ناوهڕۆك
ناساندن
گوڵی پەپوولە (بە عەرەبی: نبات الفراشة، بە ئینگلیزی: False shamrock، ناوی زانستی: Oxalis triangularis)، یەکێکە لە گوڵە هەمیشەییەکان و چەندین ناوی باوی جیاوازی هەیە، کە بەگوێرەی ناوچەکان دەگۆڕێت، نشینگە بنەڕەتییەکەی وڵاتی بەڕازیلە، بەڵام بۆ زۆرینەی وڵاتەکانی تریش گوازراوەتەوە، یەکێک لە دیارترین جیاکەرەوەکانی ئەم گوڵە ئەوەیە کە کاردانەوەی بۆ ڕووناکی دەبێت، واتە یەکێکە لە ئەو گوڵانەی بە شەودا دادەخرێت و بە ڕۆژدا دەکرێتەوە، هەروەها دەوترێت کە شیاوی خواردنە، بەڵام لەوانەیە کاریگەری نەرێنی هەبێت، بەتایبەتی بۆ پشیلە و سەگە ماڵییەکان ژەهراوییە و پێویستە لێی دووربن.
شێوە و پێکهاتەی
دیارترین تایبەتمەندی گوڵی پەپوولە گەڵاکەیەتی، قەبارەی گەورەیە و ڕەنگێکی مۆر و شێوەیەکی جوانی هەیە، هەر گەڵایەک لە سێ پەڕە پێکهاتووە و لەسەر لقێکی ناسک جێگیربووە، هەروەها خونچە و گوڵی بچووک دەگرێت و ڕەنگیان سپی و پەمەیی کاڵە، گوڵەکان لە بەشی سەرەوەی ڕووەکەکەدا دەڕوێن، گوڵی پەپوولە لە هەردوو وەرزی بەهار و هاویندا گوڵدەگرێت، کە بۆ ماوەی سێ هەفتە گوڵەکانی دەمێنێتەوە، بەرزی ئەم ڕووەکە دەگاتە نزیکەی ٣٠ سانتیمەتر، هەندێکیشیان دەکرێت کەمێک زیاتر بەرزببن، جۆری تر هەیە لە ئەم گوڵە کە ئەندامی هەمان خێزانن، بەڵام ڕەنگی گەڵاکانیان سەوزە و زیاتر لە گیای سێپەڕە دەچن، کە بە شێوەیەکی خۆڕسک ساڵانە لە سروشتدا سەوزدەبێت.
سوودەکانی
بەهۆی ئەو ماددە کیمیاییانەی کە لە گوڵی پەپوولەدا هەیە، ئەوا وەک دژە میکرۆبێکی کاریگەر ناودەبرێت، بەتایبەتی لە دژی هەندێک لە بەکتریاکان، لە ئەنجامدا ئەم گوڵە دەبێتە هۆی خاوێن بوونەوەی جێگەکەی لە میکرۆبی زیانبەخش، جگە لە ئەمەش لە پێکهاتەکەیدا دژە ئۆکسێنی زۆری تێدایە، کە ئەوەش دەکرێت سوودی جیاوازی هەبێت و وەک دەرمان بەکاربێت، یاخود لە بواری ڕەنگی خواردندا دەکرێت زۆر گونجاو بێت و جێگەی ڕەنگە دەستکردەکان بگرێتەوە.
شێوازی چاندن و گرنگی پێدانی
گوڵی پەپوولە بەگشتی بە چاندنی لقەکانی زیاد دەکرێت، سەرەتا پێویستە چەند لقێکی خاوێن لێبکرێتەوە و بە چەقۆ یان ئامێرێکی تیژ ببڕدرێت، دواتر لە خاکدا دەچێنرێت و هەتاکوو کەمێک گەورە دەبێت خۆراک و گرنگی پێدانی پێویستە، بۆ نموونە لە ڕۆژەکانی سەرەتادا هەتاکوو چەکەرە دەکات و خونچەی دەگرێت، ئاوی بەباشی پێبدرێت بەڵام دەبێت بە وریاییەوە بێت و ئاوی زۆری پێنەدرێت.
جێگەی چاندنی لە هەردوو ناوماڵ و دەرەوەشدا دەکرێت، بەڵام خەڵکی زیاتر لە ژورەوە دایدەنێن، چونکە لە دەرەوە پێویستی بە جێگەی تایبەتە و لە ژوورەوەدا پارێزراوترە، باشترین پلەی گەرمی بۆ ئەم گوڵە لە ڕۆژدا لە نێوان ١٥-٢١ پلەی سیلیزیە و لە شەویشدا ١٣ پلەیە، هەروەها دەبێت جێگەکەی لە نزیک پەنجەرە بێت هەتاکوو تیشکی خۆری ڕاستەوخۆی هەبێت.
خراپترین کردەوە کە لە دژی ئەم گوڵە ئەنجام بدرێت، بریتییە لە ئاودانی زۆر چونکە زیانی پێدەگەیەنێت، باشترین کات بۆ ئاودانیشی ئەوەیە کە بەشی سەرەوەی خاکەکەی وشکبێتەوە، هەروەها نابێت کاتێك گوڵەکە داخراوە و خەوتووە ئاو بدرێت، پێویستە خاکەکەی وشک ببێتەوە و ئاوی پێدابڕوات، واتە کەڵەکە نەبێت و تێپەڕبێت، چونکە ڕێژەی شێ زۆر گرنگ نییە و هەمان پلەی شێی ژوورەکەی هەبێت ئاساییە.
هەرکاتێک گەڵاکانی ڕووەکەکە وەک سیساو دەرکەوتن، ئەوا پێویستە واز لە گەڵاکان بهێنرێت هەتاکوو دەمرن و دەکەونە خوارەوە، دواتر گوڵەکە دەبڕدرێت و سەرلەنوێ گەشە دەکاتەوە کە ٢-٤ هەفتە دەخایەنێت، هەروەها لە پاش ١-٢ ساڵ باشترە کە خاک و گۆزەگەی بۆ بگۆڕدرێت، هەتاکوو گەشەی باشتربکات و گەورەترببێت، گوڵی پەپوولە لە ناوچەی تەڕ و شێداردا مەترسی تووشبوونی بە کەڕوو هەیە، کە کەڕووەکان زیان بە گەڵا و گوڵەکانی دەگەیەنن، هەروەها ڕەنگی گەڵاکانی گوڵەکە دەگۆڕێت و خاڵ و نیشانەیان لەسەر دەردەکەوێت.