هەناسەتەنگی منداڵ لە کاتی گریاندا

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2023-01-04-21:09:00 - کۆدی بابەت: 10840
هەناسەتەنگی منداڵ لە کاتی گریاندا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هەناسەتەنگی منداڵان لە کاتی گریاندا (بە ئینگلیزی: breath holding in babies، بە عەرەبی: انقطاع النفس لدى الاطفال عند البكاء) حاڵەتێکە کە منداڵان بۆ ماوەیەکی کەم ناتوانن هەناسە بدەن، بەزۆری کاتێک منداڵەکان دەگرین، دەترسن، نیگەران بن یان تووڕە ببن ڕوودەدات. زۆرجار ئەم حاڵەتە بێ زیانە، بەڵام دەکرێت بۆ دایک و باوکەکان ترسناک بێت، بەتایبەت کاتێک بۆ یەکەم جار ڕوودەدات. ئەم حاڵەتە لە منداڵانی تەمەن شەش مانگ بۆ شەش ساڵاندا ڕوودەدات. بەتایبەتی لە ماوەی شەش بۆ ١٨ مانگیدا ڕوودەدات.

هۆکاری ڕوودان ئەم حاڵەتە

  • هۆکاری ڕوودانی ئەم بارودۆخە بە تەواوی ڕوون نییە، هەندێک لە سەرچاوەکان هۆکاری ڕوودانی بۆ کەمخوێنی یان کەمی ماددەی ئاسن دەگەڕێننەوە و دەکرێت چارەسەرکردنی کەمی ماددەی ئاسن یان کەمخوێنی چارەسەری بارودۆخەکە بکات. کاتێک ڕێژەی ئاسن لە لەشدا کەم دەبێتەوە هیمۆگلۆبین بەشێوەیەکی ئاسایی دروست نابێت و بڕی پێویست لە ئۆکسجین بۆ مێشک ناگوازرێتەوە.
  • دواکەوتنی گەشەکردن و پێگەیشتنی دەمارەخانەکانی مێشک.
  • دەماری (vagus) دەمارێکی گەورەیە کە لە ملدا هەیە، یارمەتی ڕێکخستنی لێدانی دڵ و هەرسکردن دەدات. کاتێک ئەم دەمارە بەباشی گەشە ناکات. کاریگەری لەسەر لێدانی دڵ و دروستبوونی ئەم حاڵەتە دەبێت.
  • هەبوونی کێشە لە سیستمی دەماریدا کە لێدانی دڵ، پەستانی خوێن و پلەی گەرمی لەش ڕێک دەخات. دروستبوونی کێشە لەم سیستمەدا دەکرێت ببێتە هۆی ڕوودانی ئەم حاڵەتە.

لەم ماوەیەدا ڕەنگە منداڵەکە:

  • بگریت و دواتر بێ دەنگ دەبێت، ئەمەش بەهۆی دروستبوونی هەناسەتەنگی ڕوودەدات.
  • کاتێک منداڵەکە دەست بە گریان دەکات دەمی دەکاتەوە، بەڵام هیچ دەنگێکی لێوە نایەت.
  • ڕەنگی پێستی شین دەبێتەوە.
  • جەستەی ڕەق دەبێت یان دەلەرزێت.
  • بۆ ماوەیەی یەک بۆ دوو خولەک لەهۆش خۆی دەچێت.

ڕەنگە ماوەیەک دوای ئەوەش منداڵەکە هەست بە شڵەژاوی بکات.

ئەم حاڵەتە بەزۆری بێ زیانە، بەڵام دەکرێت بۆ خێزانەکان جێگەی مەترسی بێت و لەم کاتەدا هەست بە شڵەژاوی بکەن. بەزۆری منداڵان لە تەمەنی چوار بۆ پێنج ساڵی ئەم حاڵەتە تێدەپەڕێنن.

دوو جۆری هەناسەتەنگی منداڵ لە کاتی گریاندا

  • جۆری یەکەم: ڕەنگی دەموچاوی منداڵەکە بۆ شین دەگۆڕێت، ئەم حاڵەتە بەزۆری کاتێک ڕوودەدات کە منداڵەکە بۆ ماوەیەکی زۆر دەگریت یان تووڕە دەبێت.
  • جۆری دووەم: ڕەنگی دەموچاوی منداڵەکە بۆ سپی دەگۆڕێت، ڕەنگە منداڵەکە پێش ڕوودانی ئەم جۆرەیان کەمێک یان هیچ نەگریت. ئەم حاڵەتەیان بەزۆری بەهۆی ترس یان ئازار ڕوودەدات.

لە حاڵەتە قورسەکاندا ڕەنگە منداڵان تووشی نۆرەفێ ببن.

ئەو شتانەی پێویستە لەم کاتەدا ئەنجام بدرێت

  • بە ئارامی بمێنەرەوە، پێویستە لە ماوەی کەمتر لە یەک خولەکدا بارودۆخی منداڵەکە ئاسایی ببێتەوە.
  • منداڵکە بخەرە سەر لا، تاکوو جووڵەی خوێن بۆ مێشک زیاد بکات.
  • منداڵەکەت لەهەر شتێکی تیژ کە ڕەنگە زیانی پێ بگەیەنێت بپارێزە.
  • لەگەڵ منداڵەکەتدا بمێنەوە تاکوو بارودۆخی ئاسایی دەبێتەوە.
  • خواردن یان هیچ شتێکی تری پێ مەدە. ئەگەر منداڵەکە دەستی بە جووڵەی کۆنتڕۆڵ نەکراو وەک فێ کرد، باشترە کەلوپەلەکانی دەوروبەری منداڵەکە دوور بخرێنەوە تاکوو زیان بە منداڵەکە نەگەیەنن.
  • منداڵەکە مەجووڵێنە یان ئاو بەدەم و چاویدا بکەیت، بەڵام دەکرێت پارچە پەڕۆیەکی تەڕ لەسەر ناوچاوانی منداڵەکە دابنرێت، تاکوو بارودۆخی منداڵەکە ئاسایی دەبێتەوە.

ئایا دەکرێت ئەم حاڵەتە ڕێگری لێ بکرێت؟

پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت، تاکوو هۆکاری ڕوودانی بارودۆخەکە بزانرێت . ئەگەر بەهۆی گریان ئەم بارودۆخە بۆ منداڵەکە دروست ببێت، پێویستە خێزانەکان زیاتر ئاگادار بن و ڕێگە نەدەن منداڵەکەیان نیگەران بێت.

دڵنیا ببە کە منداڵەکەت زۆر ماندوو یان برسی نییە.


سەرچاوەکان



472 بینین