کاریگەری پیگملیەن

له‌لایه‌ن: - گلێنە ئازاد گلێنە ئازاد - به‌روار: 2022-07-23-21:57:00 - کۆدی بابەت: 9514
کاریگەری پیگملیەن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کاریگەری پیگملیەن (بە ئینگلیزی: pygmalion effect، بە عەرەبی: تأثير بجماليون)، بریتییە لە ڕادەی چاوەڕوانی و پێشبینی خود بۆ کەسەکانی دەوروبەر یان بەرامبەر بە کارێک، بەپێی ئەم ئەفسانەیەی پیگملیەن مرۆڤ چەند پێشبینییەکانی ئەرێنی بێت و چاوەڕێی زۆر بکات ئەنجامی باش و ئەرێنی بەدەست دەکەوێت. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ چیرۆکی پیگملیەن. پیگملیەنی یۆنانی، پەیکەرێکی لە شێوەی ئافرەتە دڵخوازەکەی خۆی دروست کرد. بیروڕای بەرامبەر بە پەیکەرەکە بە جۆرێک ڕاسەقینە بوو جارێک لە جارەکان ماچی پەیکەرەکەی کرد، پەیکەرەکە ژیایەوە و تا کۆتایی تەمەن پێکەوە ژیانیان بەسەر برد.

نموونەیەکی ڕاستی لە کاریگەری پیگملیەن لە یاری بەیسبۆڵدا دەبینرێت، ڕۆژێک سەرۆکی یانەکە دوو یاریزانی نوێ دێنێتە ناو یانەکەوە (ڕایان و سام)، ڕایان وەک یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی بەیسبۆڵ دەردەکەوت، چاوەڕوانی باشترینی لێ دەکرا. لە بەرامبەر ئەمەدا سام کوڕێکی لاواز بوو چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەکرا کە نەتوانێت خاڵی باش تۆمار بکات. پاش تێپەڕبوونی چەند هەفتەیەک تیمەکە کاتێکی زۆریان ویست تا ڕایانیان فێری یاسا و ڕێساکانی تیم کرد، سامیش بە تەنها لە گۆشەیەک دادەنیشت، هەمیشە سەرجەم پیاهەڵدانەکان بۆ ڕایان بوون و سامیش فەرامۆش دەکرا، وەک بڵێی ڕایان کوڕە ئاڵتوونییەکە بێت. پاش دەستپێکردنی وەرزێکی نوێی تیم، بەهۆی ڕایانەوە لە یەکەم یاریدا براوە بوون. بەڵام سام بە وشەی بڕوا بەخۆنەبوون و ترس پڕکرابوو بۆیە هەمیشە نەی دەتوانی سەرکەوتووبێت و خاڵ تۆمار بکات.

چۆن گاریگەری پیگملیەن بەکار بێنین؟

کاریگەری پیگملیەن لە بواری خوێندن و بازرگانی و چەندین بوای تردا بەکار دێت.

  • ئاگاداری پێشبینییەکان بە: دەتوانین بیرکردنەوە و ڕەفتارەکانمان بگونجێنین ئەگەر سەرەتا دان بە بوونیدا بنێین، واتە گرنگە درک بەوە بکەین کە پێشبینی جیاوازمان هەیە. کاتێک دان بەوەدا دەنێین و درکی پێ دەکەین دەتوانین بە شێوەیەکی چالاکانە خۆمان لە کردارە نەرێنییەکان بەدوور بگرین. بۆیە دەکرێت لەبری ئەوەی خاڵە لاوازەکان لە کەسی بەرامبەردا ببینین، سەیری خاڵە ئەرێنییەکان و تواناکانیان بکەین. دەتوانین ئاگاداری ئەوە بین کەی پێشبینییەکانمان ئەنجامی نەرێنی لێ دەکەوێتەوە. بۆ نمووە ڕەنگە ئێمە هاوار بکەین بەسەر کەسێکدا چوونکە لە چوارچێوەی پێشبینییەکانی ئێمەدا نەبووە، لەم کاتانەدا دەبێت دان بەوەدا بنێن و هەوڵ بدەین دووبارە نەبێتەوە.
  • تایبەتمەندێتییە ئەرێنییەکان دەستنیشان بکە: ڕەنگە هەندێک کات چاوەڕوانییەکی کەممان هەبێت بۆ بەرامبەر، هاوڕێ بێت یان نوێنەر یان هاوکارێک یان هەرکەسێکی تر، ڕەنگە ئەمە ببێتە هۆی ئەوەی بێتوانا دەربکەون و وا بکات هەرگیز چاوەڕێی زیاتریان لێ نەکرێت، لە بەرامبەردا کاریگەری لەسەر کردارەکانی ئێمە دەبێت. ئەگەر بتوانین هەندێک تایبەتمەندێتی ئەرێنی دەستنیشان بکەین لە کەسی بەرانبەردا لەوانەیە بتوانین ئاستی چاوەڕوانیکردنمان لێیان بەرز بکەینەوە، دەکرێت ئەو کەسانەش وەک ئەوانی تر بەرەوە پێش بچن و بە ئەگەرێکی زۆرەوە بگەن بەو توانایەی هەیانە کە پێشتر نەمان دەتوانی پێشبینی بکەین.
  • دروستکردنی بەرەنگاری: هەمووان کاتێک دەگەینە ئەمانجێک هەست بە ئەنجامێکی باش یاخود تەواو دەکەین، کارمەندانی شوێنێک دەتوانن بەرەو پێش بچن بە دروستکردنی بەرەنگاری بۆ گەیشتن بە ئامانجە گەورەکان. دەکرێت هەندێک کات کە بخرێنە بەرەنگارییەوە نەک تەنها پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرەکەیان تێپەڕێنن بەڵکو دەکرێت پێشبینییەکانی خودی خۆشیان تێپەڕێنن. ئەگەر ئێمە هەنگاوێک یاخود ئەرکێک دابنێین کەوا پێمان وایە ناتوانین پێشبینی بکەین بە هیچ جۆرێک بتوانن ئەنجامی بدەن، بەڵام پاش ئەوەی هانمان دان لەسەر کارەکە و بەرەنگاریمان دروسترکرد دەکرێت ئەوان هەموو توانای خۆیان بەکار بهێنن لەو کارەدا. چونکە کاتێک چاوەڕوانی زۆر بین و پێشبینی باش بکەین، هەمیشە ئەنجامی باش بەدەست دێت.
  • زمانی ئەرێنی: پێشبینی ئێمە بۆ کەسەکان بەتوانا بێ یان نا، کەمکردنەوەیان ئامانجی باشی نابێت، وەک وتنی: (دڵنیا نیم کە تۆ دەتوانی ئەم کارە بکەی یاخود نا) یان (دەتوانی هەوڵ بدەی؟) دەکرێت ئەنجامی نەرێنی دروست بکات، چوونکە ئەم دەستەواژانە جەخت لەسەر نەبوونی متمانە و چاوەڕوانی کەم دەکەنەوە. دەکرێت بە دەستخۆشی کردن و چاوەڕوانی زۆر لێیان و دیاریکردنی خاڵە بەهێز و ئەرێنییەکانیان ئەنجامی باش و ئەرێنی دروست بکات، بەم شێوەیە کاریگەرییەکی باشی لەسەر ڕەفتارەکانی خۆشمان دەبێت، ئاستی پێشبینییە ئەرێنییەکانمان بەرامبەریان زیاد دەکات.
  • فیدباک پێشکەش بکە: خوێندکار یان کارمەند یان هەرکەسێکی تر بێت گرنگە فیدباکی کرداری پێشکەش بکەی.
  • یەکێک لەو کەموکوڕیانەی لە کاریگەرییەکانی پیگملیەن بەدی دەکرێت نەبوون یاخود ڕەچاونەکردنی هاندانی هەوڵدانە بەو کەسانەی پێشبینی ئەرێنییان کەمە، بەهۆی ئەوەی نازانین کە ئایا فیدباک ئەنجامێکی ئەرێنی دەدات یاخود گۆڕانکارییەکی ئەرێنی لەم جۆرە کەسانە دروست دەکات؟. بەڵام باشترە لانی کەم جارێک فیدباک بدەین تاوەکو پێشبینییە نەرێنییەکان نەبنە ڕاستی، هەلێک بە کەسەکە بدەین تا تواناکانی خۆی بەکار بهێنێت.

 

پرسیارە گشتییەکان کە لەبارەی کاریگەری پیگملیەنەوە دەکرێن

ئایا کاریگەری پیگملیەن ڕاستە؟

  • چەندین لێکۆڵینەوەی تریش کە لە ساڵی ١٩٦٤ لە توێژینەوەی ڕۆزنتاڵ هاتوونەتە ئاراوە، گەشتوون بەو ئەنجامەی کەوا بەڵێ بوونی هەیە. لەڕووی دەروونزانیشەوە کاتێک کەسێک هەبێت هانمان بدات بە وشەی ئەرێنی یاخود چاوەڕوانی ئەنجامی ئەرێنیمان لێ بکات، توانای ئەوەمان هەیە کردارەکان بەهێز بکەین.

کاریگەری پیگملیەن لە فێرکردندا چییە؟

  • کاریگەری پیگملیەن لە فێرکردندا کاتێک ڕوودەدات کە مامۆستا بەهۆی چاوەڕوانییەکانییەوە بە شێوەیەکی جیاواز مامەڵە لەگەڵ خوێندکارەکانیدا دەکات، واتە کاتێک چاوەڕوانی کەم لە هەندێک خوێندکار دەکات گرنگییان پێ نادات لە بەرامبەر ئەوەشدا کاتێک چاوەڕوانی زۆر لە هەندێکی تر لە قوتابییەکان دەکات بەردەوام بە وشەی ئەرێنی و پیاهەڵدان سەرکەوتووتریان دەکات. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو خوێندکارانەی چاوەڕوانی کەمیان لێ دەکرێت لە کاتی پرسیار کردن بەهۆی گرنگیپێدانی کەم نەتوانن بە باشی لە بابەتەکە تێبگەن و وەڵامی تەواو وەرنەگرن.

بۆچی کاریگەری پیگملیەن گرنگە؟

  • کاریگەری پیگملیەن گرنگە چونکە دەتوانێت کاریگەری لەسەر کردارەکانمان هەبێت، هەروەها وەک خولێکی بەدیهێنانی خود کار بکات. بۆ ئەوەی سود لە کەسانی تر وەربگرین گرنگە لەوە تێبگەین کە بیروباوەڕمان تا چەند کاریگەری لەسەر کردارەکانمان هەیە. بە تێگەیشتن لەم خاڵە دەتوانین سود لە بەرەوپێشچوونی ئەو کەسانە وەربگرین کە چاوەڕوانی کەممان لێ دەکردن، نەوەک بە وشەی نەرێنی و کەمکردەوەیان ڕێگری لە بەرەوپێشچوونیان بکەین.


سەرچاوەکان



457 بینین