كۆکتێل

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-08-03-15:26:00 - کۆدی بابەت: 9671
كۆکتێل

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کۆکتێل (بە ئینگلیزی: Cockatiel، بە عەرەبی: کوکاتیل)، جۆرێکی تووتییە و لە کۆمەڵەی باڵندەکاندا پۆلێنکراوە، نشینگە بنەڕەتییەکەی ئوستوڕالیایە و جێگەی ژیانکردنیشی دەکەوێتە سەر درەخت و دەوەن و ناوچە تەڕەکانەوە، لە دوای تووتی دووەم بەناوبانگترین باڵندەی قەفەسەکانە، هەروەها یەکێکە لە ئەو باڵندانەی کە پێویستە هاوبەشی هەبێت و نابێت بەتەنها بژی، لە سروشتدا تاکەکانی پێکەوە بە جووتە یاخود کۆمەڵە و پۆلی گەورە خواردن دەخۆن و دەفڕن و کۆچ دەکەن.

کۆکتێل باڵندەیەکی خێرایە و لە ماوەی کاتژمێرێکدا دەتوانێت ٦٩ کیلۆمەتر ببڕێت، هەروەها جۆرێکی کۆچەرییە, بەڵام شێوازی کۆچکردن بەگوێرەی شوێنەکانیان دەگۆڕێت، بۆ نموونە هەندێکیان بە شێوەیەکی گونجاو لەکاتی نەبوونی خۆراکی پێویست و گۆڕانی کەشوهەوادا کۆچ دەکەن، بەڵام هەندێکی تریان دەشتەکیین و بەشێوەیەکی هەڕەمەکی جێگەکانیان جێدەهێڵن.

شێوەی دەرەوەی

دیارترین جیاکەرەوەی ئەم جۆرە تووتییە هەبوونی پەڵەی ڕەنگ کاڵە لەسەر ڕوومەتەکانی، شێوازی جەستەی درێژکۆلەیە و بە پەڕ داپۆشراوە کە هاوکاری پاراستنی پلەی گەرمی جەستەی دەدات، هەروەها چەند ڕەنگێکی جیاوازی هەیە وەک زەرد، پرتەقاڵی، ڕەساسی لەگەڵ سپی، لە سروشتدا زۆرینەی نێرینە و مێینەکان ڕەساسین، بەڵام نێرینەکان لەسەر باڵەکانیان نیشانە و خاڵی سپییان هەیە، پەڕەکانی کۆکتێل چینێک چەوری لەسەرە کە دژی ئاوە و پلەی گەرمی دەپارێزێت، هەروەها لەسەر سەریاندا پۆپنەیەکی وەک تاجی هەیە کە بەگوێرەی هەستەکانی بەرز یاخود نزم دەبێتەوە.

قەبارەیەکی گەورەی نییە کێشی تەنها ٩٠ گرام دەبێت و درێژییەکەشی لە نێوان ٢٥-٣٥ سانتیمەتر دەبێت، هەروەها مەودای نێوان باڵەکانی بە نزیکەیی لە نێوان ٣٠-٣٥ سانتیمەتر دەبێت، بەڵام جیاواز لە زۆرینەی باڵندەکانی تر درێژی کلکی بە بەراورد بە جەستەی زۆرە، کە درێژییەکەی بە نزیکەیی یەکسانە بە درێژی جەستەی، هەبوونی پەڵە لەسەر ڕوومەتی کۆکتێلەکان تەنها بۆ جوانی نییە، بەڵکو ئەو پەڕانەی کە لە ئەو ناوچەیەدا هەن هاوکاری پاراستنی چاوی دەکەن لەکاتی فڕیندا، ڕەنگی دەنووکی تۆخە و پێیەکانیشی هاوشێوەی هەموو تووتییەکانی ترە، کە دوو پەنجەی بۆ پێشەوە و دووانی تریان بۆ دواوە ئاڕاستەکراوە.  

شێوەی تاجی کۆکتێل بە گوێرەی دۆخەکەی

  • کاتێک پەڕەکانی سەر سەری بەتەواوەتی ڕێکە، ئەوا واتای ئەوەیە کە باڵندەکە زۆر بە پەرۆشە و چالاکە یاخود لە دۆخی پشوودانە.
  • کاتێک پەڕەکانی سەر سەری بە تەواوەتی تەخت دەکات، واتە باڵندەکە هەست بە مەترسی و هەڕەشە دەکات یاخود توڕەیە.
  • کاتێک پەڕەکانی سەری تەختن بەڵام کۆتاییەکانی بەرزبوونەتەوە، واتە کۆکتێلەکە گاڵتەدەکات و کەیفخۆشە.

خۆراک

ئەم جۆرە باڵندەیە ڕووەکخۆرە و شێوازی دەنووکی هاوکاری دەکات کە جۆری جیاوازی خۆراک بخوات، بەڵام بە شێوەیەکی سەرەکی تۆو و دانەوێڵەکانی سەر زەوی دەخۆن، یاخود دەکرێت کاتێک بەرهەمەکان هێشتا بە درەختەوەن لێیبکەنەوە و بیخۆن، هەروەها دەشتوانن مێروو و توی کێوی و میوەکانیش بخۆن، جگە لە ئەمانەش ئەم باڵندەیە دەتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر بەبێ ئاو بمێنێتەوە.

هەروەها بەتایبەتی لەبەر ئەوەی لەکاتی ئاو خواردنەوەدا نێچیرەکان لێی نزیکدەبنەوە، ئەوا کۆکتێلەکان بڕێکی کەم ئاو دەخۆنەوە، گەورەترین ڕاوچی و مەترسیش بۆسەر ژیانی باڵندە ڕاوکەرەکانە، بەڵام لەبەر ئەوەی بەشێوەی پۆلی گەورە دەژین خێرا یەکتری ئاگاداردەکەنەوە لە مەترسی، لە ئەنجامدا هەندێکجار لەبەر زۆری ژمارەیان باڵندە ڕاوکەرەکانیش هەوڵی ڕاوکردنیان نادەن.

یەکگرتن و زۆربوون

وەرزی یەکگرتن لە بەهاردایە و هاوبەشەکانیان هەتاکوو کۆتایی ژیانیان پێکەوە دەژین، واتە لە کۆمەڵگەی کۆکتێلەکاندا فرەژنی نییە، ئەم باڵندەیە هێلانەکەی لە بۆشایی و کونی درەختەکاندا دروستدەکات کە زۆرجار لە پێشووتردا جێگەی باڵندەی تر بووە، هەروەها بۆ ڕاکێشانی سەرنجی مێینە و ئەنجامدانی کردەوەکانی دڵداری، ئەوا نێرینەکان دەچنە ناو هێلانەکانەوە بۆ دڵنیابوونەوە لە نەبوونی مەترسی و باڵەکانیشیان بڵاودەکەنەوە، لە بەرانبەردا مێینەکانیش کلکیان بەرز دەکەنەوە، جگە لە ئەمانەش بۆ پەیوەندیکردن بە یەکترییەوە دەنگی زۆر و بەرز بەکاردەهێنن وەک فیکەلێدان.

دوای یەکگرتن مێینەکە پێنج هێلکە دەکات، بەدوایدا ماوەی نیشتن لەسەر هێلکەکان ١٧-٢٣ ڕۆژ دەخایەنێت و دواتر بێچووەکان هەڵدێن، ئەگەر بە هەر هۆکارێک یەکێک لە هێلکەکان لەناوبچێت ئەوا مێینەکە هێلکەیەکی تر دەکات وەک جێگرەوەی، چونکە تۆوەکانی نێرینەکە بۆ ماوەی مانگێک لە مێینەکەدا دەمێنێتەوە، ئەوا مێینەکە دەتوانێت بە درێژایی ماوەی نیشتنەکەی هێلکەی نوێی پیتێنراو بکات، بەڕۆژدا نێرینەکە لەسەر هێلکەکان دەنیشێت و بە شەودا مێینەکە.

لە دوای هەڵهاتنی بێچووەکان هەردوو دایک و باوکەکە گرنگییان پێدەدەن، خۆراکیان بۆ دەهێنن و گەورەیان دەکەن، لە پاش پێنج هەفتەش پەڕی بێچووەکان لێ دەبێتەوە و پەڕی نوێ جێگەی دەگرێتەوە، هەروەها لە ماوەی مانگێکدا بێچووەکان هێلانەکانیان جێدەهێڵن، توانایان دەبێت پشتبەخۆیان ببەستن و جێگەی خۆیان دەبێت، بەڵام هەتاکوو نێرینە نەبێت بە ١٣مانگ و مێینە نەبێت بە ١٨ مانگ توانای زۆربوونیان نابێت، واتە ناگەنە قۆناغی پێگەیشتنی تەواو.

ماوەی ژیانکردنی کۆکتێل لە نێوان ١٥-٢٥ ساڵ دەبێت بەڵام بە دیلکراوی تەمەنی درێژترە و دەکرێت بگاتە ٣٠ ساڵ، یاخود دەکرێت تووشی نەخۆشی بەکتریایی ببێت و چونکە بەکتریاکە هێرش دەکاتە سەر جگەریان، دواتر تووشی نەخۆشییان دەکات و لە ئەنجامدا تەمەنیان کەمتر دەبێتەوە، یاخود بۆ نموونە کاتێک کۆکتێلێکی ماڵی زۆر دەخەوێت لەسەر قاچەکانی ئەوا لەوانەیە تووشی نەخۆشی بووبێت، کە پێویستە ببرێتە لای پزیشکی ئاژەڵان.

ماڵیکردنی

سەرەڕای ئەوەی کە کۆکتێل وەک جۆرەکانی تری تووتی توانای قسەکردنی نییە، بەڵام بەهۆی جوانی شێوەیەوە ژمارەیەکی زۆری خەڵکی ئارەزووی دەکەن و ماڵیدەکەن، کە لە دۆخی ئاساییدا جۆرێک باڵندەی بە وزە و کەیفخۆشە، هەروەها باڵندەیەکی شەڕانگێز نییە بەڵکو ئاشتیخوازە، واتە بۆ ماڵیکردن گونجاوە و گرنگیپێدانی زۆر و تایبەتی ناوێت، تەنها لەکاتی فڕیندا دەنگی بەرزی هەیە.

شێوازی هۆگرکردنی کۆکتێل

  • یەکەم یاسا ئارامگرتن و پاراستنی هێمنییە، کە دەبێت ڕێگە بە باڵندەکە بدرێت هەتاکوو بۆ ماوەیەکی گونجاو لە قەفەسەکەیدا بمێنێتەوە.
  • چەند ڕۆژێک پێش ڕاهێنان پێکردنی بە دەنگی هێواش قسەی بۆ بکرێت.
  • پاشان خاوەنەکەی دەتوانێت لەکاتی قسەکردندا خۆراکی پێبدات، یاخود دەستی بۆ نزیک بکاتەوە.
  • لە ڕۆژێکدا تەنها دوو جار و بۆ ماوەی ١٠-١٥ خولەک دەستی لێ نزیک بکرێتەوە.
  • لە ئەنجامدا باڵندەکە دەکرێت بە تەواوەتی هۆگر ببێت و بچێتە سەر دەست و پەنجەی خاوەنەکەی.


سەرچاوەکان

31 بینین