قەرنابیت

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-05-04-09:17:00 - کۆدی بابەت: 8499
قەرنابیت

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

قەڕنابیت (بە عەرەبی: قرنبیط، بە ئینگلیزی: Cauliflower) لە پۆلێنی ڕووەکە ڕەقەکانە، لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست دەچێنرێت و بەربڵاوە، شێوەی هاوشێوەی گوڵێکی گەورەیە و چەند پەپکە گوڵێکی سپی پێوەیە، بە بڕی نیو مەتر بەرز دەبێتەوە و لە دەوری گوڵەکان گەڵای گەورەی شێوە بازنەیی ڕەنگ سەوز هەیە، لە کەشێکی سارد دەڕوێت و بە دیاریکراوی لە پلەی 16ـی سیلیزیدا، پێویستە خاکەکەی تەڕ و شێدار بێ و ڕێژەی نایترۆجینی بەرز بێت. بەپێی توێژینەوە زانستییەکان قەرنابیت بەراورد بە ڕووەکەکانی تر ڕێژەی فسفۆر تێیدا بەرزە، هەروەها ڕووەکێکی دەوڵەمەندە بە دژەئۆکسان و پێکهاتەی کبریتی.
بە کاڵی و بە کوڵاوی و بە برژاوی دەخورێت، لە دروستکردنی چەند خۆراکێک پێکهاتەی سەرەکەییە نموونەی ترشیات و خواردنە شۆرکراوەکان و زەڵاتە و شۆربا.
قەرنابیت و بڕۆکلی لە هەمان پۆلێنی خۆراکین، بەڵام لە ڕەنگ و تام و پێکهاتەی خۆراکی جیاوازن.

سوودە تەندروستییەکانی قەرنابیت

  • ئاسانکردنی کاری هەرس: قەرنابیت بڕێکی زۆر لە ڕیشاڵ و ئاو لە پێکهاتەکەیدا هەیە، ئەم دوو پێکهاتەیە یارمەتی ئاسانکردنی هەرس دەدەن و تەندورستی کۆئەندامی هەرس دەپارێزن.
    هەروەها یارمەتی گەشەکردنی بەکتریا سوودبەخشەکانی ڕیخۆڵە دەدات، دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی هەوکردنی ڕیخۆڵەکان.
  • دژی دروستبوونی خانە شێرپەنجەییەکانە: بەهۆی بوونی بڕێکی زۆر لە دژەئۆکسانەکان لە قەرنابیتدا، یارمەتی پاراستنی خانەکان لەش دەدەن و ماددە ئۆکاسنە زیانبەخشەکانی خانەکان کەم دەکەنەوە.
    لە چەند توێژینەوەیەکی زانستی دەرکەوتووە کە قەرنابیت دژەئۆکسانی جۆری Indole-3-carbinol تێدایە کە لە هەریەک لە بڕۆکلی و کەلەرم بوونی هەیە و ڕێگری لە دروستبوونی چەند جۆرێکی شێرپەنجەی لەش دەدات نموونەی، شێرپەنجەی مەمک، شێرپەنجەی سییەکان، شێرپەنجەی پرۆستات و شێرپەنجەی پەنکریاس.
  • بەهێزکردنی یادەوەری: بەهۆی بوونی ماددەی "کۆلین" لە قەرنابیتدا یارمەتی بەهێزکردنی ژیری و یادەوەری دەدات و کوالێتی خەو باشتر دەکات، هەروەها بەهۆی پێکهاتە خۆراکییەکانیەوە یارمەتی زیاتر گەشەکردنی خانەکانی مێشک دەدات و ڕێگری لەبیرچوونەوە دەکات.
  • بەهێزکردنی ئێسک: بەهۆی بوونی ڤیتامین کەی لە قەرنابیتدا، ئێسک لە کێشەکانی وەکوو ئێسکەنەرمە و شکاوی دەپارێزێت.
  • ڕێکخستنی سوڕی خوێن: بەهۆی پێکهاتەی ڕیشاڵەوە، قەرنابیت یارمەتی ڕێکخستنی سوڕی خوێنی لەش دەدات و یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی کێشەکانی ئەو بوارە نموونەی پەستانی خوێن و نەخۆشییەکانی دڵ.
  • ڕێکخستنی ڕێژەی ئەنسۆلین: پێکهاتە خۆراکییەکانی قەرنابیت یارمەتیدەرن لە ڕێکخستنی هۆڕمۆنی ئەنسۆلین لە لەشدا.
  • یارمەتی کێش دابەزاندن دەدات: بەهۆی بوونی ماددەی ڕیشاڵ و کەمی کالۆری قەرنابیت هەستی تێری دەبەخشێت، بۆیە لە زۆرێک لە ڕیجیم و سیستمە خۆراکییە تەندروستییەکاندا قەرنابیت پێکهاتەیەکی سەرەکییە و پەسەندە.

پێکهاتەی خۆراکی قەرنابیت

بڕی هەر 100 گرامێک لە قەرنابیتی کاڵ ئەم پێکهاتە خۆراکییانە لەخۆدەکرێت:

ئاو 92.07 گرام
وزە 29 کالۆری
پرۆتین 1.16 گرام
چەوری 0 گرام
کاربۆهیدرات 4.65 گرام
ڕیشاڵ 1.2 گرام
شەکر 2.33 گرام
ڤیتامین C 24.4 ملیگرام
ڤیتامین K 16.6 ملیگرام
فۆلک ئەسید 61 مایکرۆگرام
فسفۆر 47 ملیگرام
پۆتاسیۆم  320 ملیگرام
مەگنسیۆم 16 ملیگرام
کالسیۆم 24 ملیگرام

کاریگەری لاوەکی و زیانەکانی قەرنابیت

سەرباری سوودە تەندروستییەکانی قەرنابیت، بەهۆی بوونی ڕیشاڵ تێیدا زیادەرۆیی کردن لە خواردنی کاریگەری لاوەکی هەیە و بۆ چەند کەسێک زیانی هەیە، گرنگترین کاریگەرییە لاوەکییەکانی بریتیین لە:
ـ دروستبوونی هەستیاری
ـ بۆ ئەوانەی کێشەیان لە ڕیخۆڵە و قۆڵۆن هەیە ئەگەر زیادەڕۆیی لە خواردنی بکەن زیانی بۆیان هەیە
ـ ئەگەر بە سوورکراوەیی زیادەڕۆیی لە خواردنی بکرێت زیان بە گەدە دەگەیەنێت و کرداری هەرس قورس دەکات و سوودە تەندروستییەکانی کەم دەبێتەوە
ـ لە هەندێک حاڵەتی دەگمەندا قەرنابیت دەبێتە هۆی بەکڵۆبوونی خوێنی لەش


سەرچاوەکان



926 بینین