تیری خەمزەی چاوەکانت وا لە جەرگم کارییە - تاهیر بەگی جاف

له‌لایه‌ن: - ڕاوێژ نورالدین بهاءالدین ڕاوێژ نورالدین بهاءالدین - به‌روار: 2022-06-08-23:21:00 - کۆدی بابەت: 8946
تیری خەمزەی چاوەکانت وا لە جەرگم کارییە -  تاهیر بەگی جاف

ناوه‌ڕۆك

تیری خەمزەی چاوەکانت وا لە جەرگم کارییە

شاعیر: تاهیر بەگی جاف
بەرهەم: دیوانی تاهیر بەگی جاف
هۆنراوە: تیری خەمزەی چاوەکانت وا لە جەرگم کارییە

تیری خەمزەی چاوەکانت وا لە جەرگم کارییە
ئێستە ئەشکم وا بە خوڕ دێ، ڕەنگەکەی گوڵنارییە

نەفسی سەرکەش، چەند ڕۆژێ گەر جیهانت ڕام ببێ
دڵ ئەگەر خۆش کەی بە خۆت، بێ عارییە، بەم «عاریە»

گوڵ ئەگەر هات، خۆی موقابیل کا بە تۆ، لێی ناگرم
هەرزە گۆیە و بێ وەفایە، دولبەری بازاڕییە

ناشکێ قوربان دڵم هەرگیز لەبەر جەوری ڕەقیب
عادەتی ئەو دائیمەن هەر فیتنە و و بەدکارییە

لێم گەڕێن تەنهانشینی کونجی خەم بم ئەی ڕەقیب
دەردەکەی من دەردی ئەشقە و زۆر گران و سارییە

زاهیدی خودبین کە حەیوانە لە وادی عەشقدا
ڕیشەکەی پان و درێژی ڕەشمە و و هەوسارییە

سەبر و هۆش و ڕۆحی بردم هەر بە جارێ ئێستەکەش
هیچ نەما کاری بە من، پەیکارییە بەم کارییە

جارێ ناپرسی لە حاڵی من مەگەر نازانی تۆ
زار و بێزار و نەزارم کاری من هەر زارییە

تازە زانیومە لەسەر دینی مەسیحایە نیگار
پەرچەمی عەینی سەلیبە زوڵفەکەی ڕەشمارییە

تاقەتی شیعری نەماوە هیچ لە بەر ڕەنج و فیراق
ئەم کەلامە گەر بڵێ تاهیر لە بەر بێعارییە


سەرچاوەکان



902 بینین