هەزارپێ

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-08-04-17:35:00 - کۆدی بابەت: 9688
هەزارپێ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هەزارپێ یان شەهمار (بە ئینگلیزی: Centipede، بە عەرەبی: حریش)، گیانەوەرێکی کۆمەڵەی بێ بڕبڕەکانە و زیاتر لە ٣٠٠٠ جۆری جیاوازی دۆزراوەتەوە و تۆمارکراوە، نشینگەکەی هەموو وڵاتە جیاوازەکان لە هەموو کیشوەرەکان دەگرێتەوە جگە لە بەستەڵەکی باشوور، جێگەی ژیانکردنیشی دەکەوێتە ئەو ناوچانەی کە ڕووەکی شیبووەوەی تێدایە، یاخود لە ناوچەی شێداردایە لە ژێر بەرد و قەدی درەختە کەوتووەکاندا، زۆرینەی جۆرەکان لەسەر زەوین بەڵام دەشتوان خۆڵ هەڵکۆڵن و بچنە ژێر زەوییەوە.

هەندێک لە جۆرەکانیشیان لە ماڵەکاندا دەژین بەتایبەت لە ژوور و ناوچە شێدارەکانی ناوماڵدا، هەبوونی هەزارپێی زۆر لە ماڵێکدا واتای ئەوەیە کە ئەو ماڵە مێرووی تێدایە، کە هەزارپێ ئارەزووی جێگەکە دەکات، بۆ ڕزگاربوون لە ئەم بوونەوەرەش باشتر وایە کە بە بەردەوامی ماڵەکە بە وشکی ڕابگیرێت هەتاکوو دووربکەونەوە، یاخود هەندێک جۆر لە ڕووەک و گوڵەکان کە هەڵواسراون و توانای بەرزبوونیان هەیە نەچێنرێت.

هەرچەندە بە ئەم گیانەوەرە دەوترێت هەزارپێ بەڵام لە ڕاستیدا هەزار پێی نییە، بەڵکو چونکە ژمارەیەکی زۆر پێی هەیە بۆیە ئەو ناوەی پێدراوە، ئەم بوونەوەرە ژەهراوییە مەترسیدارە، یەکێک لە جۆرەکانیشی کە تایبەتە بە دوورگەی گالاپاگۆس و پێی دەوترێت هەزارپێی داروین جالوت، زۆر گەورە و مەترسیدارە بۆ گیانەوەرانی ناوچەکەی، ئەو جۆرانەی هەزارپێ کە گەورەن گەستنەکانیان بۆ مرۆڤ بکوژ نییە، بەڵام دەبێتە هۆی دروستبوونی ئازار و سووتانەوە بۆ ماوەی چەندین ڕۆژ، باشترین ڕێگاش بۆ خۆپاراستن دوور کەوتنەوەیە لە ئەو هەزارپێیانەی کە لە دارستانەکاندا دەژین و ڕەنگیان کاڵ و سەرنجڕاکێشە.

شێوەی دەرەوەی

جەستەی ئەم بوونەوەرە بە بەرگێکی ڕەق داپۆشراوە و چەندین ڕەنگی جیاوازی هەیە وەک ڕەش، سوور، زەرد یان پرتەقاڵی، ئەوانەی لە ناوچەکانی هێڵی کەمەرەییدا دەژین ڕەنگیان کاڵترە بەڵام ئەوانەی کە لە ناوچەی ئاووهەوا مامناوەندەکاندا دەژین دەکرێت قاوەیی و ڕەش بن، هەروەها هەزارپێ شێوەی جەستەی تەختە و پارچە پارچەیە کە بە ژمارەیەکی زۆر قاچەوە بەستراونەتەوە.

ژمارەی قاچەکانی بەگوێرەی جۆرەکانی دەگۆڕێت و لە نێوان ١٥-١٧٠ جووت دەبێت، کە هەموو کات ژمارەیەکی تاک لە جووت پێی هەیە و بەهۆیانەوە زۆر بەخێرایی دەجووڵێن، هەروەها قەبارەیەکی بچووکی هەیە کە درێژییەکەی لەنێوان ٣-٣٠ سانتیمەتر دەبێت، جگە لە ئەمانەش لەبەر ئەوەی لە دەرەوەی جەستەیدا ئێسکە پەیکەری ڕەقی نییە بۆیە پێویستە هەزارپێ زۆرینەی کاتەکانی لە نزیک ئاودا بەسەرببات.  

خۆراک

هەزارپێ بوونەوەرێکی گۆشتخۆرە و ژەمە خۆراکییە سەرەکییەکانی بریتین لە مێروو و جاڵجاڵۆکە لەگەڵ کرمەکان، لەناویشیاندا خۆراکی پەسەندی مێرووەکانە، بەڵام ئەوانەی لە هێڵی کەمەرەیی دەژین و قەبارەیان گەورەترە ئەوا بۆق، مار، شەمشەمە کوێرە، مارمێلکە، باڵندە و مشکەکان دەخۆن، هەزارپێ چاوی نییە و نابینایە بەڵام ڕاوچییەکی زۆر کارامە و لێهاتووە، لەسەریدا شاخی هەستەوەری هەیە کە هەست بە هەبوونی خۆراک دەکات.

پاشان بەهۆی جووتە پێیەکەی پێشەوەی نێچیرەکەی دەگرێت کە ژەهری تێدایە و نێچیرەکەی دەگەزێت، ژەهرەکەی دەبێتە هۆی لە جووڵە خستنی بوونەوەرەکە یاخود ڕاستەوخۆ کوشتنی، هەروەها هەزارپێ چالاکییەکانی زیاتر بە شەودا ئەنجام دەدات، جگە لە ئەمانەش دەتوانن مرۆڤەکانیش بگەزن، هەرچەندە گەستنەکەی ژەهراوییە بەڵام بەگشتی زیان بە مرۆڤ ناگەیەنێت، هەزارپێ خۆشی دەبێت بە نێچیری گیانەوەری تری وەک باڵندە و بۆقەکان یاخود مەمکدارە بچووکەکان.

یەکگرتن و زۆربوون

وەرزی یەکگرتنی هەزارپێکان دەکەوێتە مانگە گەرمەکانەوە، مێینەکان بۆ ڕاکێشانی سەرنجی نێرینەکان ماددەی کیمیایی تایبەت دەردەن، پاشان نێرینەکان تۆوەکانیان لەشێوەی تۆپەڵێکی بە ئاوریشم داپۆشراو دادەنێن، نێرینەکەش بۆ ڕاکێشانی سەرنجی مێینەکە بۆ تۆپەڵە تۆوەکەی سەمای تایبەت ئەنجام دەدات، کە ئەگەر مێیەنەکە وریا نەکرێتەوە و تۆوەکە بەکارنەهێنێت، ئەوا دواتر لەلایەن بوونەوەری ترەوە دەخورێت.

دواتر مێینەکە هێلکە پیتێنراوەکان دەخاتە قەدی درەختی ڕزیوەوە یاخود چاڵی بۆ هەڵدەکۆڵێت، هەندێکیشیان بۆ دڵنیابوونەوە بە دەوری هێلکەکاندا خۆیان لول دەکەن، هەر مێینەیەک لە تەواوی ژیانیدا دەتوانێت ١٥٠ بێچووی ببێت، ناوەندە ڕێژەی ژمارەی بێچووەکان دەگاتە ٦٠ دانە، دوای هەڵهاتنیان کرمۆکەن و بێچووەکان لەسەرەتادا تەنها چوار جووت پێیان هەیە.

بەڵام لەگەڵ گەورەبوون و گەشەسەندندا ژمارەی پێیەکانیشیان زیاد دەکات، هەروەها بێچووەکان بۆ گەشتنیان بە قۆناغەکانی گەورەبوون، پێویستە چەندین جار بەرگیان لێببێتەوە و قەبارەیان گەورە ببێت، بەڵام هەندێکجار هەر لە قۆناغی هێلکەیدا دایکەکە بێزار دەبێت، لە ئەنجامدا واز لە هێلکەکان دەهێنێت یاخود دەیانخوات، جگە لە ئەمانەش سوڕی ژیانی هەزارپێکان دەکرێت بگاتە شەش ساڵ.

جۆرە سەرەکییەکان

ژمارەیەکی زۆر جۆری جیاوازی هەزارپێ بوونی هەیە کە دەگاتە هەزاران، بەڵام هەندێکجار خەڵکی لەگەڵ بوونەوەری تردا تێکەڵیان دەکەن، نموونەی هەندێک لە بەناوبانگترین جۆرەکانیش ئەمانەن:

  • هەزارپێی ماڵی یەک ئینجی
  • هەزارپێی داروین جالوت
  • هەزارپێی گەورەی پیرۆ


سەرچاوەکان



1086 بینین