مازدا ئاڕ ئێکسی حەوت

له‌لایه‌ن: - ئەلەند دانا ئەلەند دانا - به‌روار: 2022-07-06-14:42:00 - کۆدی بابەت: 9298
مازدا ئاڕ ئێکسی حەوت

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مازدا ئاڕ ئێکسی حەوت (بە ئینگلیزی: Mazda RX-7). ئۆتۆمبێلێکی کۆمپانیای مازدایە، لە ساڵەکانی ١٩٧٨-٢٠٠٢ بە سێ نەوەی جیاواز دروستکراوە. هەموو نەوەکان بە کێشێکی کەم و وەکوو ئۆتۆمبێلی کێبەرکێ دروستکراون.

بەرهەمەکانی ئۆتۆمبێلەکە

نەوەی یەکەم

نەوەی یەکەم بە درێژایی ١٩٧٨-١٩٨٠ دروستدەکرا و بە ناوی (SA22C) دەناسرا. لە ساڵی ١٩٧٨ بۆ یەکەمجار نیشاندرا، شوێنی مازدا ئاڕ ئێکس ٣ (Mazda RX-3)ـی گرتەوە و وەکوو یەکێک لە ئۆتۆمبێلە خێراکانی مازدا ناسرا.

کوڕی سەرۆکی بەشی دیزاینی کۆمپانیای مازدا (لکوۆ) دیزاینی مازدا ئاڕ ئێکس حەوتی کردووە و بەهۆی کێشی کەمی ئۆتۆمبێل و بزوێنەر و خێراییەکەی بوونە هۆی ئەوەی چەندین کۆمپانیای بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لە یاباندا بەشێوازێکی نوێی دروستکردنی ئۆتۆمبێل ئاشنا بوون. لە ساڵی ١٩٨٠ شێوازێکی جیاوازی ئۆتۆمبێلەکە بەتایبەت بۆ ئەمریکای باکوور دروستکرا.

نەوەی یەکەمی مازدا ئاڕ ئێکسی حەوت لە ٣ زنجیرە پێکهاتووە. زنجیرەی یەکەم چەند کێشەیەک لە بزوێنەرەکەیدا دەرکەوتووە کە لە زنجیرەی دووەمی ئۆتۆمبێلەکەدا بوونی نەماوە و زنجیرەی دوو ٦٠ کیلۆگرام کێشی لە زنجیرەی یەک کەمترە. زنجیرەی سێیەمی بە گشتی گۆڕانکارییەکی کەمی تێدا کرابوو، بەنزینێکی کەمتری بەکاردەهێنا، دیزاینی ناوەوە گۆڕانکاری تێدا کرابوو و لە ماوەیەکی کەمتردا خێراییەکەی زیاتر دەبوو.

نەوەی دووەم

نەوەی دووەمی ئاڕ ئێکس حەوت چەند نازناوێکی هەیە (FC, JM1FC3، JMZFC1). تیمی بەڕێوەبردنی مازدا هەوڵیدا ئەم نەوەیە لە ڕووی دیزاینەوە لە ئۆتۆمبێلی (Nissan 300ZX) نزیک بێت و هەروەها ئامانجیان ئەوەبوو ئۆتۆمبێلەکە زیاتر بەدڵی بازاڕی ئەمریکا دروست بکرێت.

دیزاینەری نەوەی دووەم ئاکیۆ ئوچییاما (Akio Uchiyama) بوو.

لە کاتێکدا نەوەی یەکەم زیاتر وەکوو ئۆتۆمبێلی کێبەرکێ دروستکرابوو، هەوڵیاندا نەوەی دووەم وەکوو ئۆتۆمبێلێکی ئاسایی شەقامەکان بێت. لێخوڕینی بە شێوەیەکی زۆر ئاسانتر بوو، خێرایی کەمکرایەوە و ئیستۆپی سەیارەکە زۆر بەهێزکرا. شێوازێکی جیاواز لە ئۆتۆمبێلەکە بە ناوی بێکۆتا (Infinity) کە تەنها ٦٠٠ لەبەرگیراوەی لە ساڵێکدا لێدروستکرا و نیشاندرا.

بێکۆتا (Infinity) زیاتر لە ئۆتۆمبێلی کێبەرکێ دەچوو بەپێی ئەوەی لێخوڕینی قورسکرا و خێراییەکەی زیادکرا.

نەوەی سێیەم

نازناوەکانی نەوەی سێیەم: (FD, FD33). تەواوی دیزاینی ئۆتۆمبێلەکە گۆڕا و لە ساڵی ١٩٩٢-٢٠٠٢ دروستدەکرا. دیزاینەرەکانی نەوەی سێیەم لە یۆیچی ساتۆ و وو هوانگ چین (Yoichi sato, Wu- huang chin) پێکدێن. ئۆتۆمبێلەکە دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو و ژمارەیەکی زۆری لێدەفرۆشرا، هەروەها وەکوو ئۆتۆمبێلێکی شاهانەی کێبەرکێ ناسرا. ئەو کەسانەی ئۆتۆمبێلەکەیان بۆ کاری ڕۆژانە بەکاردەهێنا دەبوایە بەهۆی خێرایی ئۆتۆمبێلەکەوە شێوازی شۆفێرییەکەیان بگۆڕن.

لە ساڵەکانی داهاتوودا چەندین شێوازی جیاوازی ئۆتۆمبێلەکە بۆ چەندین وڵاتی جیاواز دروستکرا.

ئۆتۆمبێلەکە لە پێشبڕکێکاندا

بە گشتی لە کێبەرکێکانی سەرەتادا لە ساڵەکانی ١٩٧٩ شکستی هێنا، پاشان لە ساڵی ١٩٨٠ لە ڕیزبەندی ٢١ـەمدا دەرکەوت، بەڵام دووبارە لە ساڵی ١٩٨١ ئەنجامێکی باشی نەبوو و سەرنەکەوت بۆ پاڵەوانێتییەکە.

ڕکابەرەکانی

لە سەرەتاکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێلەکەوە چەندین ڕکابەری هەبووە بەتایبەتی لەلایەن هەمان کۆمپانیای دروستکردنییەوە. لە ساڵی ٢٠١٢ ئاماژە بەوەکرا کە نەوەیەکی نوێی مازدا کە هێزی ٣٠٠ ئەسپی هەیە دروستدەکرێت و وەکوو ڕکابەرێکی ئاڕ ئێکس حەوت دەردەکەوێت.


سەرچاوەکان



278 بینین