عەبدولڕەحمان سمێت

له‌لایه‌ن: - ئێڤین عومەر ئێڤین عومەر - به‌روار: 2022-08-24-23:25:00 - کۆدی بابەت: 9999
عەبدولڕەحمان سمێت

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دکتۆر عبدولڕەحمان حەموود سمێت (بە عەرەبی: الدكتور عبد الرحمن حمود السميط، بە ئینگلیزی: Dr. Abd Al-Rahman Hamood Al-Sumait) لە ١٥ تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٤٧ لە کوەیت لەدایکبووە، بانگخوازی کوەیتی عەبدولڕەحمان سمێت دامەزرێنەر و سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕی "کۆمەڵەی یارمەتیدانی ڕاستەوخۆ (لیژنەی موسڵمانانی ئەفریقا) "ـبووە، دواتر لە ساڵی ١٩٨١ بووە بە ئەمینداری گشتی کۆمەڵەکە، هەر بە سەرپەرشتیاری ئەو کۆمەڵەیە مایەوە تاکوو لە ساڵی ١٩٩٩ ناوی کۆمەڵەکە بۆ کۆمەڵەی (یارمەتیدانی ڕاستەوخۆ) گۆڕدرا.

عەبدولڕەحمان سمێت لە خێزانێکی پەیوەست بە ئایینەوە لە کوەیت لەدایکبووە و گەورەبووە، باوکی سەرەتا ئیشی سەربەخۆی دەکرد و پاشان بووە بە فەرمانبەر، عەبدولڕەحمان سمێت هەر لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە خەیاڵی دەکرد کە ئەو لە ئەفریقا لەناو دارستاندایە، دوای فێربوونی چۆنیەتی گرتنی مارە ژەهراوییەکان گۆچانێکی هەبوو وەکوو گۆچانی تایبەت بە گرتنی مار ئەو گۆچانەی بەدەستەوە دەگرت تا ماری پێ ڕاوبکات. 

 لەدایکبوون   ١٥ـی تشرینی یەکەمی ١٩٤٧،  کوەیت
کۆچی دوایی ١٥ـی ئابی ٢٠١٣ (٦٥ ساڵ ژیاوە)
هۆکاری مردن  نەخۆشیی دڵ و دەمار
زانکۆ زانکۆی بەغداد، زانکۆی لیڤەرپوڵ، زانکۆی مەکگیڵ.
پاسپۆڕت مەدەغەشقەر
ئایین ئیسلام
پیشە  پزیشک
هۆکاری ناوبانگ بوونی بانگخوازی ئیسلامی لە ئەفریقا

نازناو
خزمەتکاری بانگەواز، خزمەتکاری هەژارانی ئەفریقا، سوارچاکی کاری خۆبەخشی، پاشای ئەفریقا، عەبدولڕەحمان فاتح.
هاوژین نوریا محەمەد (دایکی سوهەیب)

منداڵ
 ئەسما، نوسەیبە، سوهەیب، سومەییە، عەبدوڵڵا

خولیا و ئەزموونی خوێندنەوەی

دکتۆر هەر لە منداڵییەوە حەزی لە خوێندنەوە بوو، خوێندنەوەکەشی هەمەجۆر بوو وەکوو زانستە ئیسلامییەکان، ئایینەکان، سیاسەت و ئابووری، زۆرجار کە ئەگەر کتێبێکی بەدەستەوە گرتبا لاپەڕەکانی هەرچەندێک بوو بێ تاکوو لە خوێندنەوەی تەواو نەبوایە وازی لێ نەدەهێنا، هەندێک کات پێش دەستپێکردنی کاتی ئیشکردن دەچووە کتێبخانە گشتییەکان، یەکەم کەس بوو کە دەچووە ژوورەوە و کاتێکیش کتێبخانە دادەخرا کۆتا کەس دەهاتە دەرەوە، بەشی زۆری پارەکانی بۆ پەرتووک کڕین بوو، بەتایبەت ئەو پەرتووکانەی کە لە میسڕەوە دەهاتنە کتێبخانە تایبەتەکان، دکتۆر عەبدولڕەحمان دەڵێت: "بە ئامانجی لێکۆڵینەوە و گەشتن بە ڕاستی و فراوانکردنی ئاستی زانیاری و بیر و هۆشم دەمخوێندەوە".

سەرەتای کاری خێرخوازی

عەبدولڕەحمان سمێت هەر لە قۆناغی ناوەندیدا دەستی بە هزری بانگخوازی و مرۆڤدۆستی کردبوو، لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا لە ڕێکخراوی "الكشافة" (کە جووڵانەوەیەکی پەروەردەیی خۆبەخشی گەنجانی جیهانییە) لە گرووپی یەرمووک کاری کردووە، ئەزموونی زۆری لە کارکردن لەو کۆمەڵەیەدا بەدەسهێنا، لەو ماوەیەی کە لەم ڕێکخراوەدا کاری دەکرد وتاریشی بۆ ڕۆژنامەیەکی هەفتانە دەنووسی.

ژیانی زانستی و پیشەیی

لە ساڵی ١٩٦٣ دوای ئەوەی کە دواناوەندی تەواوکرد، داواکاریی پێشکەشی کۆلێژی پزیشکی ئەمریکا و میسر کرد، لە هەردووکیان وەرگیرا، بەڵام دواتر گوێی لە هەندێک خوێندکار بوو دەیانوت کۆلێژی پزیشکی بەغداد کەس لێی دەرناچێت، بڕیاریدا کۆلێژی پزیشکی بەغداد بخوێنێت و لێی دەربچێت، چووە بەغداد لە کۆلێژی پزیشکی وەرگیرا و دواتریش تەواوی کرد.  
دوای ئەوەی بەکالۆریۆسی لە بەغداد بەدەستهێنا، لە مانگی نیسانی ساڵی ١٩٧٤ لە زانکۆی لیڤەرپوڵ لە بەریتانیا دیبلۆمی لە نەخۆشییەکانی ناوچە گەرمەکان بەدەستهێنا، پاشان بۆ وەرگرتنی پسپۆڕی لە نەخۆشییە هەناوییەکان و نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەرس چوو بۆ کەنەدا.

دواتر لە ساڵی ١٩٧٤ تاکوو ١٩٧٨ وەکوو پزیشکی مەشق پێکراو لە زانکۆی مەکگیڵ لە نەخۆشخانەی مۆنتریالی گشتی بۆ نەخۆشییە هەناوییەکان و نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەرس لە کەنەدا کاری کردووە، پاشان وەکوو پزیشکی پسپۆڕ لە ساڵی ١٩٧٩ تاکوو ١٩٨٠ لە نەخۆشخانەی شاژن لە لەندەن کاری کردووە.

پاشان گەڕاوەتەوە بۆ کوەیت، لە نێوان ساڵەکانی ١٩٨٠-١٩٨٣ وەکوو پسپۆڕی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەرس لە نەخۆشخانەی سەباحی کوەیتی کاری کردووە، هەروەها چەندین توێژینەوەی زانستی و پزیشکی لە بارەی کۆڵۆن و گرێی ژێرپەنجەیی بڵاوکردووەتەوە، لە ساڵی ١٩٨٣ـوە خۆی تەرخانکردووە بۆ کاری بانگخوازی، وەکوو ئەمینداری گشتی کۆمەڵەی یارمەتیدانی ڕاستەوخۆ و سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕی تاکوو ساڵی ٢٠٠٨ کاری کردووە، پاشان بووە بە بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوە و کاری خێرخوازی لە کەنەدا.

ئەزموونی کارکردنی دکتۆر عەبدولڕەحمان لە بواری خێرخوازیدا

  1. ئەندامی دامەزرێنەری دەستەی جیهانی خێرخوازی ئیسلامی بووە.
  2. ئەندامی دامەزرێنەری ئەنجوومەنی جیهانی ئیسلامی بۆ بانگەواز و فریاگوزاری بووە.
  3. ئەندامی کۆمەڵەی ڕزگاریی خێرخوازیی کوەیتی بووە.
  4. ئەندامی کۆمەڵەی مانگی سووری کوەیتی بووە.
  5. سەرنووسەری گۆڤاری (کەوسەر) بووە، کە گۆڤارێکی مانگانەی ڕۆشنبیریی پەروەردەیی هەمەڕەنگی تایبەت بە گەلانی ئەفریقا بوو.
  6. ئەندامی ئەنجوومەنی ئەمیندارانی دەزگای بانگەوازی ئیسلامی بووە لە سوودان.
  7. ئەندامی ئەنجوومەنی ئەمیندارانی زانکۆی زانست و تەکنەلۆژیا بووە لە یەمەن.
  8. سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕی کۆلێژی پەروەردە بووە لە زانزیبار.
  9. سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕی کۆلێژی شەریعە و کۆلێژی دیراساتی ئیسلامی بووە لە کینیا.
  10. سەرۆکی ناوەندی دیراساتی کاری خێرخوازی بووە تاکوو مردنی.
  11. لە نێوان ساڵەکانی ١٩٧٤- ١٩٧٦ بەشداری لە دامەزراندنی لقەکانی کۆمەڵەی خوێندکارانی موسڵمان لە مۆنتریال و شیربرۆک، کێبێک لە کەنەدا کرد.
  12. لە ساڵی ١٩٧٦ بەشداری دامەزراندن و سەرکردایەتی کۆمەڵەی پزیشکانی موسڵمان کردووە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کەنەدا.
  13. بەشداری دامەزراندن و سەرکردایەتی لیژنەی موسڵمانانی مالاوی لە ساڵی ١٩٨٠ لە کوەیت و لیژنەی هاوبەشی کوەیتی بۆ فریاگوزاری لە ساڵی ١٩٨٧ کردووە.
  14. لە ساڵی ١٩٨١ بەشداربووە لە دامەزراندنی لیژنەی مسوڵمانانی ئەفریقا کە یەکەم دامەزراوەی تایبەتی ئیسلامییە.
  15. بەشداربووە لە دامەزراندنی لیژنەی فریاگوزاری کوەیتی کە بەشداربووە لە ڕزگارکردنی زیاتر لە ٣٢٠ هەزار موسڵمان لە برسییەتی و مردن لە سوودان، مۆزەمبیق، کینیا، سۆماڵ و جیبوتی لە ماوەی وشکەساڵییەکەی ساڵی ١٩٨٤ـدا.
  16. ئەمینداری گشتی لیژنەی موسڵمانانی ئەفریقا بووە هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە، کە بووە گەورەترین ڕێکخراوی عەرەبی ئیسلامی لە ئەفریقا. 

نووسراوەکانی

عەبدولڕەحمان سمێت چەندین پەرتووکی نووسیووە لەگەڵ سەدان وتار لە بواری بانگەوازی ئیسلامی کە لە ڕۆژنامە جۆراوجۆرەکاندا بڵاوکراوەتەوە، هەروەها چەندین توێژینەوەی ئیسلامی نووسیوە لە دیارترینیان توێژینەوەیەک بە ناونیشانی ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە کاری خێرخوازیدا (دور الإعلام في العمل الخيري)، نموونەی نووسراوەکانی:

  1. لبيك أفريقيا
  2. دمعة على أفريقيا
  3. رسالة إلى ولدي
  4. العرب والمسلمون في مدغشقر
  5. كتاب ملامح من التنصير دراسة علمية

هەروەها چەندین پەرتووکیشی لەسەر نووسراوە لەوانەش:

  • كتاب أخي الحبيب.
  • كتاب رجل من زمن الصحابة.
  • كتاب عبد الرحمن السميط: أسطورة العمل الإغاثي.

 خەڵاتەکانی

دکتۆر وەکوو پاداشتێک لەسەر کارە خێرخوازییەکانی چەندین خەڵات و مەدالیای ڕێزلێنانی پێ بەخشراوە، بەرزترینی ئەم خەڵاتانە، خەڵاتی جیهانی شا فەیسەڵە بۆ خزمەتکردنی ئیسلام، کە ٧٥٠ هەزار ڕیاڵی سعودی بوو، تا ببێتە بناغەی وەقفی فێرکردن و خوێندن بۆ ڕۆڵەکانی ئەفریقا، هەندێک لە خەڵاتەکانی:

  • جائزة الملك فيصل بن عبد العزيز لخدمة الإسلام والمسلمين عام 1996.
  • وسام فارس العمل الخيري من إمارة الشارقة عام 2010.
  • جائزة العمل الخيري من مؤسسة قطر – دار الإنماء عام 2010.
  • جائزة العمل الخيرى والإنساني من محمد بن راشد آل مكتوم حاكم.
  • الدكتوراه الفخرية من جامعة أم درمان بالسودان في مارس 2003.
  • وسام مجلس التعاون الخليجي لخدمة الحركة الكشفية عام 1999.

گرنگترین بەرهەمەکانی دوای ٣٠ ساڵ بانگەوازکردن لە ئەفریقا

  • دامەزراندنی کۆمەڵەی یارمەتیدانی ڕەستەوخۆ.
  • دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٢٩ ساڵ لە بڵاوکردنەوەی ئیسلام تێیدا، زیاتر لە ١١ ملیۆن کەس لە ئەفریقا لەسەر دەستی موسڵمان بوون.
  • سەرنووسەر و دامەزرێنەری گۆڤاری کەوسەر.
  • بنیاتنانی ٥٫٩٠٠ مزگەوت و سەرپەرشتی ١٥٫٠٠٠ هەتیو و لێدانی ١٠٫١٠٠ بیری ئاو.
  • بنیاتنانی ٨٦٠ قوتابخانە و ٤ زانکۆ و ٢٠٤ ناوەندی ئیسلامی.
  • بنیاتنانی ١٧٨ نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستی و ٨٤٠ قوتابخانەی قورئانی.
  • دامەزراندنی ٧ وێستگەی ڕادیۆ.
  • پارەی خوێندنی ٩٥ هەزار قوتابی موسڵمانی داوە.
  • ژمارەیەکی زۆر پڕۆژەی خوانی بەربانگی بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن کەسی ڕۆژوەوان لە ٤٠ دەوڵەتی جیاوازدا جێبەجێ کردووە.
  • پێدانی موچەی ٤٫٠٠٠ بانگخواز و مامۆستا.
  • چاپکردن و وەرگێڕانی ٦٠٥ ملیۆن کتێبی ئیسلامی.
  • بڵاوکردنەوەی ١٦٠ هەزار تەن لە خۆراک و دەرمان و جلوبەرگ.
  • بڵاوکردنەوەی زیاتر لە ٥١ ملیۆن چاپی قورئانی پیرۆز.

تەندروستی گشتی

عەبدولڕەحمان سمێت سێجار جەڵدە لێی داوە دووجار لە دڵی و جارێک لە مێشکی، هەروەها بۆ ماوەیەکی زۆریش نەخۆشی شەکرەی هەبووە و لە ڕۆژێکدا پێنج دەرزی ئەنسۆلینی لەخۆی دەدا، دووجار توشی سێبەڕۆ (مەلاریا) بووە، سەرەڕای ئازاری پشت و قاچی کە ڕۆژانە زیاتر ١٠ جۆر دەرمانی وەردەگرت، هەروەها شەلەل و بەرزی پەستانی خوێن و بەرزی چەوری خوێن هەبوو، لە چاویشیدا خوێنبەربوون هەبوو و جەڵدە لە پێیەکانیشی دابوو و ئەژنۆکانی ڕەق ببوون کە نەی دەتوانی بەبێ کورسی نوێژ بکات، لە کۆتاییەکانی تەمەنیدا بە تەواوی تەندروستی ناجێگیر بوو کە توشی وەستانی گورچیلە ببوو بەم دۆخەشەوە بەردەوامبوو تاکوو مردنی. 

لەگەڵ ئەو نەخۆشیانەشدا دکتۆر عەبدولڕەحمان چەندین جار هەوڵی کوشتنی دراوە لەلایەن میلیشیا چەکدارەکانەوە لە ئەفریقا، زیاتر لە جارێک ماری کوبرا گەمارۆی داوە لە موزەمبیق، کینیا و مالاوی بەڵام ڕزگاری بووە، هەروەها چەند جارێک زیندانی کراوە.   

سەرەڕای هەموو ئەم نەخۆشی و کۆسپانە، دکتۆر لە بانگەواز و خزمەتکردن بەردەوام بووە، بەڵکوو زیاتر لە ٢٥ ساڵ لە ئەفریقا مایەوە و تەنها بۆ سەردانیکردنی خێزانەکەی و چارەسەری نەخۆشی دەچووەوە بۆ کوەیت.

کۆچی دوایی

دکتۆر عەبدولڕەحمان سمێت دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی و دوای کاروانێکی درێژی کاری بانگەواز و خێرخوازی لە ڕۆژی پێنج شەمەی ١٥ـی ئابی ٢٠١٣ کۆچی دوایی کردووە، بۆ بەیانییەکەی ڕۆژی هەینی بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی کوەیت و زانایان و کەسانی دیار لە گۆڕستانی (الصليبيخات) لە کوەیت نێژراوە.
  
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کۆچی دواییەکەی، ئەمیری کوەیت پرسەنامە ئاڕاستەی بنەماڵەکەی کرد و شەقامێکی بەناوی عەبدولڕەحمان سمێتەوە ناوناوە، هەروەها ژمارەیەکی زۆر پرسەنامە ئاڕاستەی بنەماڵەکەی کراوە لەلایەن:

  • جێگری ئەمیری کوەیت
  • سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوەیت
  • وەزیری دەرەوەی کوەیت
  • سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتیمانی

هەروەها لەلایەن زۆربەی سەرۆکی وڵاتانی ئەفریقا و باڵیۆزی سینگالەوە کە هەندێکیان لەو منداڵە هەتیوانە بوون کە دکتۆر سەرپەرشتی کردبوون.


سەرچاوەکان



341 بینین