنگن، کاتێک دێنە بەکاردەبرێن لە یەکتری جیادەبنەوە و بەشی یەکەمی کردارەکە دەچێتە جێکەوتەی بەرکار و دەبێتە بەرکاری ڕستەکە).

بە پێی ئەم یاسایە ئەم جۆرە کردارانە کە ژمارەیەکی زۆریان لە زمانی کوردیدا بەرچاو دەکەوێت و هەروا بە هەوانتە ناکرێت پشتگوێ بخرێن و تەنها لەبەرئەوەی بە ڕاستەوخۆیی بەرکاری دەرەکی وەرناگرن بە تێنەپەڕ بیانژمێرین، بۆیە بە پێویست زانراوە کە ڕێگایەکیان بۆ بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی لە گومانی تێنەپەڕبوون دوور بخرێنەوە و ئەگەر وانەکرێت پێویستە ئەم کردارانە بخرێنە ڕیزی کردارە تێنەپەڕەکانەوە کە ئەمەش پێچەوانەی مەبەستە چونکە ئەم کردارانە لە بنەڕەتدا بە سادەیی هەموویان تێپەڕن و بەشێکی زۆریشیان لە کرداری فرە چالاکی (کرد)ـی تێپەڕ دروست بوون کە بەهۆی چالاکییەوە دەتوانرێت ژمارەیەکی زۆر کرداری ناسادەی تێپەڕی لێ دروست بکرێت. 
جا ئەم کردارانە تەنها لە وەرگرتنی بەرکاردا کێشە دروست ناکەن بەڵکو لە کردنیان بە بکەرنادیاریش گرفتی دی پێش دێنن، وەک: (شەڕکرد، ڕاکرد، نوێژکرد، شوکرد، ئیش کرد، نان کرد، جووت کرد، ئاوهێنا، چالێنا، ئاوخوارد، نان خوارد، خەم خوارد، سواڵ کرد، قسەکرد، سوێندخوارد، وەسیەت کرد، بازدا، هەوڵدا).

لێرەدا پێویستە هەڵوێستە لەسەر شتێک بکەین بە تەماشاکردن و سەرنجدان لە بەشی یەکەمی کردارەکان بۆمان دەردەکەوێت هەموو کردارەکان بەشی یەکەمیان لەناو پێکهاتووە ئەم ناوانەش توانای جێبەجێ کردنی کردار هەیە بەسەریاندا بۆیە کاتێک لەڕستەدا بەکاردەهێنرێن و ئەرکی بەرکاریان پێ دەسپێردرێت هی ئەوەیە کە هەریەک لەم ناوانە کە دەکەونە بەشی یەکەمی کردارە لێکدراوەکانەوە دەتوانرێت زۆر بە ئاسانی هێزی جێبەجێ کردنی کردارەکانیان بەسەردا بسەپێنرێت، بەڵام کردارەکان لێکدراوبوونی خۆیان لەدەست نادەن وەک چۆن لە ڕستەی بکەرنادیاردا بەرکار بەناچاری دوای لابردنی بکەر و ئەو جێناوە لکاوەی پەیوەستە پێیەوە دێتە شوێنی بکەر و دەبێتە جێگری بکەر بەڵام بەرکاربوونی خۆی لەدەست نادات، واتە نابێتە بکەر.

بۆیە ئەمە بە باشترین ڕێگە دانراوە بۆ خۆ ڕزگارکردن لەم گرفتە و ڕزگارکردنی ئەو کردارانەش لە بوونیان بە تێنەپەڕ چونکە کارێکی ناگونجاوە ئەو کردارە تێپەڕە چالاکانە بە لێکدراوبوونیان لە تێپەڕەوە ببنە تێنەپەڕ، بەڵگەیەکی دیکەی زۆر سادە و سەلمێنەری لێکدراوبوونی ئەم کردارانە ئەوەیەکە هەریەک لەم کردارانە زۆربە ئاسانی و سەرکەوتووانە دەکرێنە ناوی لێکدراو بەهەموو جۆرەکانییەوە کە ئەمەش هیچ گومانیک ناهێڵێتەوە تا بیر بۆ ئەوەبچێت کە ئەم کردارانە مادام لە ڕستەدا دوو ئەرک وەردەگرن کەواتە دوو بەشن و لێکدراونین و تەنها گونجان وای لێکردوون کە وەک لێکدراو دەربکەون بۆ نموونە:

نانکەر، ڕاکەر، ئیشکەر، ئاوهێن، شەڕکەر، نانخۆر، سوێندخۆر.


سەرچاوەکان



3402 بینین