ناوهڕۆك
ناساندن
داس (بە عەربەی: المنجل، بە ئینگلیزی: Sickle) ئامرازێکی کۆنی سەرەتایی کشتوکاڵییە، جوتیاران لە کۆندا بۆ دروێنەکردن و دوورینەوەی چەند جۆرێکی بەرهەمی کێڵگەکانیان سوودیان لێی دەبینی نموونەی دروێنەکردنی دانەوێڵەی وەکوو گەنم و جۆ، هەروەها بۆ پەرچکردنی دەوەن و گژوگیا چڕەکانی نێو باخ و بێستانەکان سوودی لێبینراوە.
داس لە دوو پارچە پێکهاتووە، سەرێکی نیمچە چەماوەی تیژ و بڕەڕی هەیە و لە جۆرە ئاسنێکی پتەو و بەهێز دروست دەکرێت، بەشی دووەمی دەسکەکەیەتی کە لە دار دروست دەکرێت تا هەڵگرتن و بەکارهێنانی ئاسان بێت، قەبارەکەی گەورە نییە و بە جۆرێکە کە لەگەڵ قەبارەی نێو لەپی دەست بگونجێت و بەکارهێنانی ئاسانە.
لە ئێستادا بەهۆی پێشکەوتنی سەردەم و دەرکەوتنی چەندان ئامێری سەردەمییانەی بواری کشتوکاڵی، بەکارهێنانی ئەم ئامرازە کەم بووەتەوە و لە هەندێک شوێن لەناوچووە و لەو شوێنانە بەکاردەهێنرێت کە ژیان تێیدا سەرەتاییە.
مێژووی داس
هەر لە سەردەمانی کۆن و چاخی بەردینەوە داس بەشێوەی سادە و جیاواز لەلایەن مرۆڤی نێو ئەشکەوتەکانەوە بەکارهێنراوە و بۆ کشتوکاڵی و ڕاوکردن سوودی لێ بینراوە، بەپێی ئەو هەڵکۆڵینە مێژووییانەی کە دۆزراوەتەوە هێمای داس لەنێو ئەشکەوتە کۆنەکانی سەردەمی بەردین دۆزراوەتەوە. لە سەردەم و چەرخی بڕۆنزی داس لە ئەورووپا بەکارهێنراوە، لە زۆرێک لە گەنجینە و شوێنەوارە دۆزراوەکانی ئەو سەردەمەدا بوونی هەبووە، لە چاخی ئاسنیندا لە پەرستگا و ڕێوڕەسمە ئایینییەکان لە یۆنانی کۆن و چەند شارستانییەکی ئەورووپا داسی ئاڵتوونی بەکارهێنراوە.
هێمای چەکوش و داس
ئەم هێمایە پێناسەی جووڵانەوە و حیزب و هزری شیوعییەت و سۆزیالیزمی و کۆمۆنیستییە.
داس و چەکوش هێمایەکن کە نوێنەرایەتی و پاڵپشتی چینی پرۆلیتاری دەکەن، واتای یەکگرتنی نێوان چینی جوتیارەکان و چینی کرێکارانە، لەدوای هەڵگیرسانی شۆڕشی ڕووسیا بۆ یەکەم جار هێماکە گۆڕانکاری بەسەردا هێنرا، ڕووسییەکان تایبەتیان کرد بەخۆیان، چەکوشەکەیان تایبەت کرد بە چینی کرێکاران و داسەکەشیان تایبەت کرد بە چینی جووتیاران، هێماکە ڕەنگێکی سووری هەیە و لە ئاڵای یەکێتیی سۆڤیەت لەنێوان ساڵانی 1955 بۆ 1991 بەکارهێنرا.
ئەم هێمایە لە زۆرێک لە ئاڵا و دروشمەکانی ئەو لایەن و وڵاتانە بەکارهێنراون کە هەڵگری هزر و بیری شیوعی و سۆسیالیزمین و تا ئێستاش هەندێک ئاڵای جیهان ئەو هێمایە لەخۆدەگرێت.