پڕۆگرامی لۆڤاس

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2024-06-14-13:11:00 - کۆدی بابەت: 13178
پڕۆگرامی لۆڤاس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پڕۆگرامی لۆڤاس بە ئینگلیزی (lovas program)، بە عەرەبی (برنامج لوفاس)، پڕۆگرامی لۆڤاس پڕۆگرامێکی  پەروەردەییە، کە شێوازێکی چارەسەرە لە چارەسەرکردنی منداڵی ئۆتیزمدا پشتی پێدەبەسترێت، ئەم شێوازی چارەسەرە ساڵی ١٩٧٨ لەلایەن {ئیڤار لۆڤاسە} مامۆستای پزیشکی دەروونی لە زانکۆی کالیفۆرنیا لە لۆس ئەنجلۆس داهێنراوە.

قۆناغی سەرەتایی پڕۆگرامەکە

  • شارەزایی سەرنجدان: دانیشتن بە شێوەیەکی سەربەخۆ، پەیوەندی بینین.
  • شارەزایی لاساییکردنەوە: بۆ جوڵەی ورد و جوڵەی گەورە و زارەکی.
  • شارەزایی زمان دەربڕین: لاسایی دەنگی، گوازارشتی بەڵێ و نەخێر، وەڵامدانەوەی سادە بۆ پرسیارەکان.
  • شارەزایی بەر لە ئەکادیمی: بەرواردکردن و تەواوکردنی چالاکییەکان بە شێوەیەکی سەربەخۆ. لەگەڵ دیاریکردنی شێوەکان و ڕەنگەکان و پیتەکان.
  • شارەزایی بایەخدان بە خود: داکەندنی پۆشاک، خۆی خواردن بخوات و هەندێک شارەزایی لەبارەی ‌حەمامەوە هەبێت.
  • شارەزایی سەرنجدان: جەختکردنەوە لەسەر پەیوەندی بینین و وەڵامدانەوەی بانگکردن بە ناو.
  • شارەزایی لاسایکردنەوە: لاسایی بەردەوام، لەبەرگرتنەوە وێنەی سادە و دروستکردنی پەیوەندی نێوان جوڵە ودەنگ.
  • شارەزایی زمان وەرگرتن: بەدوای یەک هاتنی فرمانەکان لە دوو قۆناغی ناسینی تایبەتمەندییەکان و پۆلێنکردن و ناساندن، وەک زانینی بارودۆخە سۆزدارییەکان، دەکرێت بتوانێت بپرسێت بۆچی؟ سەرنجی وێنەکان.
  • زمانی گوزارشتکردن: کە گوزارشتێک بێت لە دوو یا سێ وشە پێکهاتبێت لەبارەی پێداویستی و ئارەزووەکانی. ئەمەش بە ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری دەبێت لەگەڵ کەسانی دیکەدا، بە پرسیاری بۆچی؟
  • شارەزایی بەر لە ئەکادیمی: بەروارکردن و پۆلێنکردن بە شێوەیەک هەندێک ڕەگەزی ناساندنەکە بدات بە دەستەوە، لەگەڵ ناسینی پیتی گەورەو بچوک، بەکارهێنانی چەمکی زۆرتروکەمتر. ژماردن کاغەزی سادەی کۆپی پیتەکان و ژمارەکان، ناوەکان بنووسێت و مەقەست بە کاربهێنێ و چوارچێوەکان ڕەنگ بکات.
  • شارەزایی بایەخدان بە خود: پۆشینی جل و بەرگ و پانتۆڵ و پێڵاو و بەکارهێنانی حەمام.

قۆناغی پێشکەوتووی پڕۆگرامەکە

  • شارەزایی سەرنجدان: بەردەوامبوونی پەیوەندی بینین لە کاتی تاوتوێکردن و چالاکی بە کۆمەڵ.
  • شارەزایی لاسایی: چاودێریکردنی فرمانە ئاڵۆزەکان، یاریکردن لەگەڵ هاوڕێیان، وەڵامدانەوەی زارەکی لەگەڵ هاوڕێیانی.
  • شارەزایی زمان وەرگرتن: چاودێریکردنی فرمانەکان لە سێ هەنگاوی ناساندن، وەک لێکچواندن و جیاوازی و ناساندنی خاوەندارێتی.
  • گوزارشتکردن: گوزارشتەکانی بە ڕاناوی من بێت و وەک ئەوەی من نازانم، گێڕانەوەی چیرۆکێک کە گوێبیستی بووە، گێڕانەوەی ڕووداوەکان بە ڕوونی، ناسینی ڕاناو و فرمانەکان و جەختکردنەوە لەسەر زانین.
  • زمانی پوخت: پێشبینی ئەنجامەکان، وەرگرتنی هەڵوێستی تایبەت و ڕوونکردنەوەی هەڵوێستەکەی.
  • شارەزایی بەر لە ئەکادیمی: نموونەکان بخوێنێتەوە و پیتەکان بناسێنێ و دەنگەکان بناسێ و واتای وشەکان دیاری بکات و شیکردنەوەی سادە بدات و ژمارەکان ڕێک بخات و ئەو وشانە بناسێت کێش و سەروا و ڕیتمیان وەکو یەکە و وشەی سادە بنووسێت کە لە یادەوەری هەیە. ئاستی ژمارەکان دیاری بکات.
  • شارەزایی کۆمەڵایەتی: ئاڕاستەی بیرکردنەوە و ڕەفتاری هاوڕێیەکانی بناسێت و وەڵامی پرسیاری هاوڕێکانی بداتەوە.
  • ئامادەیی خوێندن: لە ڕیز بوەستێت و وەڵامەکان ڕوون بکاتەوە وچاودێری ڕێنماییەکان بکات و وەڵام بداتەوە کاتێک بانگ دەکرێت دەست بەرزبکاتەوە و چیرۆک بگێڕێتەوە.
  • شارەزایی بایەخدان بە خود: ددانەکانی بشوات و جلوبەرگەکانی هەڵگرێتەوە.

دانێشتنەکانی خوێندن لە پڕۆگرامی لۆڤاس

ماوەی یەک دانیشتن مەوداکانی لە نێوان ٦٠-٩٠ خولەکە بۆ ئەو منداڵانەی کە سەرەتا پڕۆگرامەکەیان لەسەر جێبەجێدەکرێت لە دوای ئەو ٦٠-٩٠ خولەکە منداڵ دەتوانێت ١٥ خولەک پشوو بدات یاخود یاری بکات دواتر دەگەڕێتەوە بۆ دانیشتنەکە کە ماوەی ٦٠-٩٠ خولەکە بەردەوام دابێت تاوەکو ژمارەی ئەو کاتانەی کە بۆ منداڵەکە دیاریکراوە بەسەردەچێت، ئەو منداڵانەی کە نوێ نین لە بەرنامەکەدا ڕەنگە ماوەی دانیشتنەکانیان چوار کاتژمێر بێت و بۆ ماوەی ١٥ خولەک بێت یان زیاتر دواتر دەگەڕێتەوە بۆ دانیشتنەکە بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت تاوەکو کاتژمێرەکانی هەر ڕؤژێک تەواو دەکات کە هەشت کاتژمێرە.

ڕۆڵی دایک و باوک لە پڕۆگرامی لۆڤاس

بەشداریکردنی دایک و باوک لە پڕۆگرامەکە زۆر گرنگە، هەندێک لە توێژەران لەو بڕوایەدان کە ناتوانرێت کارامەییەکانی گشتاندنی لە قوتابخانە بۆ بکرێت، ئەگەر دایک و باوک لە جێبەجێکردنی پڕۆگرامەکە بەشدار نەبن. لێرەشەوە دایک و باوک دەبنە بەشێک لە پڕۆگرامەکە، بەشێوەیەک بەشداربووان بەشێک لە پڕۆگرامەکەیان لەسەر منداڵەکە جێبەجێ دەکەن و بەشەکەی دیکەش دایک و باوکانیش لە هەمان ڕۆژ جێبەجێی دەکەن.

لۆڤاسیش پێی وایە پڕۆگرامەکە بیست و چوار کاتژمێر بەردەوام دەبێت و دانابڕێت، ئەمەش بەشداربوونی دایکان و باوکان لە ڕاهێنانی منداڵەکانیان بەشێکی زۆر لە خەرجیەکان کەم دەکاتەوە. لەو بابەتانەی کە دایک و باوک دەتوانن بۆ منداڵەکانیان دابین بکەن، نموونەی خواردن و یاری و هاندانی کۆمەڵایەتی وەک لە باوەشگرتن و گوزارشتی ستایشکردن و یاری پەسەند بەلای منداڵاکانەوە. هەروەها دەتوانن لە فەرامۆشکردنی هەندێک ڕەفتاری نەشیاو بەشداربن، ئەمەش لە میانەی ڕەفتاری چاک دەبێت، سەرەڕای ئەمانەش باوک و دایک دەتوانن ڕەفتاری منداڵەکانیان دیاری بکەن، دەزانن منداڵەکانیان پێویستیان بە چ شارەزاییەکە، لێرەوە کەسوکار مامۆستای یەکەمی منداڵەکەن، هەرئەوانیش بەرپرسن لە چاودێریکردنی فێربوونی منداڵەکە و ڕێکخستنی ژینگەی منداڵەکە.

بەرنامەی لۆڤاس بۆ کێیە؟

بەرنامەی لۆڤاس بۆ ئەو منداڵانەیە کە ئۆتیزمیان هەیە لە پێش چوونە قوتابخانە تا کاتی قوتابخانە دەتوانن سوودی لێ وەربگرن و دەتوانرێت بەرنامەکە دەستکاری بکرێت بۆ ئەو منداڵانەی کە لە قوتابخانەن.

ئامانج لە بەرنامەی لۆڤاس چیە؟

ئەو ئامانجانەی کە دکتۆر لۆڤاس دەیویست لە ڕێگەی بەرنامەکەیەوە بە دەستی بهێنێت:

لە ساڵی یەکەمدا: زیادکردنی وەڵام بۆ فەرمانی زارەکی، لاساییکردنەوە، بەکارهێنانی یاری بە شێوەیەکی گونجاو و فراوانکردنی مەودای چارەسەر بۆ بەشداری خێزانی.

لە ساڵی دووەمدا: جەختکردنەوە لەسەر توانای دەربڕینی قسە، فراوانکردنی مەودای چارەسەر بۆ توانای تێکەڵاوبوون لە نێو کۆمەڵگادا.  

لە ساڵی سێیەم: جەخت لەسەر دەربڕینی هەست و تواناکان پێش ئەکادیمیا( خوێندنەوە ، نوسین ، ژماردن ) و فێربوون لە ڕێگەی چاودێریکردن.

پڕۆگرامی لۆڤاس بۆچی بەکارهاتووە؟

پڕۆگرامی لۆڤاس بە کاردێت بۆ فێرکردن و هاندانی ڕەفتاری گونجاو وەک بەکارهێنانی زمان و کارامەیی کۆمەڵایەتی هەروەها دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی هەڵسوکەوتە قورسەکان .

تێچووی پڕۆگرامەکە چەندە؟

تێچوونەکان پشت دەبەستێت بە چۆنیەتی کارپێکردنی بەرنامەی لۆڤاس، ئەمە دەتوانرێت بە شێوەیەکی فراوان جیاوازی دروست بکات، تیمی یاریدەدەر ڕەنگە کەسانی جۆراوجۆری تێدا بێت (کەسانی پڕۆفێشناڵ، یاریدەدەر، مامۆستای پەروەردەی تایبەت، خۆبەخش)، هەروەها پڕۆگرامەکە کاتێکی زۆری دەوێت و پێویستی بە ماندووبونێکی زۆر هەیە لەلایەن دکتۆرەکان و ئەندامانی خێزان کە ئەمەش وای کردووە تێچوی پڕۆگرامەکە زیاد بکات.

چۆن فێردەکرێن؟ چی دەکرێت؟

لە ڕێگەی هەوڵدان و دووبارەکردنەوە منداڵەکە فێردەکرێت پێیان دەوترێت کە کارێک ئەنجام بدەن، بۆ نموونە دەست لە شتێکی دیاریکراو بدەن، یاخود سەیری بەرانبەر بکەن، تا دوایی ئەگەر بێت و بەباشی ئەو کارانەی کە بە منداڵەکە دراوە بە باشی ئەنجامی دابێت و وەڵامی دابێتەوە ئەوە پاداشت دەکرێت گەر وەڵام دانەوەکە ناڕاست بێت پشت گوێ دەخرێت و هەوڵی لەگەڵ دەدرێتەوە و هاندەدرێت تا ڕەفتارەکە چاک بکاتەوە. منداڵەکە ئەو کاتەی کە وەڵامی پرسیارێکی دروست دەداتەوە پاداشت دەکرێت بۆ زیاتر هاندان و بەردەوامی لەسەر ئەنجامدانی ئەو کارانەی کە پێیدەوترێت، بەرنامەکە نەک تەنها بۆ کەمکردنەوەی ڕەفتاری نێگەتیڤە بەڵکو بۆ زیادکردنی ئەگەرەکانی فێربوون و ڕاهێنانە بۆ کارامەیی جیاواز.   

پڕۆگرامە پەروەردەییەکان بە پێی ئاستەکانی تەمەن

منداڵانی خوار تەمەن ٣ ساڵ

منداڵانی ئەم تەمەنە پێویستیان بە کاتی زیاترە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ چارەسەردا، پێویستیان بە ١٠-١٥ کاتژمێر هەیە لە هەفتەیەکدا و وردە  وردە تا ٣٥-٤٠ کاتژمێر زیاد دەبێت. ئامانج لە فێربوون لەم تەمەنەدا ئەم خاڵانەی خوارەوە دەگرێتەوە:

  • پەرە بە بەهرە نوێیەکانیان بدرێت.
  • فراوانکردنی توانای پەیوەندی وگەشەپێدانی لە توانای پەیوەندیکردن لەگەڵ کەسانی تردا.

منداڵانی تەمەن ٣-٥ ساڵ

پێویستە منداڵان لە چەند ماوەی چەند دانشتنێکدا ٣٥-٤٠ کاتژمێر لە هەفتەیەکدا بەسەر ببەن و هەر دانشتنێک ٢-٤ کاتژمێربە پشوو دەخایەنێت، هەندێکجار ماوەی پشوو کاتەکەی لە ١٠-٢٠ خولەک دەبێت، ئەمەش لە پێناو فێربوونی کارامەیی جیاوازە لە منداڵەکەدا.

ئەو منداڵانەی کە تەمەنیان گەورەیە

چارەسەری ڕەفتاریی کاریگەرترین چارەسەرە بۆ ئەو منداڵانەی کە تەمەنیان گەورەییە لە کاتێکدا زۆرێک لەو شێوازە پەروەردەییانەی کە بەسەر منداڵانی بچوکتردا جێبەجێکراون دەستکاری دەکرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەم تەمەنەدا گونجاو بن. وە ئامانج لێی باشترکردنی جۆری ژیانە بۆ نمونە:

  • ئەو کارامەییانەی کە منداڵ دەتوانێت فێربێت یارمەتی خۆی بدات.
  • توانای تێکەڵبوون لە قوتابخانە.
  • چۆنیەتی پەیوەندیکردن لەگەڵ هاوتەمەنی خۆیاندا.

چۆن دەتوانرێت لە ڕێگەی پڕۆگرامی لۆڤاسەوە مامەڵە لەگەڵ ڕەفتارە نادروستەکاندا بکرێت؟

١. دەکرێت پاداشتی منداڵەکە بکرێت دوای تەواوبوونی لە هەر کارێک کە بەباشی وەڵامی دابێتەوە.

٢. کاتێک منداڵەکە فێردەکەین دەتوانین هاندەرە سەرەتاییەکان زیاد بکەین، لە بری خواردن، دەتوانین پاداشتی کۆمەڵایەتی زیاد بکەین وەک ئامێزگرتن، ماچکردن و تا کۆتایی.

٣. هەرکاتێک منداڵەکە توانایەک فێربوو دەتوانین گشتاندنی بۆ بکەین بۆیە بەم شێوەیە پاداشت دەبێت بە پاداشتێکی ناوەکی.

٤. هەرکات هەڵەی کرد دەکرێت سزا بدرێت ئەوەش ڕەنگە بە ڕاگرتنی پاداشتەکان بێت.

ئەم بیرۆکەیە لەسەر کۆمەڵیک منداڵی ئۆتیزم بڵاوکرایەوە بەڵام زۆر خاو بوو بۆیە کۆمەڵێک گۆڕانکاری تێدا ئەنجامدرا کە بریتی بوو لەم خاڵانەی خوارەوە:

١. زیادکردنی کاتی کارکردن بۆ ٥٠ کاتژمێر لە هەفتەیەکدا.  

٢. ڕاهێنانی منداڵی ١_ ٥ ساڵ

٣. دەبێت ئەو منداڵە ڕێژەی زیرەکی لە ٥٠-٦٠ بێت.

٤. ڕاهێنانی منداڵ لەناو خێزان و بەشداریکردن خێزان لە ڕاهێنانی منداڵی ئۆتیزمدا.

٥. دانانی بەرنامەیەکی پەروەردەی کە لە سوککەوە بۆ قورس دەست پێبکات.

قۆناغەکانی کۆتایی پڕۆگرامی لۆڤاس تیشک دەخاتە سەرچی؟

١. ئەرکە ئەکادیمییەکان.

٢. لێهاتوویی کۆمەڵایەتی.

٣. فێرکردن لە ڕێگەی چاودێریکردن.

بەکارهێنانی ڕێگای جیاواز و خێرا بۆ ڕاگەیاندنی کارێک بە منداڵەکە وا دەکات کە منداڵەکە خێرا ڕەفتاری خوازراو ئەنجام بدات دوای پێدانی ڕێنمای بە منداڵەکە، هەندێک لەو کارە خێرایانە:  

١. لە ڕێگەی بەکارهێنانی زاراوەکان نموونە/ دەستت بگەیەنە بە دەرەوەی فڵچەکە.

٢. خۆت فڵچەی ددانەکە بگرە.

٣. خێراکردنی جەستەیی ئەویش لە ڕێگەی ڕێنماییکردنی دەستی کەسێک بۆ سەر فڵچەکە.   


سەرچاوەکان



44 بینین