دەمێکە وەک ژنی سک پڕ - بێخود

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2022-05-11-22:23:00 - کۆدی بابەت: 8606
دەمێکە وەک ژنی سک پڕ - بێخود

ناوه‌ڕۆك

دەمێکە وەک ژنی سک پڕ زەمانەیی بەدخوو

شاعیر: بێخود

بەرهەم: دیوانی بێخود

ناوی شعر: دەمێکە وەک ژنی سک پڕ زەمانەیی بەدخوو

دەمێکە وەک ژنی سک پڕ زەمانەیی بەدخوو

بە خوێنی سەیید و شێخ و مەلا ئەکا بێزوو

دەمێکە داسی ئەجەل تیژ ئەکا وەکوو وەرزێر

خەریکی عالەمە پاکۆی ئەدا بە ڕیزە هەموو

دەمێکە دوختەرە لەم خەستەخانە کاولەدا

دەمێکە شەربەتی مردن ئەدا بە جام و سەبوو

وەها ئەسیری دەسی جەوری دەوری خوونخوارین

بە چنگی باز و شەهێن و هەڵۆوە وەک تەیهوو

ئەگەر ببێ بە سکەندەر بە بازوویی قووەت

وەگەر ببێ بە پەلەنگەر بە قووەتی بازوو

بە حوکمڕانی ئەگەر ببیە شاهی کەیخەسرەو

بە پاڵەوانی ئەگەر ببیە ڕۆستەم و بورزوو

ئەگەر بە زوهد و فەزیلەت ببیتە شێخی جونەید

وەگەر بە حیکمەت و فەن ببیە بوو عەلی، یا هو

کە هاتوو ڕشتەیی عومرت گەیشتە وەختی پسان

تەخەللوفی نیە بیللا بە قەدری یەک سەری موو

لە خانەدانی سەیادەت، لە دوودمانی عولووم

لە جێ هەواری سەخا حاتەمێکی هەڵکەوتوو

جەنابی حەزرەتی مەعرووف ئەفەندیی قازی

کە ئاشیانەیی شەهبازی ئەو بوو ئەوجی عولوو

درایێ ڕوتبە و تاجی سەعادەتی ئەبەدی

هومایی ڕۆحی فڕی بۆ بەهەشتی خولدی سەروو

خودا بە مەرحەمەتی خۆی مەقامی عالی کا

بە جاهی سیدرەنشینانی مونتەهای ژووروو

کە ساڵی مەغفیرەتی ئەو بوزورگەیان پرسی

لە بێخودی لە عەزاخانەیی خەما کەوتوو

ئەویش بە گریە و ئاه و هەنسکی حەسرەتەوە

حورووفی موعجەمەی ئەم شیعرە دوایییەی فەرموو:

هەزار و نۆسەد و سی و هەشتی فەجری میلادی

هەزار و سێسەد و پەنجا و حەوتی هیجری بوو


سەرچاوەکان



457 بینین