موزەفەر نەواب

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-05-21-13:54:00 - کۆدی بابەت: 8725
موزەفەر نەواب

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

موزەفەر نەواب (بە عەرەبی: مظفر النواب) شاعیر و ئەدیبی بوێری عێراقی ناودار، لە دیارترین شاعیر عێراقییەکانە کە لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردووەوە ئەزموون و خەباتی شیعری دەسپێکردووە، لەدایکبووی ساڵی 1934ـی ناوچەی کەرخی شاری بەغدادە، لە خێزانێکی ئەدەب دۆست و ڕۆشنبیر و خانەدان لەدایکبووە و پەروەردە کراوە، ماڵباتی باپیری لە سەردەمی عوسمانییەکان کۆچی وڵاتی هیندستانیان کردووە و دەسەڵاتی یەکێک لە ویلایەتە هندییەکانیان وەرگرتووە، بەڵام بەهۆی بەرهەڵستیان بۆ دەسەڵاتی داگیرکاری ئینگلیزەکانی ئەو سەردەمەی هیندستان، بە زەبری هێز گەڕێنراونەتەوە بۆ عێراق.
لە قۆناغی سەرەتاییەوە لە ڕێگەی مامۆستایەکی خۆیەوە بەهرەی نووسینی شیعری دۆزراوەتەوە و ئاشنای شیعر بووە، لە قۆناغی ناوەندی و ئامادەییەوە شیعری بەهێزی ڕێکخستووە و لە گۆڤار و ڕۆژنامەکان بڵاویکردووەتەوە. لە کۆلێجی ئادابی شاری بەغداد خوێندنی زانکۆی تەواوکردووە، پاشان لە وزارەتی پەروەردە لە بەغداد کاری کردووە و لە ڕێگەی پیشەکەیەوە هەمیشە پشتگیری لێهاتووان و ڕۆشنبیران و هونەرمەندان بووە.
لە تەمەنی لاوییەوە بووە لایەنگری هزری شیوعی لە عێراق و بووە ئەندامی ئەو حیزبە، تا ساڵی 1963 هەر لەسەر ئەو ڕێبازە مایەوە، پاشان بەهۆی کودەتای نەتەوەپەرستەکان و ناکۆکی نێوان نەتەوەپەرستەکان و شیوعییەکان، بە ناچاری بەرەو وڵاتی ئێران هەڵهات و ویستی لەوێوە بەرەو وڵاتی ڕووسیا کۆچ بکات، بەڵام حکوومەتی ئێرانی ئەو کاتە گرتی و ئەشکەنجەیەکی زۆری دا و پاشان ڕادەستی حکوومەتی عێراقی کردەوە و بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، بەڵام دواتر بڕیارەکەی گۆڕدرا بۆ زیندانی هەتاهەتایی.
ماوەی زیندانییەکەی لە زیندانیی "نوگرە سەلمان" لە شاری موسەننای باشووری عێراق لەگەڵ کۆمەڵێک لە چەپڕەو و ئەدیبی عێراقی تر بەسەربرد، دواتر گوێزرایەوە بۆ زیندانی "حللە" لە باشووری بەغداد، پاشان بە هەوڵی بوێرانەی خۆی توانی لەگەڵ کۆمەڵێک زیندانی تر لە ڕێگەی هەڵکەندنی چاڵەوە لە زیندان هەڵبێت و لە باشووری عێراق لە ناوچەی ئەهوازەکان خۆی حەشاردا، چیرۆکی هەڵاتنی لە زیندان لە هەموو عێراق و وڵاتانی عەرەبی دەنگی دایەوە و بووە باسی ڕۆژ، تا لە ساڵی 1969 بەر لێخۆشبوونی گشتی کەوت گەڕایەوە سەر پیشەکەی خۆی کە بەهۆی هەڵوێستی سیاسییەوە لێی دوور خرابووەوە، بەردەوام بووە لە بواری وانەوتنەوە و مامۆستایی.
بەهۆی بوێری و هەڵوێستەکانی دژی دەسەڵات و ستەمدارانی وڵاتەکەی، لە سەدەی ڕابردووەوە بە ناچاری ژیانی دوورەوڵاتی ژیاوە و دوورخراوەتەوە، وڵات بە وڵات لەنێوا وڵاتانی عەرەبی و ئەورووپا دەگوێزرایەوە.
لە ساڵی 2011 دوای 40 ساڵ غەریبایەتی و دەربەدەری، حکوومەتی ئەو کاتەی عێراق ڕێگەی پێدا کە بگەڕێتەوە وڵاتی عێراق، مام جەلال سەرۆکی ئەو کاتەی عێراق لە نووسینگەکەی خۆی لە بەغداد پێشوازی لێکرد.

شێوازی نووسینی

شێوازی نووسینی شیعرەکانی موزەفەر نەواب تێکەڵەیەک بوو لە زمانی عەرەبی پاراو و شێوەزاری گشتی عێراق، بە زمانی خەڵکی دەدوا و بوێرانە داکۆکی لە مافە ڕەواکانی گەلەکەی دەکرد، بە پێنووس و شیعرە نیشتیمانییەکانی بە زمانێکی ڕەق دژایەتی دەسەڵاتی ستەم و زۆرداری وڵاتی دەکرد و کەسێکی هەقبێژ و بوێر بوو.
سەرەتای دەسپێکی نووسینی لە بارەی باسە نیشتیمانی و کۆمەڵایەتییەکانەوە شیعری ڕێکخستووە، پاشان ڕێچکەکەی تایبەت کردووە بە ڕێکخستنی شیعری سیاسی و ڕەخنەیی دژی سیستمەکانی دەسەڵات لە ناوچە عەرەبییەکان بە گشتی و لە عێراق بە تایبەتی شیعری ڕێکخستووە، لە ڕادەبەدەر دەستەواژەی بوێرانە و بەهێزی بەکاردەهێنا و ترسی هیچ شتێکی نەبوو.
دوورخستنەوە و دەربەدەربوونی باجی بوێرییەکەی بوو، بەڵام ئەو نەبەردانە و بە بەردەوامی لە نووسینەوەی شیعر دژی ستەمکاران نەوەستا.

ناودارترین بەرهەمە شیعرییەکانی

  • القدس عروس عروبتكم
  • وتریات لیلیة
  • الرحلات القصبة
  • بحار البحارین
  • الاتهام
  • قراءة في دفتر المطر
  • بیان سیاسي
  • اللون الرمادي
  • رسالة حربية عاشقة
  • الریل و الحمد
  • زرازیر البراري
  • الحانة القدیمة

کوچی دوایی

موزەفەر نەواب لە تەمەنی 88 ساڵی لە ڕۆژی هەینی 20ـی ئایاری ساڵی 2022 لە نەخۆشخانەی شاریقە بەهۆی نەخۆشییەوە لە وڵاتی ئیماڕات کۆچی دوایی کرد.


سەرچاوەکان



896 بینین