پشکنینی دی دایمەر

له‌لایه‌ن: - سازان عەدنان سازان عەدنان - به‌روار: 2022-07-21-13:20:00 - کۆدی بابەت: 9468
پشکنینی دی دایمەر

ناوه‌ڕۆك

پشکنینی دی دایمەر چییە؟

پشکنینی دی دایمەر (بە ئینگلیزی: D-Dimer test) پشکنینێکی خوێنە کە بۆ پێوانەکردنی بڕی دی دایمەر بەکاردەھێنرێت. دی دایمەر جۆرە پڕۆتینێکە کە لەش لەکاتی شیبوونەوەی کڵۆی خوێندا بەرھەمیدەھێنێت.
بەرزبوونەوەی ڕێژەی دی دایمەر لە لەشدا ئەوە دەردەخات کە کەسەکە تووشی ھەوکردنی خوێن و کڵۆبوونی خوێن بووە ھەروەھا ئەم پشکنینە پێمان دەڵێن کە چی جۆرێکی خوێن مەیین دووچاری کەسەکە ھاتووە و لە چی بەشێکی لەشدا کڵۆی خوێن بوونی ھەیە.

چۆن کرداری مەیینی خوێن لە لەشدا ڕوودەدات؟

کرداری خوێن مەیاندن کردارێکی گرنگی لەشە و لەکاتی بوونی بریندا ناھێڵێت کەسەکە دووچاری لەدەستدانی بڕێکی زۆری خوێن ببێتەوە، کاتێک لوولەیەکی خوێن یاخود شانەیەک لە لەشدا دووچاری برینێک دەبێتەوە و خوێنبەربوون ڕوودەدات ڕاستەوخۆ کرداری خوێن مەیاندن ڕوودەدات و کڵۆی خوێن بۆ وەستاندنەوەی خوێنبەربوونەکە دروست دەبێت.
لەکاتی کرداری خوێن مەیاندندا لەش دەست بە دروستکردنی دەزولەیەکی پڕۆتین دەکات کە پێی دەوترێت فایبرین، کە ئەم دەزوولانە دواتر پێکەوە دەلکێن و تۆڕی فایبرین دروست دەکەن پاشان تۆڕەکانی فایبرین لەگەڵ خانەکانی پەڕەی خوێن یەکدەگرن و کڵۆی خوێن لە دەوری برینەکە دروست دەکەن و خوێنبەربوونەکە ڕادەوەستێنن. ئەو کڵۆخوێنانە دواتر دەگۆڕێت بۆ قەتماغە و ھێواش ھێواش برینەکە دەست بە چاکبوونەوە دەکات، کاتێک برینەکە چاک دەبێتەوە لەش چیتر پێویستی بە کڵۆخوێنەکان نابێت بۆ ئەم مەبەستەش لەش دەست بە دروستبوونی جۆرە پڕۆتینێک دەکات کە پێی دەوترێت پلازمین، ئەم پڕۆتینە ھەڵدەستێت بە شکاندنی کڵۆ خوێنەکان بۆ بەشی بچووکتر و دەیانکاتە دەرەوەی لەش، ئەم بەشە بچووکانە بە بەرھەمی شیبوونەوەی پڕۆتینی فایبرین ناسراون کە دی دایمەر جۆرێکە لە بەرھەمی شیبوونەوەی پڕۆتینی فایبرین.

لەکاتی مەیینی خوێن یاخود ھەوکردنی خوێندا کرداری خوێن مەیاندن بەشێوەیەکی دروست لە لەشدا ڕوونادات، لەوانەیە کڵۆخوێنەکان بە نەبوونی ھیچ برینێکیش دروست ببن یاخود لەکاتی پێویستدا دەست بە شیبوونەوە نەکەن ئەم کێشەیەش بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی دی دایمەر لە لەشدا دیاریدەکرێت لەبەرئەوەی لەکاتی دروست بوون و شیبوونەوەی کڵۆخوێنەکاندا ڕێژەی دی دایمەر بەرزدەبێتەوە.

پشکنینی دی دایمەر بۆچی بەکاردێت؟

ئەم پشکنینە بۆ دەستنیشانکردنی مەیینی خوێن لە لەشدا بەکاردێت. چەند جۆرێکی خوێن مەیین بوونی ھەیە لەوانەش:

  • مەیینی خوێنبەرە قووڵەکان: ئەم جۆرە خوێن مەیینە لە خوێنبەرە قووڵەکانی لەشدا پەیدادەبێت و تێیدا دەکرێت کڵۆخوێنەکان بە تەواوی ڕێگربن لە ھاتووچۆکردنی خوێن لەنێوان دەمارەکاندا. زۆرجار ئەم جۆرە خوێن مەیینە لە قاچەکان، ڕان یاخود حەوزدا سەرھەڵدەدات، ھەروەھا دەکرێت لە چەند بەشێکی تری لەشدا وەکوو قۆڵ، مێشک، ڕیخۆڵەکان، ھەروەھا جگەر و گورچیلەدا پەیداببێت.

نیشانەکانی خوێن مەیین لە خوێنبەرە قووڵەکاندا:

  1. ھەڵئاوسانی قۆڵ و قاچەکان کە زۆربەی کات لەناکاو ڕوودەدەن
  2. بوونی ئازار لە قاچەکان لەکاتی پیاسەکردن و بەپێ ڕۆشتندا
  3. گەرمبوونی قۆڵ و قاچەکان
  4. سووربوونەوەی پێست
  5. ھەڵئاوسانی دەمارەکان
  • گیرانی لوولەخوێنەکانی سییەکان: ئەم جۆرە خوێن مەیینە کاتێک ڕوودەدات کە کڵۆخوێنەکان لە بەشەکانی تری لەشدا وەکوو قۆڵ و قاچەکان لەڕێگەی خوێنەوە دەگوازرێنەوە و دەبنە ھۆی دروستکردنی بەربەست لە لوولەخوێنەکانی سییەکاندا بەمەش خوێن مەیین لە سییەکاندا ڕوودەدات.

نیشانەکانی گیرانی لوولەخوێنەکانی سییەکان:

  1. تەنگەنەفەسی یاخود ھەناسەبڕکێ
  2. ئازارێکی تووندی سییەکان بەتایبەت لە کاتی کۆکە و جوڵەکردندا
  3. کۆکەی توند ھەروەھا بوونی خوێن یاخود بەڵغەم لەکاتی کۆکیندا
  4. ئارەقکردنەوەی زۆر
  5. دڵەکوتێ
  6. ھەستکردن بە بوورانەوە و سەرگێژخواردن
  • بڵاوبوونەوەی مەیینی خوێن لە لوولەکاندا: لێرەدا بڕێکی زۆر لە کڵۆی خوێن لە لەشدا بڵاودەبنەوە و دەبنە ھۆی زیانگەیاندن و لەکارکەوتنی ئەندامەکانی لەش.

نیشانەکانی بڵاوبوونەوەی مەیینی خوێن لە لوولەکاندا:

  1. ئازاری ماسولکە و ئازاری سک
  2. ھێڵنجدان و ڕشانەوە
  3. خوێنبەربوون
  4. نۆرەفێ
  5. کەمبوونەوەی پیساییکردن
  • جەڵتەی مێشک: کاتێک لوولەکانی خوێن دەگیرێن و خوێن بەباشی بۆ مێشک ناگوازرێتەوە ئەگەری ڕوودانی جەڵتەی مێشک زیاتردەبێت.

نیشانەکانی جەڵتەی مێشک:

  1. لاوازبوون یاخود سڕبوونی بەشێکی لەش
  2. تێکچوونی قسەکردن و تێگەیشتن لە قسەی بەرامبەر
  3. تێکچوونی بینایی
  4. سەرئێشەی لەناکاو

چۆن پشکنینی دی دایمەر ئەنجامدەدرێت؟

ئەم پشکنینە لەڕێی وەرگرتنی نموونەی خوێن لە نەخۆش ئەنجامدەدرێت.

ئەنجامی پشکنینی دی دایمەر چیمان پێدەڵێت؟

دوای وەرگرتنی نموونەی خوێن لە نەخۆش و شیکاریکردن لە تاقیگەدا ئەگەر ئەنجامی پشکنینەکە نەرێنی بوو واتا بڕی دی دایمەر لە لەشدا کەمە یاخود بوونی نییە ئەمەش پێمان دەڵێت کە ھیچ جۆرە خوێن مەیینێک یاخود ھەوکردنی خوێن لەو نموونەی خوێنەدا بوونی نییە، بەڵام ئەگەر ئەنجامی پشکنینەکە ئەرێنی بوو واتا خوێن مەیین یاخود ھەوکردنی خوێن لەو نموونەی خوێنەدا بوونی ھەیە و پێویستە بەزووترین کات چارەسەربکرێت.

لە ھەندێک دۆخدا دەکرێت ھیچ جۆرە ھەوکردنێک یاخود مەیینی خوێن بوونی نەبێت بەڵام لەھەمانکاتدا ڕێژەی دی دایمەر لە خوێندا بەرزبێت، ئەو دۆخانەش بریتین لە:

  1. دووگیانی
  2. نەخۆشی دڵ
  3. لەدوای ئەنجامدانی نەشتەرکاری
  4. ھەوکردن

ئەو ھۆکارانە چین کە دەبنە ھۆی ھەوکردن و مەیینی خوێن؟

کۆمەڵێک ھۆکار وادەکەن کە خوێن تووشی ھەوکردن و مەیین ببێت لەوانەش:

  1. نەجوڵان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بەتایبەت لەو کەسانەی کە نەخۆشن و توانای جووڵە و ڕۆشتنیان نییە.
  2. بوونی نەخۆشی ھەوکردنی خوێن بەشێوەیەکی بۆماوەیی واتا دەکرێت کەسەکە ئەم نەخۆشییەی لە خێزانەکەیەوە وەرگرتبێت.
  3. نەخۆشی شێرپەنجە
  4. نەخۆشی کۆرۆنا کە بەڕێژەیەکی بەرز کەسەکە دووچاری خوێن مەیین دەکات و پشکنینی دی دایمەر یەکێکە لە باوترین پشکنینەکان کە بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەنجامدەدرێت.
  5. قەڵەوی
  6. جگەرەکێشان


سەرچاوەکان



653 بینین