ئەو یاسایانەی کە پێویستە فێری منداڵ بکرێن

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-08-06-22:02:00 - کۆدی بابەت: 9729
ئەو یاسایانەی کە پێویستە فێری منداڵ بکرێن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئەو یاسایانەی کە پێویستە فێری منداڵ بکرێن (بە ئینگلیزی: Basic manners that must be taught to children، بە عەرەبی: آداب اساسية التي يجب تعليمها للٲطفالزۆرێک لە دایکان و باوکان چاوەڕێی ڕەفتاری دروست لە منداڵەکانیان دەکەن، بەبێ ئەوەی لە ماڵەوە یاسای تایبەت بۆ منداڵەکان دابنێن، لە کاتێکدا منداڵان بۆ پەیڕەوکردنی یاساکانی کۆمەڵگا لە گەورەییدا، پێویستیان بە یاسای سادەیە لە ژینگەی ماڵەوەدا.

گرنگی دانانی یاسا بۆ منداڵان

هەندێک لە دایکان و باوکان پێیان وایە ئەگەر لە ژینگەی ماڵدا یاسا بۆ منداڵەکان دابنێن، واتای سنووردارکردن و لەناوبردنی توانای داهێنانی منداڵەکانە، لەکاتێکدا ئەم بیرۆکەیە هەڵەیە و سنووردارکردنێکی کەم لە ژینگەی ماڵەوەدا، وادەکات منداڵەکان لە گەورەییدا باشتر لە یاساکانی کۆمەڵگا تێبگەن.

ئەگەر لە ماڵدا ئەم یاسایانە دانەنرێت، بەدڵنیاییەوە هەموو منداڵێک کاتی نانخواردن قاپەکەی فڕێ دەدات، شەوانە درەنگ دەخەوێت، هەرزەکارەکان کۆنتڕۆڵ ناکرێن و لەگەڵ خێزاندا تووشی کێشە دەبن، هەندێک لە یاساکان شێوازی ژیان فێری منداڵ دەکەن و هەندێکی تریان تایبەتن بە ڕەفتاری کۆمەڵایەتی، وەکوو وتنی تکایە یان ببوورە کە دواتر لە کۆمەڵگادا سوودیان بۆ منداڵ دەبێت.

هەموو ئەندامەکانی خێزانەکە دەتوانن بەشداربن لە دیاریکردنی یاساکان، بەتایبەت ئەگەر لە ماڵەوە هەرزەکارێکتان هەیە، بەدڵنیاییەوە بەشداری پێ بکەن. منداڵان لە تەمەنی سێ بۆ چوار ساڵییەوە توانای تێگەیشتنیان لە یاسا سادەکان هەیە، بەڵام ڕەنگە لەبیریان بکەن لەبەرئەوە تاکوو دەتوانن بیریان بخەنەوە.

١٠ یاسای بنەڕەتی کە خێزانەکەت دەکات بە خێزانێکی بەنرخ لە کۆمەڵگادا

  1. لەگەڵ هەموو ئەندامانی خێزانەکە بەڕێزەوە قسە بکەین: ئەگەر ئێوە وەکوو دایک و باوک بەڕێزەوە قسە لەگەڵ هەموو ئەندامانی خێزانەکە بکەن، منداڵەکانیش فێر دەبن. کەواتە یەکەم هەنگاو ئەوەیە بڵێیت: بەڵێ دایکە، بەڵێ باوکە گیان، ئازیزەکەم، سوپاست دەکەم.
  2. سەرەتا لە دەرگا بدەین: کاتێک دەتانەوێت بچنە ژووری منداڵەکان سەرەتا لە دەرگا بدەن، فێریان بکەن کاتێک دەیانەوێت بچنە ژووری دایە و بابە، سەرەتا لە دەرگا بدەن و بڵێن: مۆڵەتم هەیە بێمە ژوورەوە؟
    بەم کارە ئادابی چوونە ناو شوێنی تایبەتی کەسەکان فێری منداڵ دەکەن.
  3. شەق، لێدان و پاڵنان قەدەغەیە: یەکێک لە یاساکانتان لە ماڵەوە دەبێت ئەوە بێت، ڕەفتاری وەکوو شەق هاویشتن، پاڵنان و لێدان قەدەغە بێت ئەگەر کەسێک پابەند نەبوو و لەبیری کرد، ئاگاداری بکەنەوە ئەگەر زۆر دووبارەی کردەوە ئەوا هەندێک لەو شتانەی حەزی لێیەتی لێی قەدەغە بکەن، بۆ نموونە لەبەرئەوەی تۆ قژی خوشکەکەتت ڕاکێشاوە و ئێمە لە ماڵەوە یاسامان داناوە کە لێدان قەدەغەیە، تۆ ئەمشەو ناتوانیت سەیری یاری تۆپی پێ بکەیت.
  4. بە دەنگی بەرز قسە نەکەین: لە ماڵەوە بە دەنگی بەرز قسە مەکەن و بیکەن بە یاسایەک کە دەنگی بەرز قەدەغەیە، لەبەرئەوە دەبێت بەهێواشی و بەڕێزەوە قسە لەگەڵ یەکتر بکەن، تاکوو لەیەکتر تێبگەن، ئەگەر منداڵەکان پەیڕەویان نەکرد، وای دەربخەن کە دەنگە بەرزەکەیان نابیستن و بڵێن ئێمە تەنیا دەنگی هێواش دەبیستین، بەمشێوەیە فێر دەبن بەئارامی و هێواش قسە بکەن.
  5. سێ وشە لە ماڵەوە پێویستە: بەکارهێنانی ئەم سێ وشەیە لە ماڵەوە بکەن بە یاسا تکایە، سوپاس و ببوورە. بێگومان ئەو بارودۆخانە فێری منداڵەکە بکەن و بۆی دیاری بکەن، کە پێویست دەکات ئەم وشانەیان تێدا بەکاربهێنێت، بۆ نموونە ئەهەر هەڵەیەکی کرد و کەسێکی بێتاقەت کرد، دەبێت داوای لێبوردن بکات، یان ئەگەر داوای شتێکی لە خوشک و برا یان دایک و باوک و هەر کەسێک کرد، باشترە بڵێت تکایە.
  6. بیانو گرتن و بۆڵەبۆڵ قەدەغەیە: بۆ ئەو منداڵانەی کە لە لایەنی عەقڵییەوە پێگەیشتوون، بەڵام بیانو دەگرن و بۆڵەبۆڵ دەکەن، ئەو یاسایە دابنێن کە بۆڵەبۆڵ کردن قەدەغەیە، ئەگەر حەزیان لە شتێک نەبوو بەشێوەیەکی ئاسایی بڵێن: من حەزم لەم شتە نییە یان من ئەم خواردنەم پێ خۆش نییە.
  7. ڕاستگۆ بین: سەرەتا ڕاستگۆیی لە خۆتانەتەوە دەست پێبکەن، دەبێت هەمیشە لە ماڵەوە ڕاستی بڵێن تاکوو منداڵەکانیش فێر بن تەنانەت ئەگەر کارێکی خراپ بکەن، چونکە درۆکردن کێشەی زیاتر دروست دەکات و باشترە ڕاستی بڵێین.
  8. هەمیشە سوپاسگوزار بین: دەبێت هەمیشە سوپاسگوزار بین، تەنانەت ئەگەر دیارییەکیشیان بۆ کڕیبین کە بەدڵمان نەبێت، دەبێت بڵێین سوپاس. منداڵان بەزۆری ئەم یاسایە نازانن و پەیڕوەی ناکەن و دەبنە هۆی بێتاقەتکردنی کەسێک، سوپاسگوزاری وەکوو یاسایەک فێری منداڵەکان بکەن، سەرەتا خۆتان لەبەردەم منداڵەکەدا سوپاس بکەن پاشان داوا لە منداڵەکەش بکەن.
  9. خێرا وەڵامی کەسەکان بدەینەوە: کاتێک کەسێک بانگمان دەکات، دەبێت خێرا وەڵام بدەینەوە چونکە وەڵام نەدانەوە بە بێ ڕێزی بە ئەندامانی خێزانەکە دادەنرێت، هەروەها فێریان بکەن هەتا کەسی بەرانبەر قسەکەی تەواو نەکات، قسە نەکەن و ئارامبگرن.
  10. میهرەبان بین: دەکرێت ئەم میهرەبانییە لەگەڵ مرۆڤ و ئاژەڵەکان بێت، خۆشویستنی ئەوانی تر فێری منداڵەکان بکەن، لەپشت کەسەکانەوە باسییان مەکەن و ڕق و سوکایەتی نیشان مەدەن.


سەرچاوەکان



808 بینین