ناوهڕۆك
سولەیمانی کە دارولملکی بابان بوو
شاعیر: شێخ ڕەزا
بەرهەم: دیوانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی
هۆنراوە: سولەیمانی کە دارولملکی بابان بوو
لە بیرم دێ سولەیمانی کە دارولمولکی بابان بوو
نە مەحکوومی عەجەم نە سوخرەکێشی ئالی عوسمان بوو
لە بەر قاپی سەرا سەفیان دەبەست شێخ و مەلا و زاهید
مەتافی کەعبە بۆ ئەربابی حاجەت گردی سەیوان بوو
لە بەر تابووری عەسکەر ڕێ نەبوو بۆ مەجلیسی پاشا
سەدای مۆزیقە و نەققارە تا ئەیوانی کەیوان بوو
درێخ بۆ ئەو زەمانە، ئەو دەمە، ئەو عەسرە، ئەو ڕۆژە
کە مەیدانی جریدبازی لە دەوری کانی ئاسکان بوو
بە زەربی حەملەیێ بەغدای تەسخیر کرد و تێی هەڵدا
سولەیمانی زەمان، ڕاستت دەوێ، باوکی سولەیمان بوو
عەرەب ئینکاری فەزڵی ئێوە ناکەم ئەفزەلن ئەمما
سەلاحەددین کە دنیای گرت لە زومرەی کوردی بابان بوو
عوموومی شەهریاران و سەلاتینی فەرەنگستان
لە ڕوعبی سەتوەتی ئەو شێرەدا گشتی هەراسان بوو
قوبووری پڕ لە نووری ئالی بابان پڕ لە ڕەحمەت بێ
کە بارانی کەفی ئیحسانیان وەک هەوری نیسان بوو
کە عەبدوڵڵاه پاشا لەشکری والیی سنەی شڕ کرد
ڕەزا ئەو وەختە عومری پێنج و شەش تیفلی دەبستان بوو