ئەحمەد عەلی عەجمی

له‌لایه‌ن: - ئێڤین عومەر ئێڤین عومەر - به‌روار: 2022-11-28-19:25:00 - کۆدی بابەت: 10478
ئەحمەد عەلی عەجمی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەحمەد عەلی عەجمی (بە عەرەبی: أحمد علي العجمي، بە ئینگلیزی: Ahmad bin Ali Al-Ajmi) قورئانخوێن و پێشنوێژی سعوودی ناوی تەواوی "ئەحمەد عەلی محەمەد سلێمان عەجمی"یە لە ٢٤ـی شوباتی ١٩٦٨ لە شاری خوبەر لە شانشینی سعوودیە لەدایکبووە، ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە و خاوەنی شەش منداڵە (چوار کوڕ و دوو کچ).

زانیاری گشتی

ناو ئەحمەد عەلی عەجمی
لەدایکبوون ٢٤ـی شوباتی ١٩٦٨
پیشە پێشنوێژ و قورئانخوێن
ئایین ئیسلام
زمان عەرەبی
نازناو باوکی عەبدوڵا
ئاستی خوێندن دکتۆرا لە تەفسیری قورئان
هۆکاری ناوبانگ قورئانخوێندن
منداڵەکانی عەبدوڵا، عەبدولڕەحمان، موزی (موضي)، فاتیمە، عومەر، مریەم

 ئەزموونی خوێندن و ئاستی زانستی ئەحمەد عەجمی

ئەحمەد عەجمی سەرەتا لەلای باوکی و براکەی (عیسا عەجمی) خوێندوویەتی، پاشان قۆناغی سەرەتایی لە قوتابخانەی "محەمەدییە" لە خوبەر تەواوکردووە. قۆناغی ناوەندی لە قوتابخانەی "زوبەیری کوڕی عەوام" و قۆناغی ئامادەیی لە قوتابخانەی "ئامادەیی خوبەر" تەواوکردووە. لە ساڵی ١٩٩١ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی شەریعە لە زانکۆی "ئیمام محەمەدی کوڕی سعودی ئیسلامی" لە شاری ئەحسا لە ڕۆژهەڵاتی سعوودیە بەدەستهێناوە. دواتر بڕوانامەی ماستەری لە زانکۆی "لاهور" لە پاکستان بەدەستهێناوە. بڕوانامەی دکتۆرای بە پلەی نایاب لە تەفسیری قورئاندا بەدەستهێناوە.

پێشنوێژی و خوێندنەوەی قورئان

ئەحمەد عەجمی بۆ یەکەمجار لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا پێشنوێژی بۆ خەڵکی کردووە، یەکەم مزگەوت کە پێشنوێژی تێدا کردووە مزگەوتی (العز بن عبد) بووە، پاشان لە مزگەوتی گەورەی خوبەر پێشنوێژی کردووە.

دواتر وەکوو پێشنوێژ لە ساڵی ١٩٨٤ لە مزگەوتی "المغيرة بن شعبة" لە گەڕەکی سوقبە دامەزرا، پاشان لە ساڵی ١٩٨٥ بۆ مزگەوتی خوبەر گوازراوەتەوە، دواتر لە ساڵی ١٩٩١ بووە بە پێشنوێژی مزگەوتی "الأمير محمد بن فهد"، پاشان مزگەوتی ڕەیان و مزگەوتی "خادم الحرمين الشريفين" لە جددە.

ئەحمەد عەجمی یەکێکە لە قورئانخوێنە دیارەکانی جیهانی ئیسلامی، کە بە دەنگ خۆشی و شێوازی خوێندنەوەی جوان ناسراوە و بە ڕیوایەتی (حفص عن عاصم) قورئان دەخوێنێت، هەروەها چەندین تۆماری دەنگی قورئان و سروودی ئایینی تۆمارکراوی هەیە.


سەرچاوەکان



178 بینین