گوڵە جەهەنەمی

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-06-16-18:14:00 - کۆدی بابەت: 9041
گوڵە جەهەنەمی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گوڵە جەهەنەمی (بە ئینگلیزی: Bougainvillea glabraڕووەکێکی خولگەیی و باوترینی ئەو جۆرە ڕووەکانەیە کە بۆ بانسای بەکاردەهێنرێت. کە ئەویش هونەرێکی ژاپۆنی ڕوواندنە، تێیدا دارێکی بچووک لەناو گوڵدانێکدا دەچەقێنرێت و بەر لە پەلهاویشتن و گەورەبوونی بە ئەندازەی دارێکی ئاسایی دەگیرێت.

تایبەتمەندیی گوڵەکە

گوڵە جەهەنەمی دەوەنێکی هەمیشەسەورزی خۆهەڵواسەرە، بە لاسکی دڕکاویی و ئەستوورەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لقەکانی شۆڕبوونەتەوە کە لووس یان کەمێک تووکنن. درێژی لاسکی گەڵاکانی ئەم گوڵە سێ بۆ دە میللیمەترە. شێوەی گەڵاکانیش بادەمی بۆ بادەمی نوکتیژن، درێژییەکەیان پێنج بۆ سیازدە سانتیمەترە و پانییەکەیان سێ بۆ شەش سانتیمەترە. ڕەنگی گەڵا بچووکەکانی ژێر گوڵەکە مۆرە و شێوەیان درێژۆکە یان شێوە هێلکەیی نووکدارن، درێژییان ٦٥ بۆ ۹۰ مللیمەترە و پانییەکەیان نزیکەی ٥۰ مللیمەترە. ئەمانیش بە شێوەی جووت یان لە گروپێکی سیانیدا  لەسەر لاسکێکی نزیکەی ۳،٥ی گوڵەکان گەشە دەکەن.

بۆری ڕەنگی ترۆپکەکە مەیلەو سەوزە، گۆشەدارە و درێژییەکەی نزیکەی دوو سانتیمەترە، کەمێک تووکی نەرمی پێوەیە، دەماراوییە و نووکەکانی لە لاسکی گوڵەکەوە دوورە. شەش بۆ هەشت نێرە ئەندامی هەیە کە درێژییان ٨ بۆ ١٣ مللیمەترە. درێژی تۆودانی گوڵەکە نزیکەی دوو مللیمەترە و قەڵشەکەی ٢.٥ مللیمەترە.

بەزۆری بەرزییەکەی تا سێ بۆ سێ مەتر و نیو گەشە دەکات، ناوبەناو تا نۆ مەتر بەرزدەبێتەوە. گوڵە سپییە بچووکەکان بەزۆری بە کۆمەڵ دەردەکەون کە بە گەڵاچکەی شێوە کاغەزی ڕەنگاوڕەنگ دەورە دراون، هەربۆیە ناوی گوڵی کاغەزی (paperflower) لێنراوە. گەڵاکانی سەوزی تۆخن، شێوەیان گۆڕاوە، درێژییەکەیان دەگاتە ١٠٠ ملم. تیرەی گوڵەکانی نزیکەی 0.4 سانتیمەترە.

چاندن

گوڵە جەهەنەمی بەرگەی گەرما و وشکەساڵی دەگرێت و هەستیارە بە کەشی زۆر سارد و بەستەڵەک. بەئاسانی بە بڕینەوە زیاد دەکرێت. پێویستی بە تیشکی خۆری تەواو و کەشوهەوای گەرم و خاکی باش ئاودراو هەیە بۆئەوەی بەباشی گوڵ بکات.

بەکارهێنانەکانی گوڵەکە

بەهۆی ئەوەی گوڵە جەهەنەمی گرنگی پزیشکی هەیە، بۆیە خوساندنی گەڵا و گەڵاچکەکانی ڕووەکەکە بە شێوەی زارەکی بەکاردەهێنرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی گەدە و ڕیخۆڵە (سکچوون، ئازاری گەدە)، و نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە (تەنگەنەفەسی، هەوکردنی بۆرییەکانی هەوا، ئاوسانی پەردەی چڵمن، ئازاری سنگ، تا، هەوکردنی سییەکان، کۆکە ڕەشە).


سەرچاوەکان



969 بینین