کۆتایی داستانێ - شێرکۆ بێکەس

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم - به‌روار: 2022-05-05-22:00:00 - کۆدی بابەت: 8514
کۆتایی داستانێ - شێرکۆ بێکەس

ناوه‌ڕۆك

کۆتایی داستانێ

شاعیر: شێرکۆ بێکەس

بەرهەم: مێرگی زام مێرگی ھەتاو

شیعر: کۆتایی داستانێ

دژوار ژیا و سانا کوژرا. یەک لە دوای یەک
بەناو زنجیرە دۆزەخ و گەلیی خوێن و
مێژوویەکی بەردەڵان و
کاروانسەرای ترس و بیمدا
بەناو مردنێکی چڕدا
ڕۆی تێپەڕی و لەو سەرەوە
وەک هەتاوێکی کاکۆڵ سوور
هاتە دەرێ. 
یەک لە دوای یەک
چووە گەرووی مەحاڵەوە. 
چووە قوڕگی ئەژدیهاوە. 
چووە گێژەنی ژەهرەوە و
چووە ناو سکی بەردەوە و
لەو سەرەوە
وەک گژوگیای دەم بەخەندە
هاتە دەرێ. 
سەخت ژیا و
ئاسان کوژرا. 
یەک لە دوای یەک
خۆی کرد بەناو
کونەدار و کونە گورگ و
کونە مەرگا و
توونی بابا و ئاوی ئاموونی ئەنفال و
دوای ئەنفالی هەمووی بڕی و
دیسانەوە لەو سەرەوە
وەک گەرداوێکی تەوێڵ سەوز
هاتە دەرێ. 
دژوار ژیا و
سانا کوژرا! 
بەرد ئەزانێ.. پیرەمەگروون کۆڵی دابوو. 
«با» ئەزانێ.. ئەژنۆی چەرماوەند ئەلەرزی. 
خۆر ئەزانێ.. هەتاو لە ترسا خزابووە ئەشکەوتەوە. 
عەرد ئەزانێ.. هەر لە ترسان
باران لێزمەی تەرک کرد. 
هەور چەخماخەی تەرک کرد. 
ڕەشەبا گڤەی تەرک کرد. 
کێوان دەستیان بە کڵاوی لوتکەوە گرت
- هەتا بەعس نەیفڕێنێ -
لەو دەمەدا و لەبەر باهۆزی ئەنفالدا
کێ ڕای نەکرد؟ ! 
لەو دەمەدا منیش سەرم لە ئەوروپا و
کلکی شیعرم لە ئێراندا تۆزی ئەکرد! 
لەو دەمەدا.. ئەو دەستانەی ساتە وەختێ
لە دەستەکانی کوردستان نەبوونەوە
لە عیشقی ئاوو منداڵ و
لە عیشقی مەل و درەخت و
لە عیشقی خاک و هەژاران
چرکەیەک جوێ نەبوونەوە
دەستەکانی «غەریبی هەڵەدنی» بوون! . 
دژوار ژیا و
سانا کوژرا! . 
تۆڕی صەدام.. هەرچەندی کرد
ئەم ورەیەی بۆ نەگیرا. 
ئاگری صەدام.. هەرچەندی کرد
ئەم ئەوینەی پێ نەسووتا. 
ژەهری صەدام.. هەرچەندی کرد
ئەم ڕووبارەی پێ نەخنکا
گوللەی صەدام... هەرچەندی کرد
ئەم پڵنگەی بۆ نەپێکرا. 
کەچی ڕۆژێ
ڕۆژێکی هێمن و سادە
ڕۆژێکی خۆش
بێتەم، بێ ژەهر، بێ صەدام
لە تەختایی ئازادیدا
لە نەرمانیی ئازادیدا
چەقۆیەکی دەستی خۆمان
چەقۆیەکی ماڵی خۆمان
بە سانایی سەری بڕی
تف
لە خۆمان!!

بۆ شەهید غەریب هەڵەدنی


سەرچاوەکان



575 بینین