جەمال تاهیر

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-06-13-22:52:00 - کۆدی بابەت: 9008
جەمال تاهیر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جەمال تاهیر (بە ئینگلیزی: Jamal Tahir) لە ساڵی ١٩٤٣ لە گەڕەکی دەرگەزێنی شاری سلێمانی لەدایکبووە، ھەر لەوێش قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی‌ و ناوەندی تەواوکردووە و پاشان لە خانەی مامۆستایان وەرگیراوە ساڵی ١٩٦٤ بووە بە مامۆستا. لە ڕۆژی ١٤ـی تەمووزی ساڵی ١٩٨٣ لە ناحیەی بالیسان بە ‌ڕووداوی ئوتۆمبێل گیانی لەدەستدا.

ئەزموونەکانی

جەمال تاهیر ھەر لە ‌تەمەنی لاوێتییەوە تێکەڵاوی چالاکییە سیاسییەکان بووە و لە ‌یەکێتیی قوتابیانی کوردستان‌ و لەناو ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا ناوی دەرکردووە. سەرەتای ساڵانی حەفتاکان بووەتە ئەندامی لیژنەی ناوچەی سلێمانی و دواتریش لێپرسراوێتی ناوچەی دەربەندیخانی پێسپێردراوە. جەمال تاهیر ساڵی ١٩٦٩ پەیوەندیکردووە بە ئەڵقە سەرەتاییەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانەوە. ساڵی ١٩٧٥ ڕۆڵێکی دیار و بەرچاوی بینی لە پێشخستنی ڕێکخراو و کۆمەڵەکاندا. جەمال تاهیر وەک سەرکردەیەک ماوەی چەند ساڵێک ئەرکی بەڕێوەبردنی ڕێکخستنە نھێنییەکانی کۆمەڵەی لە ناو شاری سلێمانی دا گرتە ئەستۆ و لەگەڵ ئەمەش سەرپەرشتی یەکەکانی ناو شاری دەکرد. شەھید مامۆستا جەمال تاھیر چەند جارێک کەوتۆتە بەر شاڵاوی گرتن‌ و ‌زیندانیکردن لەلایەن حیزبی بەعس سەرەڕای ئازار و ئەشکەنجەدانێکی زۆر بەوپەڕی ئازایەتییەوە نھێنییەکانی ڕێکخستنی پاراستووە، دواتریش کە ئازادکرا ڕوویکردە شاخ‌ و لە ‌دووەمین کۆنفڕانسی کۆمەڵەدا بە ئەندامی سەرکردایەتی ھەڵبژێردراو لێپرسراوێتی دەزگای ناوەندی ڕێکخستنی پێسپێردرا، ئەم سەرکردەیەی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ڕۆژی ١٤ـی تەمووزی ساڵی ١٩٨٣ لە ناحیەی بالیسان بە ‌ڕووداوی ئۆتۆمبێل گیانی لەدەستدا.


سەرچاوەکان



493 بینین