کوردستان موکریانی

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-05-05-22:25:00 - کۆدی بابەت: 8517
کوردستان موکریانی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کوردستان موکریانی (بە ئینگلیزی: Kurdstan mukriany) زمانناس و نووسەر و چالاکوانی مافی ژنان و هۆنراوە نووسێکی کوردە. لە ساڵی ١٩٤٧ زایینی له شاری هەولێر لەدایکبووە. باوکی كوردستان موكریانی (گیوی موكریانی) لە خۆشەویستی بۆ كۆماری كوردستان، کچەکەی ناو ناوە (كوردستان)، ئەو ناوەی هەندێكجار كێشەی بۆ دروستكردووە، بەرپرسانی بەعس لە عێراق پێیان وتووە ناوت كوردستانە و جوداخوازیت، زۆر بە زەحمەت ڕەگەزنامەی عێراقییان پێداوە.

ژیاننامە

خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی لە هەولێر تەواو کردووە. لەدوای وەرگرتنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس بە پلەی یەکەم لە بەشی زمانی کوردی زانکۆی بەغداد بۆ تەواوکردنی خوێندنی باڵا ڕووی لە مۆسکۆ کردووە، لە ساڵی ١٩٧٧ زایینیدا بڕوانامەی دکتۆرا لە زانستی فایلۆلۆجی لە پەیمانگای ڕۆژهەڵاتناسی سەر بە ئەکادیمیای سۆڤیەت وەرگرتووە، هەر لە هەمان ساڵدا گەڕاوەتەوە کوردستان و لە زانکۆی سلێمانیدا دامەزراوە. ساڵانی ١٩٧٨ تاکوو ١٩٨٢ سەرۆکایەتی بەشی زمانی کوردی لە زانکۆی سلێمانی و دواتر زانکۆی سەلاحەدینی پێ سپێردراوە. لە ساڵی ١٩٨٢ گوازراوەتەوە بۆ بەغداد و تاکوو ١٩٨٧ لە بەغداد لە دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن دامەزراوە. لەوێ لە گۆڤارەکانی (بەیان) و (ڕۆشنبیری نوێ) بەشداری کردووە. ساڵی ١٩٩١ ڕووی کردووەتە وڵاتی هۆڵەندا و وەک شارەزا و هەڵسەنگێنەر لە سەنتەری وەرگێڕاندا کاری کردووە. ساڵی ١٩٩٩ لە دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراسدا سەرپەرشتی ئامادەکردن و سەر لەنوێ نووسینەوە و چاپکردنی (فەرهەنگی کوردستان)ـی کردووە. ساڵی ٢٠٠٠ بووە بە ئەندامی کارای کارگێڕی کۆڕی زانیاری کوردستان و لە ساڵی ٢٠٠٦ بووە بە سەرۆکی ئەو کۆڕە. لە ٢٠٠١ سەرنووسەری گۆڤاری (شاووشکا) بووە، کە گۆڤارێکی ڕۆشنبیری وەرزییە بۆ ئافرەتان و لە ٢٠٠٢ دا (سەنتەری شاووشکا بۆ چالاکی ڕۆشنبیری) دامەزراندووە. لە ساڵی ٢٠٠٧ بە سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان هەڵبژێرراوە.

پەیوەندی لەگەڵ عەبدوڵڵا پەشێو

كوردستان موكریانی باسی چیرۆكی عەشقی عەبدوڵڵا پەشێو و ئەو هۆنراوانەی کردووە كە بۆی نووسیون. عەبدوڵڵا پەشێو هەندێكجار پێش بڵاوکردنەوەیان هۆنراوەكانی خۆی بۆ کوردستان ناردووە بۆ ئەوەی پێداچوونەوەی بۆ بکات، هەروەها هەندێك لەهۆنراوەکانی بۆ کورستان موکریانی نووسیوە، یەكێك لەو هۆنراوانە (بەڵێن بدە)یە كە تێیدا شاعیری گەورەی كورد عەبدوڵڵا پەشێو دەڵێت:

بەڵێن بدە ..

هەناسەم بیت . سێبەرم بیت . بارانم بیت 

تاكو منیش شانۆی كۆنم جێ بهێڵم

دەمامكی ڕووم فڕێ بدەم

دوو باڵی پڕ خۆشەویستیم

لە گەردنت گرێ بدەم

هەروەها  کوردستان موکریانی لەبارەی خۆشەویستی باسنەکراوی خۆی و شاعیری ناوداری کورد عەبدوڵڵا پەشێو وتوویەتی: "پەشێو كاتێك لە ژیانی مندا پەیدابوو، كەلكەلەی تەواوكردنی خوێندن لە دەرەوەی وڵات هەموو مێشكی داگیر كردبووم. ئەوسا هیچ پڕۆژەیەكی خۆشەویستی لە ژیانمدا نەبوو، بەداخەوە پەشێو ئەو بوێریەی تێدانەبوو پێم بڵێ خۆشیدەوێم".

هەروەها لەبارەی كاریگەری ئەو بەسەر شیعری پەشێوەوە وتوویەتی: "شاعیرێكە جێگەی دیاری هەیە، دوای ئەوەی منی ناسی، ژن و نیشتمان لە شیعرەكانیدا بوونە هاوواتا و تائێستاش ئەمە لە شیعرەكانیدا ڕەنگدەداتەوە".

خێزان

لەگەڵ دکتۆر جەمال ژیانی هاوسەری پێکهێناوە، خاوەنی کچێک و کوڕێکە. کە کچەکەی نووسەرە و کوڕەکەشی وەرگێڕ و نووسەرە.

بەرهەمەکان

  • فەرهەنگی ڕووسی - کوردی، مۆسکۆ، ١٩٧٧
  • ئافرەت لە هۆنراوەی کوردیدا، سلێمانی ١٩٧٨
  • ڕێزمانی کوردی بۆ پۆلی یەکەمی بەشی زمانی کوردی سەر بە زانکۆکانی عێراق (بە هاوکاری نەسرین فەخری)، هەولێر، ١٩٨٢
  • وەرگێڕانی کتێبی (ڕێزمانی زمانی کوردی: بە کەرەستەی دیالێکتی کورمانجی و سۆرانی)ی قەناتی کوردۆیڤ لە ڕووسیەوە بۆ کوردی ، چاپخانەی الأدیب البغدادی، ١٩٨٤
  • سینتاکسی ڕستەی تێکەڵ، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، هەولێر، ٢٠٠٤


سەرچاوەکان



670 بینین