فەتحوڵڵا گولەن

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-05-26-12:58:00 - کۆدی بابەت: 8796
فەتحوڵڵا گولەن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

محەمەد فەتحوڵڵا گولەن (بە عەرەبی: فتح الله كولن، بە ئینگلیزی: Muhammed Fethullah Gülen) زانا و بانگخوازێکی ئیسلامی تورکە و ڕێبەری بزووتنەوەی گولەنە. گولەن وەک نیوعوسمانییەکی کاریگەر، ئیسلامییەکی سیکۆلار، شاعیرێکی ئیسلامی، نووسەر، ڕەخنەگری کۆمەڵایەتی، و چالاکوان دەناسرێت و مۆدێرنیتەی دیموکراسی لە باوەش دەگرێت، ساڵی ١٩٥٩ بۆ ١٩٨١ ئیمام بووە.

کەسایەتییەکی سیاسی ناوەندگەرایی تورکیا و کۆمەڵێک وڵاتانی دەوروبەرییەتی. گولەن لە ساڵی ١٩٩٩ـەوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نزیک شاری سایلۆرسبورگ لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا ژیاوە. خۆی دەڵێت ڕەخنە کۆمەڵایەتییەکانی لەسەر باوەڕ و ڕەوشتی تاکەکان چڕبوونەتەوە و تا ڕادەیەکی کەمتر بەرەو ئامانجە سیاسییەکان دەڕوات و خۆی بە ڕەتکەرەوەی فەلسەفەی سیاسیی ئیسلامی وەسف دەکات، لەبری ئەوە بانگەشە بۆ بەشداریکردنی تەواوی هەموو کەسە ئایینی و عەلمانییەکان دەکات لە پیشە و کۆمەڵگا و ژیانی سیاسی دەکات. 

دامەزرێنەری بزووتنەوەی گولەن (خزمەت)ـە، بزووتنەوەیەکی بەهێزی ٣ بۆ ٦ ملیۆن کەسی و خۆبەخشی لە تورکیا و لە سەرانسەری جیهان دامەزراند. بەڵام لە ساڵی ٢٠١٦ و بەهۆی کودەتا ناسەرکەوتووەکەی ئەو ساڵە، سەرجەم قوتابخانە و دامەزراوەکان و قەوارەکانی دیکەی خزمەت لە تورکیا لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە داخران.

گولەن شوێنکەوتووی سەعید نوورسییە و لە بەرهەمەکانیدا سەرنجی لەسەر بیرۆکەی دیموکراسی و گفتوگۆی نێوان ئایینەکانە.

لە کۆندا هاوپەیمانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیا بوو، بەڵام پەیوەندی نێوان حکوومەتی پارتی داد و بزووتنەوەی گولەن وردەوردە گرژ بوو، بەتایبەت لە ساڵی ٢٠١٣، کاتێک تۆمەتی گەندەڵی لەسەر بەرپرسانی حکوومەتی تورکیا سەریهەڵدا، لەنێویاندا فەتحوڵڵا گولەن کە ئەردۆغان تۆمەتباری کرد بەوەی لە پشتەوە گەندەڵییەکانی کاریگەری نەرێنی لەسەر پارتی داد و گەشەپێدانی ئەردۆغان هەبێت.

ژیان

فەتحوڵڵا گولەن لە ٢٧ـی نیسانی ١٩٤١ لە گوندێکی بچووکی ناحیەی حەسەن قەڵای پارێزگای ئەرزەروم لەدایکبووە. باوکی (رەمیز ئەفەندی) کەسێکی ناسراو بوو لە بواری زانست و ئەدەب و ئاییندا، ماڵی باوکی میوانداریی بەردەوامی هەموو زانا و عارفانی ناسراوی ئەو ناوچەیە بوو، بۆیە محەمەد فەتحوڵڵا لەگەڵ گەورەکان دادەنیشێت و گوێی لە فەرموودەکانیان دەگرت. دواتر بەهۆی باوکییەوە فێری زمانی عەرەبی و فارسی دەبێت. لە منداڵی و گەنجیدا لە قوتابخانەی ئایینی خوێندوویەتی، هەروەها دەچوو بۆ تەکیەکان، واتە جگە لە زانستە ئایینییەکان پەروەردەی ڕۆحی وەرگرتووە، هەروەها لەگەڵ چەندین زانای سەردەمی خۆی خوێندوویەتی، ناسراو، لە هەموویان دیارترینیان عوسمان بەکتاشە کە یەکێک بووە لە دیارترین زانایانی سەردەمی خۆی، لەوکاتەدا تێیدا ڕێزمان و ڕیتۆریک و فیقھ و بنەماکانی فیقھ و بیروباوەڕەکانی خوێندووە.

هەروەها زانستەکان و فەلسەفەی پشتگوێ نەخست. لە ساڵانی خوێندنیدا بە نامەکانی نووری سەعید نوورسی ئاشنا بوو و کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بوو، لەگەڵ زیادبوونی تەمەنی خوێندنەوەی زیاتر بوو، کولتووری هەمەچەشن و فراوان بوو، فێری کولتووری ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و بیرۆکە و فەلسەفەکانیان بوو، بەردەوام بوو لە خوێندنەوەی زانستە بابەتییەکانی وەک فیزیا و کیمیا و گەردوونناسی و زیندەزانی. کاتێک محەمەد تەمەنی گەیشتە بیست ساڵی، لە مزگەوتی (عوج شەرفلی) لە شاری ئەدرنە وەک پێشنوێژ دامەزرا و دوو ساڵ و نیو لەوێ مایەوە.

کاری ڕێکخراوەیی و بانگخوازی

کاری بانگەوازی لە شاری ئیزمیر لە مزگەوتی کەستانە بازاری لە قوتابخانەی مزگەوتەکە دەست پێکرد. پاشان وەک بانگخوازێکی گەڕۆک کاری کرد، گەشتێکی بە هەموو ڕۆژئاوای ئەنادۆڵدا کرد. فەتحوڵڵا گولەن بە تایبەت دوای ساڵی ١٩٩0 بزووتنەوەیەکی نوێی لە دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی نێوان ئایینەکان و ئایدیاکانی تردا دەستپێکرد کە تایبەتمەند بوو بە نەرمی و دوورکەوتنەوە لە کۆنەپەرستی و گرژی. ئەم بزووتنەوەیە دەنگدانەوەی خۆی لە تورکیا و دواتر لە دەرەوەی وڵات دایەوە. ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ گه‌یشته‌ لوتكه‌ی خۆی کاتێک لە ڤاتیكان هەریەک لە فەتحوڵڵا و پاپا کۆبوونەوە، دوای بانگهێشتكردنی پاپا بۆ لای خۆی. 

بە پێچەوانەی نەجمەدین ئەربەکان کە لە تورکیا بە باوکی ئیسلامی سیاسی دادەنرێت، گولەن بە باوکی ئیسلامی کۆمەڵایەتی ناودەبرێت. بزووتنەوەی خزمەت، بزووتنەوەیەکی ئایینییە کە خاوەنی سەدان قوتابخانەیە لە تورکیا، هەروەها سەدان قوتابخانەی دەرەوەی تورکیایە، لە کۆمارەکانی ئاسیای ناوەڕاست و ڕووسیاوە دەست پێدەکات تا دەگاتە مەغریب و کینیا و ئۆگەندا، بە باڵکان و قەفقازیشدا تێدەپەڕێت. هەروەها بزووتنەوەکە خاوەنی ڕۆژنامە و گۆڤار و تەلەڤزیۆن و کۆمپانیای تایبەت و کاری بازرگانی و ڕێکخراوی خێرخوازی خۆیەتی. چالاکی بزووتنەوەکە تەنها لەوەدا سنوردار نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ دامەزراندنی ناوەندی ڕووناکبیری تایبەت بەخۆی لە ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی جیهان، هەروەها سازدانی کۆنفرانسی ساڵانە لە بەریتانیا و یەکێتیی ئەورووپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە هاوکاری لەگەڵ زانکۆ گەورە نێودەوڵەتییەکان بە مەبەستی خوێندنەوەی بزووتنەوەکە و کاریگەرییەکانی و ڕەگ و ڕیشە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانی.

بیروڕای گولەن

ڕەنگە ئەوەی بزووتنەوەی گولەن لە بزووتنەوە ئیسلامیەکانی ناوچەکە و جیهان جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە زۆر جار لە ڕۆژئاوا پێشوازییەکی زۆری لێدەکرێت. کە بەهۆی "کرانەوە"ـی بەڕووی جیهاندا و گوتاری فیکرییەکەی بە "مۆدێل" دادەنرێت. بۆ نموونە ئەگەر نەجمەدین ئەربەکان ئەمریکا بە دوژمنی جیهانی ئیسلامی ببینێت بەهۆی کۆنتڕۆڵی "زایۆنیزمی جیهانی" لە بڕیاردان تێیدا، ئەوا گولەن ئەمریکا و ڕۆژئاوا بەگشتی وەک زلهێزێکی جیهانی دەبینێت کە دەبێت لەگەڵیان ڕێککەوتن بکرێت. ئه‌گه‌ر ئه‌ربه‌كان پێویستی یه‌كگرتوویی له‌ نێوان جیهانی ئیسلامیدا ببینێت، کە لە دروستکردنی گرووپی هەشت ئیسلامییەکەدا سەلماندی. گولەن جیهانی عەرەبی و ئێران بە مەیدانی گرنگ بۆ تورکیا نازانێت، بەڵکو قەفقاز و کۆمارەکانی ئاسیای ناوەڕاست و باڵکان بە مەیدانی گرنگ بۆ تورکیا دەزانێت، بەو پێیەی ئەو وڵاتانە کەمینە گرنگەکانی تورکیا لەخۆدەگرن. ئەو پێیوایە ئەگەر ئەگەر تورکیا بیەوێت بگەڕێتەوە بۆ پێگەی خۆی وەک یەکێک لە گرنگترین وڵاتەکانی جیهان، وەک چۆن لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا هەبوو، دەبێت کاریگەرییەکی بەهێزی هەبێت لەنێو تورکەکان لە هەموو شوێنێکی جیهاندا. بەڵام گولەن بەهۆی ئەوەی بە پراگماتیک و زیرەک دادەنرێت لە ناوچەکەدا دەستەواژەی "سەرکردایەتی تورکیا" بەکارناهێنێت. هه‌روه‌ها داوای سه‌ربه‌خۆیی كه‌مینه‌كانی توركیا له‌ ئاسیای ناوه‌ڕاست ناكات، هه‌روه‌ها گرووپه‌كه‌ی له‌و وڵاتانه‌دا چالاكیی په‌روه‌رده‌یی ناكات كه‌ كه‌مینه‌ی تورك تووشی كێشه‌ی ڕژێمه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان دەبنەوە، وەک چین و ڕووسیا و یۆنان. 

یەکەم شت کە لە گولەن سەرنجی ڕادەکێشێت ئەوەیە کە ئەو لەگەڵ جێبەجێکردنی شەریعەت لە تورکیادا نییە، وەک خۆی دەڵێت زۆرینەی ڕەهای یاساکانی شەریعەت پەیوەندی بە ژیانی تایبەتی خەڵکەوە هەیە، لە کاتێکدا کەمینەیان پەیوەندی بە بەڕێوەبردن و کاروباری دەوڵەتەوە هەیە، پێویست بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی شەریعەت لە کاروباری گشتیدا ناکات. بە پێی ئەمە گولەن پێی وایە دیموکراسی باشترین چارەسەرە و هەر بۆیەش بە دژمنی ڕژێمە تۆتالیتارەکانی جیهانی ئیسلامی دادەنرێت. هەرچەندە ئەربەكان وەك پڕۆفیسۆر و مامۆستای ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری توركیا سەیر دەكرێت، بەڵام ئەزموونی پارتی داد و گەشەپێدان لە بواری حوكمڕانیدا ئاماژە بەوە دەكات كە گولەن کاریگەری زیاتری لەسەر ئەردۆغان هەبووە.

بزووتنەوەی فەتحوڵڵا گولەن لە چوارچێوەی بوژانەوەی بزووتنەوە و میتۆدە ئایینییەکان لە تورکیا لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا گەشەی کرد. دوای کودەتای سەربازی بە سەرۆکایەتی کێنان ئێڤرن لە ساڵی ١٩٨٠، ئەو بڕیارانەی لەلایەن حکوومەتی سەربازییەوە درابوون، پەیوەندییان بە ئازادکردنی ئابووری و بەتایبەتکردنی میدیاکان و ڕێگەدان بە ئازادیی زیاتری کارکردن بۆ ڕێکخراوە مەدەنییەکان و لە نێویاندا گرووپە ئاینییەکان هەبوو، هەر بۆیە گرووپە ئایینییەکان دەستیان بە گەشەکردن کرد، لەوانە "ڕێگەی نوور" کە عارفی کورد سەعید نوورسی دایمەزراندبوو، کە بزووتنەوەکەی گولەن لێیەوە سەری هەڵدا. 

ناوەکی فەلسەفەکەشی دروستکردنی کۆمەڵگایەکی ئیسلامییە کە پابەند بێت، بەڵام لە هەمان کاتدا تامەزرۆی دانایی و تەکنەلۆجیای مۆدێرن و پێشکەوتن بێت بۆ کۆتاییهێنان بە پێشڕەویی جیهانی ڕۆژئاوا بەسەر جیهانی ئیسلامیدا. ئەمڕۆ ناوی فەتحوڵڵا گولەن پەیوەستە بە دەستەواژەی ئیسلامی ڕووناکبیر یان میانڕەوی تورکەوە، وەک چۆن فەتحوڵڵا گولەن و لایەنگرانی هەوڵیان دا بزووتنەوەیەکی ئایینی و سیاسی و کۆمەڵایەتی مۆدێرن دابمەزرێنن کە مۆدێرنیتە و ئایینداری لەگەڵ ناسیۆنالیزم و لێبوردەیی و دیموکراسی تێکەڵ بکات.

دەرچوونی لە تورکیا

دوای ئەوەی لە ١٨ـی حوزەیرانی ١٩٩٩ کێشەکانی گولەن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیا دەستیپێکرد، کۆچی کرد بۆ ئەمریکا و کاتێک لە تەلەفزیۆنی تورکیا قسەی کرد، وشەگەلێکی گوت کە هەندێک بە ڕەخنەیەکی ناڕاستەوخۆ لە دامودەزگاکانی دەوڵەتی تورکیای دەزانن. دوای ئەوە داواکاری گشتیی دەوڵەت لێکۆڵینەوەی لە لێدوانەکانی گولەن دەستپێکرد لەو كاتەدا بولەنت ئەجەڤیت سەروەزیرانی توركیا دەستێوەردانی كرد و داوای لە دەوڵەت كرد بە هێمنی مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتەدا بكات، لە بری كردنەوەی پرسەكە بۆ گفتوگۆ لە كەناڵەكانی تەلەفزیۆنەكانی توركیا، هەروەها بەرگری لە گولەن و ناوەندە پەروەردەییەكانی كرد و گوتی: "قوتابخانەکانی ئەو کولتووری تورکیا لە سەرانسەری جیهان بڵاودەکەنەوە، تورکیاش بە جیهان دەناسێنن. قوتابخانەکانی لە ژێر چاودێری بەردەوامدان. لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە."

دوای ئەوە گولەن بە ئاشکرا داوای لێبوردنی کرد لەسەر لێدوانەکانی، بەڵام هەندێک لە عەلمانییەکان بە گومانەوە لە ئامانجەکانی مانەوە و دواتر تۆمەتی لەسەر درا بە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی سیاسی لەسەر هەژموونی دامودەزگاکانی دەوڵەت، بەتایبەت سوپا.

ئابڕووچوونی گرتەڤیدیۆ

ڤیدیۆ کلیپێک لە یوتیوب پەخشکرا، کە تیایدا گولەن دەرکەوت بە ژمارەیەک لە لایەنگرانی دەگوت کە بە هێواشی هەنگاو دەنێم بۆ ئەوەی سروشتی رژێمی تورکیا لە سیکۆلارێکەوە بگۆڕێت بۆ ڕژێمێکی ئیسلامی. هەروەها باسی لە بڵاوکردنەوەی کولتووری تورکی لە ئۆزپەکستان کرد، کە شەپۆلێکی توڕەیی لە سوپای تورکیا و زۆرینەی دامەزراوە عەلمانییەکانی تورکیای لێکەوتەوە. هەروەها بووە هۆی دروستبوونی قەیرانی دیپلۆماسی لە نێوان تورکیا و ئۆزبەکستان کە بووە هۆی ئەوەی بولەنت ئەجەڤیت جارێکی دیکە دەستوەردان بکاتەوە لە هەوڵێکدا بۆ چارەسەرکردنی. ئەجەڤیت وتی: "سەرۆکی ئۆزبەکستان نیگەرانی ناڕەوای هەیە سەبارەت بە تورکیا. چونکە تورکیا دەستتێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی ئۆزپەکستان ناکات. ئێمە ناتوانین ڕێگە بدەین پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەهۆی ترسی ناپێویستەوە تێکبچێت".

بەڵام ئۆزپەکستان بڕیاریدا ژمارەیەک قوتابخانەی سەر بە گولەن دابخات. وا دیارە لەم ماوەیەدا دامەزراوەی عەلمانی لە تورکیاش دەستی کردبوو بە هەستکردن بە نیگەرانییەکی زیاتر سەبارەت بە گولەن و دامەزراوە پەروەردەییەکانی، بۆیە دەسەڵاتی خوێندنی باڵا لە تورکیا بڕیارێکی دەرکرد بۆ دانپێدانەنان بەو بڕوانامە ئەکادیمیانەی کە قوتابخانەکانی گولەن بە قوتابییان دەدا. بەڵام ئەم بڕیارە کاتی بوو.

نووسراوەکانی

فەتحوڵڵا گولەن خاوەنی زیاتر لە ٦٠ کتێبە، هەروەها چەندین خەڵاتی بۆ کتێبەکانی بەدەستهێناوە، زۆربەیان لەسەر تەسەوفن لە ئیسلامدا، لەگەڵ ئەو ئاڵنگارییانەی کە ئەمڕۆ ڕووبەڕووی ئیسلام دەبێتەوە. لە کتێبە زۆر ناسراوەکانی لە جیهانی ئیسلامیدا: "البيان، التلال الزمردية، ونحن نقيم صرح الروح، النور الخالد، أسئلة العصر المحيِّرة، تعليم العربية بطريقة حديثة، جيل الحداثة و ونحن نبنى حضارتنا".


سەرچاوەکان



622 بینین