پەشیمانی - کامەران موکری

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-06-20-16:38:00 - کۆدی بابەت: 9100
پەشیمانی - کامەران موکری

ناوه‌ڕۆك

پەشیمانی

شاعیر: کامەران موکری

بەرهەم: دیاری

هۆنراوە: پەشیمانی

وتم! بە گوڵی پاییزی وەریو
بە خونچەی وردی ناو شەپۆلی شیو

بەو مەلە جوانەی تا مەلابانگدان
بۆ عەتری ڕووی گوڵ ئەیکا بە گریان

دەمەو بەیانی، خەو، بە بێدەنگی
ئەڕژێتە چاوی، ناو دڵی تەنگی

کە دێتە ناو چەم، تیشکی خۆرەتاو
ئەوسا، هەڵەسێ دەمەو چێشتەنگاو

نە عەتری شەونم، نە پرشنگی گوڵ
لەسای تووتڕکا، ئەگری زۆر بەکوڵ

وتم! بەو تیشکەی بەیانی زووزوو
هەڵدێ لە ئاسۆی ڕووناکی سوور بوو

لەپڕ هەورێکی بێ بەزەیی تاڵ
ئەیپۆشێ تاڵیی تیشکی سووری کاڵ

وتم! بە شەوبۆ کە مات مات لە دۆڵ
نەگەشایەوە، کەژ، بوو بە سەهۆڵ

وتم: (پرشنگی نیگای گەرم و خۆش)
(بزەی دەمی تۆ، گیانە فەرامۆش)

فەرامۆش یادی شیرینی جاران
ناوم سڕیوە، لای خوای دڵداران

کەچی، لە چاوی کل نە دیوەوە
لە دڵی نەرمی هەڵفڕیوەوە

هەمیسان، تاسە، ڕژایە دەروون
دوو دڵۆپ ئەشکم وەک قەترەی ئاڵتوون

گەرم و ئاڵ، لە سەر، ڕووی من، قەتیس مان
بۆ هاتیتەوە، ئەی کچۆڵەی جوان؟! 

وەک دڵمت ڕەنجان، بۆ، دیسان بزە
هەڵکا چراکەی، ئەم دڵە کزە؟ 

وتی: ئەی یاری نازداری گیانم
توو بی، ئەم دڵە و خورپە و گریانم

ببوورە، سامانی منی، فریو، دا
منی بە نەختێک ئاڵتوون و زێو دا! 

دامی، بە کۆشک و، بە تەلاری خەم
ئاسمانی شادیی گرتم بە ماتەم

من پەشیمانم، ببوورە ئەی یار
دڵم مەشکێنە، تۆ دڵی دڵدار

(دیسان تەوژمی دڵداری بە جۆش)
(وەک کۆرپەی نازدار دڵمی گرتە کۆش).


سەرچاوەکان



636 بینین