شیعری پاییز

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-20-04:30:00 - کۆدی بابەت: 2415
شیعری پاییز

ناوه‌ڕۆك

شیعری پاییز

پاییز ! بەڕاستی خەڵاتی خودای
چەند ناخۆش دەبوو کەتۆمان نەبای

پاییز ! چەند خۆشە گەڵا ڕێزانت
خشپەی گەڵاکان لەژێر دارانت

قژی دارەکان دەرژێن بە نۆرە
دانە بە دانە چکۆلە و گەورە

گەڵای وەریوت زەردو سورو کاڵ
عەرز ڕەنگین دەکا لەو وەختە لە ساڵ

بای ساردی ئەتۆ وێنەی هەناسە
هاتنی وەرزێک دەکا پێناسە

وەرزی پاییزی پڕ لە جم و جۆڵ
مەیدان خۆش دەکا بۆ سەرما و بۆ سۆڵ

جوتیاران دەڕنن ڕومەتی زەویی
وڵات دەکێڵن ، بەرزایی و نەویی

دەچێنن دانە لە ژێر ئەو عەرزە
چاویان لە ڕەحمی خاوەنی بەرزە

دەپاڕێنەوە بۆ کارو باریان
پێیان ببەخشێ پەروەردگاریان

لەڕزق و ڕۆزی پێیان کەرەم کا
موحتاج بە دەستی نامەردیان نەکا

فرمێسکی هەورت کاتێک دێنە خوار
زەۆی پڕ دەبێ لێوارەو لێوار

بە ئاویی باران عەرز تەر دەبێ
ویشکایی دەروا لەئاو پڕ دەبێ

پەڵەی پێدەڵێن لە کوردەواری
ڕوو لە خەڵک دەکا ئومێدەواری

ڕۆژگاری کورتت بۆ ماندوبووان
دەرفەتێ باشە تا بدەن وچان

شەوگاری بەرزو بڵند و دڕێژ
چێژی لێ دەبا بابای نوکتە بێژ

خەڵکان بە نۆرە سەر لەیەک دەدەن
بەقسەو باسی خۆش شەوگار شەق دەکەن

لە مزگەوتەکان لە بەر هەیوانان
کۆوە دەبنەوە پیرو جەوانان

هەمووی پێکەوە شادو دڵخۆشن
ئەو هەڵسوکەوتە دڵ دەکا ڕۆشن

ئەوەی من دەیڵێم باوی دێهاتە
ئێستاش هەر ماوە ئەلەو وڵاتە

هەرچەند بەێنێکە لێمان تێکچووە
کڕۆنا هەمووی لە ناو بردووە

بەڵام گەش بینین بەڕەحمی خوا
ئەو دەردە لابا ، دەردی بێ دەوا

هەتا وەک جاران دڵ خۆش و شاد بین
لە بەڵاو گرفت هەموو ڕزگار بین

وەرزی پاییزمان بە خۆشی بروا
هیچ کات تەمەنمان بە تاڵی نەروا

یاڕەب بۆ خاتر ناویی پیرۆزت
پێمان کەرەم کەی لە میهر و سۆزت

گەلی کوردوستان داییم سەرکەوتوو
دوژمنانی گەل هەمیشە ماندوو

هۆنراوەی : یوونس سولەیمان زادە


سەرچاوەکان



5402 بینین