کتێبی دەستێکی سپی بۆ کیشوەری ڕەش

له‌لایه‌ن: - ئێڤین عومەر ئێڤین عومەر - به‌روار: 2022-09-01-23:50:00 - کۆدی بابەت: 10117
کتێبی دەستێکی سپی بۆ کیشوەری ڕەش

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کتێبی دەستێکی سپی بۆ کیشوەری ڕەش لە ئامادەکردن و وەرگێڕانی (د.هێمن عومەر خۆشناو)ـە، کە باس لە بەشێک لە ژیان و بیرەوەری د.عەبدولڕەحمان سمێت دەکات، لەگەڵ هەندێک لەو بەسەرهات و چیرۆکە ڕاستەقینانەی لە ئەفریقا بەسەری هاتووە.

بەهۆی ئەوەی د.عەبدولڕەحمان ژیاننامەی خۆی نەنووسیوەتەوە و ڕێگەشی نەداوە تا خۆی لە ژیان بێت کەس لەبارەیەوە بنووسێت، هەر وەکوو گوتویەتی: "ئاسوودە نابم خۆم لە ژیان بم و خەڵک لەبارەم بنووسێت، شەرمیش لە خودا دەکەم خۆم سەربردەی خۆم بنووسمەوە. بۆیە ئەوەی لەم کتێبەدا باسکراوە، لەو کتێب، وتار، نووسین و ڤیدیۆیانەی کە لەبارەی د.عەبدولڕەحمانەوە هەن وەرگیراوە".

ناسنامەی کتێب

ناو دەستێکی سپی بۆ کیشوەری ڕەش
نووسەر هێمن عومەر خۆشناو
بابەت یاداشتنامە
ژمارەی پەڕەکان  ٢٧٢ لاپەڕە
ناوەندی چاپ ئاونگ
چاپ یەکەم ٢٠١٦

کورتەیەک دەربارەی نووسەر

پڕۆفیسۆری یاریدەدەر هێمن عومەر خۆشناو لە ساڵی ١٩٨٣ لە شەقڵاوە لەدایکبووە، لە ساڵی ٢٠٠٦ کۆلێژی زمان بەشی زمانی کوردی لە زانکۆی سەڵاحەدین تەواوکردووە، پاشان لە ساڵی ٢٠٠٩ بڕوانامەی ماستەری بەدەستهێناوە، ساڵی ٢٠١٤ بڕوانامەی دکتۆرای لە ئەدەبی کوردیدا لە زانکۆی سلێمانی بەدەستهێناوە.

هەندێک لە بەسەرهاتەکانی ناو کتێبەکە

  • دکتۆر عەبدولڕەحمان سمێت دەڵێت: حەوت پلەمان بۆ چاودێری دارایی هەیە، بۆ ئەوەی ئەوپەڕی شەفاف و کراوە بین تا کەس نەیەت بڵێت عەبدولڕەحمان سمێت پارەی دزیوە، هەموو شتێک بە وردی تۆمارکراوە. 
    چاودێری دارایی لەوێ لە گۆڕەپانەکە دەست پێدەکات، پاشان لێپێچەرەوەی مەیدانیمان لە بارەگای سەرەکی لە کوەیت هەیە، پاشان لێپێچینەوەی گشتیمان هەیە، پاشان وردبینی ناوەکی و ئەوجار وردبینی دەرەکی. ڕۆژێک شتێک ڕوویدا. وردبینی ناوەکی پەیوەندی پێوەکردم، کە کارمەندێکی بچکۆلەیە، گوتی: تۆ چارەکی دۆلارێکت لە سوودان بۆ چاککردنەوەی پێڵاوەکەت خەرجکردووە، باشە بە چ هەقێک ئەم چارەکە دۆلارەت خەرجکردووە؟! کە ئەوەم بینی ئاخر ئەو برایەکی میسڕییە پێم گوت: تۆ نازانی من سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنم و چۆن ئەو قسەیە بە من دەڵێی؟
    گوتی: بەخوا من یاسا جێبەجێ دەکەم، ئەگەر یەساکەشت بە دڵ نییە، خۆت سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی و یاساکە بگۆڕە. گوتم: من خۆم یاسام و ئیتر بەسە. ئەویش گوتی: نا ئەمە ڕاست نییە، پێویستە یاساکە بگۆڕی. ویستم نەرمی بکەم، بەڵام کابرا دیاربوو هەر سووربوو، بۆیە هەڵسام و چووم ماچم کرد و کرێی مانگێکی تەواوم لە گیرفانی خۆم دایێ و پێم گوت: دەمەوێت تۆ هەر لەسەر ئەمە سوور بی، چونکە ئەمە شانازییە بۆ من و شانازییە بۆ هەر کەسێک کە کارمەندی لەم ئاستەی ئەمانەت و سپاردەدا هەبێت. ئەم وردبینییە ناوەکییەی پارە و پول کە ئێمە هەمانبوو، لەناو ڕێکخراو و کۆمەڵەکانی تردا نەبوو، نەبوونی ئەم وردبینییە لای ئەوان وایکردووە، کە دوژمنانی کاری خێرخوازی تۆمەتباریان بکەن.
  • چ شتێک دەشێ مسوڵمان پێشکەشی کاری بانگەوازی بکات؟: لای هەمووان شاردراوە نییە، کە کۆمەکی ڕاستەوخۆی ماددی گرنگە، بەڵام ئەمە بەس نییە کە مسوڵمان بۆ بانگەواز یان کاری خێرخوازی لە ئەفریقا و لەنێو جەرگەی ئەو هۆز و خێڵانەدا پێشکەشی بکات، چونکە زۆر شت هەیە کە لەم دەم و دەستەدا سەختە بیخەیتە ژێر ڕکێف، بۆیە دەشێ هەر یەکەمان لەم بوارەدا یارمەتیدەر بین، گرنگترینیشیان (نزایەکی ساڵحانەیە)!
    تۆ بڵێی چەن نزا هەبووە دەرگای داخراوی کردووەتەوە، ڕێگەی سەختێ خۆش کردووە، کێوێک تەگەرە و گرفت و ناخۆشی ورد و خاش کردووە. بۆیە خوشک و برای بەڕێزم تکات لێدەکەم لە نزای خێر قاڕنان مەبە و بێ بەشمان مەکە! 
  • کامیان بە کەڵکترە؟: جێگری سەرکۆمار لە مەدەغەشقەر لەگەڵ ئەندام پەرلەمانێکی مسوڵمان سەریان لە هەرێمی (ماجونگا)ـدا، هەر کە چوونە گوندێک، ئەندام پەرلەمانەکە (دوای ئەوەی کە بینی دیانەکان کڵێسایەکیان دروست کردووە) و ئێمەش کارێزێکمان بۆ گوندەکە لێدابوو، بە هاوڕێکەی خۆی گوت: کامەیان بۆ خەڵک سوودی زیاترە، ئەوەی کڵێسایەک ئاوادەکات، یان ئەوەی کارێزێک لێدەدات؟ 
    جێگری سەرۆک کۆماریش گوتبووی: هەڵبەت ئەوەی کارێزێک لێدەدات.
    ئەندام پەرلەمانەکەش وەڵامی دابوویەوە: ئا ئەمەیە جیاوازی نێوان ئێمەی مسوڵمان لەگەڵ ئێوەی دیان.
  • لە کابرایەکمان پرسی کە خەڵکی دەکردە دیان (مەسیحی)، ئایا لە کارەکەی خۆی سەرکەوتوو بووە؟ وتی: بەڵێ وتمان: چەند مسوڵمانت کردووەتە دیان؟ وتی: من ١٠ ساڵە لێرەم توانیومە منداڵێکی بچکۆڵە بکەمە دیان! وتمان: ئاخر ئەی ئەمە شکست نییە؟ وتی: بە پێچەوانەوە، پێم وایە ئەوەی من کردوومە تۆقەڵی سەرکەوتنە، چونکە بەڕاستی کارکردن لەناو جەرگەی مسوڵمانان ئەسان نییە، هەر وەک خەڵکێک وای دەبینێت، ڕاستیت دەوێت ئەو مسوڵمانانە چەندی بڵێی پابەندن بە ئایینەکەیانەوە.


سەرچاوەکان

83 بینین