ناوهڕۆك
شێخ ڕەزای تاڵەبانی
شاعیری گەورەمان ناوی (ڕەزا)ـیە و کوڕێ شێخ ئەحمەدی کوڕی مەلا مەحموودی زەنگەنەیە و لە ساڵی ١٨٣١ زایینی لە گوندی (قرخ)ـی سەر بە شاری کەرکووک هاتۆتە دنیاوە، لە مزگەوتدا خوێندوییەتی، جگە لە زمانی دایک زمانەکانی عەرەبی و فارسی و تورکی بە باشی زانیوە. هۆنراوەی بەم چوار زمانە نووسیوە تێیاندا باڵا دەست بووە، شارەزایی ئەدەبیاتی فارسی و عەرەبی و تورکی بووە، ماوەیەک ژیانی خۆی لە ئەستەنبوڵ بەسەر بردووە پاش گەڕانەوەی بۆ کەرکووک لە ساڵی ١٨٩٨ چووەتە بەغداد لەوێ پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەی سەلیم بەگی بابان و سەید عەبدولڕەحمان نەقیبی بەغداد زۆر خۆشبووە، تا لە ساڵی ١٩١١ی زاینی لە تەمەنی (٧٩) ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی شێخ عەبدولقادری گەیلانی نێژراوە.
دیوانەکەی تاوەکو ئێستا چەندین جار لە کوردستان و لە دەرەوەی کوردستاندا چاپکراوە، دیوانەکەی کراوە بە سێ بەش ( بەشی کوردی و فارسی و تورکی) لە هەر سێ زمانیشدا شاعیرێکی زۆر سەرکەوتوو بووە، تەنانەت وای لێ هاتووە هەندێک لە شارەزایانی ئەدەبی تورکی بە شاعیرێکی نەتەوەی تورکی دابنێن کە ئەمەش ڕاست نییە، و ستەمێکی گەورەیە کە لەم شاعیرە گەورەیەی کورد دەکرێت:
١.چاپی یەکەمی دیوانەکەی لە ساڵی ١٩٣٥ لەلایەن مەریوانییەوە لە بەغداد بووە.
٢. (دیوانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی) چاپی ساڵی ١٩٤٦ لە بەغداد لەلایەن شێخ عەلی تاڵەبانییەوە چاپکراوە.
٣. (دیوانی شێخ ڕەزا) چاپی ساڵی ١٩٩٩ لە سلێمانی ئامادەکردن و لێکدانەوەی ئومێد کاکە ڕەش و حەمە بۆر.
٤. (دیوانی شێخ ڕەزا) ساغکردنەوەی شوکور مستەفا چاپی ساڵی (٢٠٠٠) لە شاری هەولێر.
٥. (دیوانی شێخ ڕەزا) ساغکردنەوە و لێکدانەوەی د. موکەرەم تاڵەبانی لە ساڵی(٢٠٠١) لە شاری هەولێر چاپکراوە.
٦.( شێخ ڕەزای تاڵەبانی) کەڵە شاعیری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کە لێکۆلینەوەیەکی تێر و تەسەلی لە سەر ژیان و هۆنراوەکانی لەلایەن نووسەر (ئەحمەد تاقانە).
مەبەستەکانی شیعری شێخ ڕەزای تاڵەبانی:
هۆنراوەکانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی ئەم مەبەستانەیان تێدا دەبیندرێت:
١.داشۆرین و شەڕە جنێو (جوێن):
ئەگەر سەرنج بدەیتە دیوانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی ئەوە دەبینین زۆربەی هۆنراوەکانی، داشۆرینن واتە هۆنراوەی (هەجوون، واتە ئەم بابەتە بابەتی سەرەکی شیعرەکانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی بووە، بە هۆنەرێکی بەرز و زمانێکی حاگرینەوە دایرشتوون، قسەی سەیر و سەمەرەن کە نەک هەر پسپۆر و شیعر دۆستان بەڵکو بەگشتی زۆربەی خەڵکەکە حەزیانی لێی بووە، بۆتە مایەی بەناوبانگ بوونی شاعیر، واتە هۆیە سەرەکییەکەش ئەو هۆنراوە پڕ لە جنێوە و قسە پەردە لێ هەڵماڵراوانەیەتی، بۆیە شاعیر شانازی بە زمانی خۆیەوە دەکات و لەم بارەیەوە دەڵێت:
تۆ هەتە دیغی دەبان، من هەمە تیغی زبان
فەرقی ئەم دوو تیغە هەروەک ئاسمان و ڕێسمان
کە لەم شیعرەدا شێخ ڕەزای تاڵەبانی شیعرەکانی خۆی بە تیغ دادەنێت و بەرامبەر خەنجەری دەبانی خەڵک واتە هی ئەو تیژترە لە هی ئەوان.
هۆنراوە شەرە جنێوەکانی نێوان شێخ ڕەزای تاڵەبانی و شاعیری گەورە (جەمیل صدقی زەهاوی) لە لایەک و شێخ ڕەزا و شوکری فەزڵی لە لایەکی ترەوە هەر لەو شەڕە جنێوانە دەچێت کە لە نێوان شاعیرانی عەرەب (جەریر) و (فەرەزدەق) کراوە بەڵام ئەم هۆنراوانە و هۆنراوەکانی تری هێندە ڕوو هەڵماڵراون کە ڕووی ئەوەمان نییە بیانخەینە سەر لاپەڕەکان لێرەدا تەنها ئەم هۆنراوەیەی دەخەینە ڕوو کە زەمی (شێخ عەلی) دەکات و دەڵێت:
١. بێگانە هەموو ساحیبی جاهـو جەبەرووتن
بێچارە برای (شێخ عەلی) موفلیس و ڕووتن
٢.ئەی شێخ عەلی چاکە وسووقت بەبرا بێ
باوەڕ مەکە بەم خەڵقە کە وەک توولە لە دووتن
٣.قەومێ کە لە عەهدی پدەرت حەلقە بە گۆش بوون
تەحقیقی بزانە بە خودا جوملە عەدووتن
٤. ڕەحمیان نییە دەربارەیی تۆ خزم و ئەقارب
موشفیقترە، بێگانە، لەمانە کە عەمووتن
٥. نادان و قوڕمساخ و نەزانن کە ئەمانە
گاهێ لە سەما، گاهـ لە سەیری مەلەکووتن
٦.ئەم تەکیە نشینانە چە دەروێش و چە سۆفی
هەرچەندە بەدڵ موشتەغیلی زیکر و قونووتن
٧. وەک حاجی مابەینی(سەفا) و (مەروە) بە تەعجیل
بۆ لوقمە ئەمانیش بە مەسەل یونس و حووتن
٨. جومعانە بڕاوە، بە خودا موفلیسە (لامع)
نەپوولی حەمامی هەیە نەپارەیی تووتن
٢.نیشتیمان پەروەری و شانازیی کردن:
شێخ ڕەزا لە بارەی نیشتیمانپەروەریشدا شاعیرێکی بێ وێنە بووە، لە دیوانەکەیدا کۆمەڵێک هۆنراوەی وا دەبیندرێت لە لووتکەی هەستی نیشتیمانپەروەرییە و شانازییەکی بێ وێنە بە دەوری میرنیشینەکانی بابان دەکات کە لە شاری سلێمانی فەرمانڕەوا بوون ئەویش وەکو ڕۆشنبیرێکی هۆشیار ئەوەی زانییوە کە لە ناوچوونی میرنشینی بابان زیانی خۆی و نەتەوەکەیەتی، بۆیە هەناسەی ساردی بۆ هەڵدەکێشێ و لە هەستێکی نەتەوەییەوە باسی (سلێمانی)ـی پایتەختی بابان دەکات و دەڵێت:
١. لە بیرم دێ سولەیمانی کە دارولموڵکی بابان بوو
نە مەحکوومی عەجەم، نە سوخرەکێشی ئالی عوسمان بوو
٢. لە بەر قاپی سەرا سەفیان دەبەست شێخ و مەلا و زاهید
مەتافی کەعبە، بۆ ئەربابی حاجەت گردی سەیوان بوو
٣. لە بەر تابووری عەسکەر ڕێ نەبوو بۆ مەجلیسی پاشا
سەدای مۆزیقە و نەقارە تا ئەیوانی کەیوان بوو
٤.درێخ بۆ ئەو زەمانە، ئەو دەمە، ئەو عەسرە، ئەو ڕۆژە
کە مەیدانی جرید بازی لە دەوری کانی ئاسکان بوو
٥. بەزەربی حەملەیێ بەغدای تەسخیر کرد و تێی هەڵدا
سولەیمانی زەمان ڕاستت ئەوێ باوکی سولەیمان بوو
٦.عەرەب ئینکاری فەزڵی ئێوە ناکەم ئەفزەلن، ئەمما
سەلاحەددین کە دنیای گرت لە زومرەی کوردی بابان بوو
٧. قوبووری پڕ لە نووری ئالی بابان پڕ لە ڕەحمەت بێ
کە بارانی کەفی ئیحسانیان وەک هەوری نیسان بوو
٨.کە عەبدوڵڵا پاشا لەشکری والی سنەی شڕ کرد
ڕەزا ئەو وەختە عومری پێنج و شەش تیفلی دەبستان بوو
لە شیعرێکی تر دەڵێت:
زوبدەی مەتاعی حیکمەتە ئەم شیعری کوردییە
هەرزانە بێ موبالەغە حەرفـی بـەگـەوهـەرا
لێرەدا دیسان لە هەستێکی نیشتیمانپەروەییەوە شانازی بەزمانی کوردی و وشەی کوردی دەکات و دەڵێت پارچەی رەنگاو ڕەنگی بە نرخی حیکمەت کە هێنراوەتە مەیدانەوە شیعری زمانی کوردی خاوێنتر و پاکژتری ئەو پارچە کوتاڵەیە، ئەگەر بێت و تاقە پیتێکی بفرۆشی (تەنانەت بە زێریش) لە بەرە ئەم بە نرخترە هەر دەخەڵەتێت، دیارە ئەم شیعرەی منیش کە دایدەنێم یەکێکە لەو شیعرە بەنرخانە.
٣ ستایش:
شێخ ڕەزا لە ستایش کردنیشدا دەستێکی باڵای هەبووە کە هەندێک کەسی ستایش کردووە، کەم شاعیر هەن لەم بابەتەشدا بیگاتێ، ئەوەتە کە ستایشی کاک ئەحمەدی شێخ دەکات و دەڵێت:
مەربووتە حەیاتم بە سولەیمانی و خاکی
خۆزگەم بە سەگی قاپییەکەی ئەحمەدی کاکی
ئەو قدوەتی ساداتە کە سوکانی سەماوات
شەڕیانە لە سەر سەجدە لە بەر مەرقەدی پاکی
بۆ دەست و عەسا نازگەکەی داخە دەروونم
قوربانی عەسای دەستی دەبم، سۆڵ و سیواکی
٤. دڵداری:
شێخ ڕەزا ڕێگەی شیعری دڵداریشی گرتووە وەکو هەموو شاعیرە کلاسیزمییەکانمان، جوانترین شیعری دڵداری نووسیوەتەوە، بە سۆزێکی ڕاستەقینەوە و زۆر ڕاستگۆیانە، کۆمەڵێک شیعری دڵداری لە دیوانەکەیدا دەبیندرێت، وا لێرەدا یەکێک لە شیعرە تەر و ناسکەکانی دەخەینە ڕوو کە پێنج خشتەکییەکە لە سەر شیعرێکی مستەفا کوردی:
دڵی بردم بە ناز و عیشوە دیسان، شۆخێ، عەیارێ
فریبی دام بە سیحری چاوی خۆی مەحبوبێ، سەحارێ
لە هیجرانا تەقم کرد ئەی ڕەفیقان کوا مەدەدکارێ
ئەمان مردم عیلاجێ سا لەڕێی پێغەمبەرا چارێ
ویساڵ، یا قەتڵ و یا تەسکین، لە هەرسێ بۆم بکەن کارێ
ڕووخساری شیعرەکانی:
شێخ ڕەزا بە گەورەترین شاعیری کلاسیزمی کوردی دادەنرێت کە سەر بە قوتانخانەی شیعری بابانە، چونکە یەکێکە لەو شاعیرانەی کە لە شاری کەرکووک لە سەر شیعرەکانی نالی و سالم و کوردی هۆنراوەکانی هۆنیوەتەوە،
لە ڕووی رووخسارەوە ئەم خاڵانە دەبیندرێت:
١.بە زمانێکی کوردی تێکەڵ بە وشەی عەرەبی و فارسی و تورکی هۆنراوەکانی نووسیوەتەوە.
٢.بەکارهێنانی کێشەکانی (عەرووز)ـی عەرەبی.
٣. لە ڕووی سەرواوە پەیڕەوی شیعری کلاسیزمی کوردی کردووە، واتە سەروای یەک ڕەویەی بەکارهێناوە کە پێی دەوترێت سەروای یەکگرتوو، واتە هەموو دێڕەکان بە یەک پیت کۆتاییان دێت.
٤. پاراستنی بابەتەکانی غەزەل و چامە لە هۆنراوەدا و پەیڕەوکردنی بابەتەکانی ڕەوانبێژی واتە یاری کردن بە وشە و وشەکاری لە ناو هۆنراوەکانیدا.
ناوەڕۆکی شیعرەکانی
لە ڕووی ناوەڕۆکیشەوە ئەم خاڵانە دەبیندرێن:
١. لە هۆنراوەکانیدا هەموو مەبەستەکانی هۆنراوەی گوتووە هەر لە داشۆرین تا دڵداری و ستایش کردن شانازی کردن و تەنانەت شیعری ئایینی و تەسەوفی هەیە، بەڵام لە هۆنراوەی داشۆرین پلەی یەکەمی هەیە.
٢.هۆنراوەی فارسی و تورکی زۆر کاریان لێکردووە، بە تایبەتی هۆنراوەکانی (حافزی شیرازی) گەورە شاعیری فارسی کاریگەرییەکی زۆرییان لە سەر هەبووە.
٣.یەکێکە لەو شاعیرانەی کەسەر بە قوتابخانەی بابان بووە واتە سەر بە قوتابخانەی شیعرەییەکەی نالی و سالم و کوردی، بە تایبەتی شاعیری گەورە (نالی).