پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)

له‌لایه‌ن: - كارا كوردستانی - به‌روار: 2020-06-18-21:08:00 - کۆدی بابەت: 169
پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)

ناوه‌ڕۆك

ناساندنی پارتى داد و گەشەپێدان " AKP "

ساڵى 2001 دواى پەرتبوونى دامەزرێنەرانى پارتى فەزیلەت دامەزرا، ئەم پارتە ناوبانگێکى ناوخۆیی و هەرێمایەتى و سیاسی بەدەست هێنا لەسەر دەستى ڕەجەب تەیب ئەردۆگانى سەرۆکى پارتەکە بەهۆى ئەو سەرکەوتنانەى لە بوارەکانى سیاسی و ئابوریدا لە تورکیا تۆمارى کرد بوو، ئەوەش دواى ئەوەى کە تورکیاى گواستەوە بۆ ڕیزبەندى وڵاتە پێشکەوتووەکان.

دروستبوون و دامەزراندن

لە 14 ى ئابی 2001 ئەم پارتە لەلایەن ئەو سەرکردانەوە دامەزرا کە لە پارتى فەزیلەتى ئیسلامى جیابووبوونەوە، پاش ئەوەى لەلایەن دادگاى دەستورییەوە هەڵوەشایەوە لە بەروارى 22 ى حوزەیرانى 2001دا، ئەو سەرکردانە بە باڵى ڕیفۆرمخوازى ناو پارتى فەزیلەت ناسرابوون.

ژمارەى دامەزرێنەران لەژێر سەرکردایەتى ڕەجەب تەیب ئەردۆگاندا گەیشتە 63 ئەندام، ئەم پارتەش لەژێر فەرمانڕەوایەتى ئەردۆگاندا چەندین سەرکەوتنى ناوخۆیی و جیهانى تۆمارکرد.

ئەم پارتەش بەپێی ڕیزبەندى پارتە سیاسییە تورکییەکان ژمارەى 193 هەمین وەرگرتووە.

ئاڕاستەى بیرکردنەوە

ئەم پارتە بەبەرەى میانڕەوى ئیسلامى لەتورکیا ناسراوە، هەروەها لە وتارە سیاسییەکانیدا دروشمى ئایینى بەکار ناهێنێت، جەختیش لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە نایەوێت بە پارتێکى ئیسلامى بناسرێت، بەڵکو پارتێکى کراوەیە وڕێز لە ئازادییە فیکرى و ئایینییەکان دەگرێت و سیاسەتەکانى خۆى لەسەر لێبوردەیی وگفتوگۆ بونیاد دەنێت.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەم پارتە بەشێوەیەک خۆى وێنا دەکات کە دژى عەلمانییەت و ئەو پرنسیپانە نییە کە کۆمارى تورکیاى لەسەر دامەزراوە، هەروەها بەردەوام دەبێت لەسەر ئەنجامدانى چاکسازى ئابورى لەتورکیا بەپێی ئەو مەرجانەى کە سندوقی دراوى نێو دەوڵەتى دیارى کردووە لەگەڵ ئەوەى کە ڕەخنەى لەسەر هەندێک لە خاڵەکان هەیە.

ئامانج و پرنسیپەکان

لە ئەدەبییاتى سیاسییدا ئەم پارتە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ڕێز لە یاساکانى تورکیا دەگرێت، هەروەها کار دەکات بۆ پارێزگاری کردن لە نەتەوەى تورک وەک نەتەوەیەکى یەکگرتوو، ئەوەش لەڕێگاى پارێزگاریکردن لە هەمەجۆرى نەتەوەى تورک لە ڕووى ئایینى و کلتورى و فیکرى هاونیشتمانەکانیەوە، بەهەمانشێوە هەموو جۆرەکانى جیاکارى ڕەت دەکاتەوە، هەروەها هەوڵ دەدات لە پێناو پارێزگاریکردن لە مافە سیاسییەکانى هاونیشتمانیانى تورکیا لە چواچێوەى سیاستەمێکى دیموکراسی فرەییدا، ڕێزیش لە دەربڕێنى بیروڕا دەگرێت.

 

لەهەمانکاتدا دووپاتى دەکاتەوە کە گرنگییەکى تایبەت بە چەمکى دەوڵەتى کۆمەڵگا دەدات، باوەڕى بەوە هەیە کە مرۆڤ یەکەم سەرچاوەى گەشەکردنى ئابورییە، پێى وایە کە " دادوەرى لە دابەشکردنى داهات و بێکارى گەورەترین گرفتە ئابورى و کۆمەڵایەتییەکانن"، هەروەها هەوڵ دەدات کە بەهاکانى خێزان و گەنجەکان پیارێزێت لەڕێگاى جێبەجێکردنى چەندین سیاسەتى تایبەت بەو بەهایانە، و پاڵپشتیکردنى بەرنامەکانى خوێندن و فێرکردنەوە.

پەیکەرییەت و ئەندامێتى

سەرۆکى پارتەکە چەندین یاریدەدەر و سەرپەرشتیارى هەیە لە کەرتەکانى هەڵبژاردن وکاروبارى یاسایی و سیاسی و ڕێکخستن و ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانى دەرەوە وکاروبارى کۆمەڵایەتى و ئابورى و پەیوەندییە گشتییەکان.

لیژنەیەکى بەرزەفتکردن سەرپەرشتى ڕێزگرتنى یاساکانى ڕێکخراوەکەى کەوتۆتە ئەستۆ، لەم ئەرکەشدا دەستەیەکى چاودێرى دیموکراسییەتى ناوخۆیی یارمەتى دەدات.

ئەم پارتە ڕێگا بەهەموو هاوڵاتیان دەدات کە ببنە ئەندام بەو مەرجەى کە بەڵێن بدات بەوەى کە یاسانى پارتەکە قبوڵ بکات و ڕێزیان لێبگرێت.

ئەزمونى سیاسی

یەکەم ئەزمونى سیاسی لە 3 ى تشرینى دووەمى 2002 دا بوو کە لە هەڵبژاردنەکاندا توانى سەرکەوتێکى گەورە بەدەست بهێنێت و 363 کورسی پەرلەمانى مسۆگەرکرد.

28 ى ئادارى 2004 لە هەڵبژاردنە نێوخۆییەکاندا ئەم پارتە توانى بەڕێژەى 42% بەسەر هەموو پارتەکانى دیکە سەربکەوێت و لە ساڵى 2007 سەرکەوتنێکى دیکەى تۆمارکردەوە.

 
لە ئەیلولى 2010 پارتى داد و گەشە پێدان بەهۆى سەرکەوتنى لە ڕێفراندۆمى هەموارکردنەوە دەستور ئاهەنگى گێڕا.

 
لە 13 ى حوزەیرانى 2011دا، پارتى داد و گەشەپێدان توانى بە ڕێژەى50,2% سەرکەوتن بەدەست بهێنێت لەهەڵبژاردنى پەرلەمانیدا و دواى ئەو پارتى گەلى کۆمارى بەڕێژەى25,9% و پارتى بزوتنەوەى نەتەوەیی بەڕێژەى13,24% و پارتى ئاشتى و دیموکراسی و کوردە سەربەخۆکان بەڕێژەى5,8% هاتن.

ئەم سەرکەوتنە بووە هۆى ئەوەى کە 327 کورسی پەرلەمانى بەدەست بهێنێت لە کاتێکدا پێشتر 331 کورسی هەبوو لە کۆى 550 کورسی.

لە 10 ى ئابی 2014 ڕەجەب تەیب ئەردۆگان توانى لە هەڵبژاردنێکى ڕاستەوخۆدا ببێت بە دوانزەهەمین سەرۆکى تورکیا، ئەوەش بۆ یەکەم جاربوو کە سەرۆکى تورکیا بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ هەڵببژێردرێت.


سەرچاوەکان



4145 بینین