ناوهڕۆك
گیانە
شاعیر: شێرکۆ بێکەس
بەرهەم: تریفەی هەڵبەست
شیعر: گیانە
گیانە.. مەترسە، وا شەوی
پڕ ترس و لەرز
باری نەوی..
لەلووتکەی بەرز.
ئۆردووی بەسامی تاریکیی
وا خەریکی
گیانەڵاوە
لەگشت لاوە.
وا خەریکە زەبر و زەنگی
شەوەزەنگی..
هەڕەشەی زۆر
بتوێتەوە بەتیشکی خۆر.
هەوری تۆفان و بەناڵە
کەڕ و لاڵە
لەئاستی خۆری ڕووناکا
وا ڕائەکا.
گیانە.. سبەی کە ڕۆژ بۆوە
لەئاسۆوە
ژیان خاکی
بەرووناکیی
بەیانی گەش
گرتەباوەش.
ڕەوایەوە.. دەنگی بەسام
بەبای ئارام
بوژایەوە گوڵی ناکام.
گیانە.. ئەوساکە ئەبینی
کەوا ژینی سەرفرازیی
تەنیا بۆ تیشکی ئاسۆیە
بۆ منە گیانە.. بۆ تۆیە
ئەوەی بەخەو ئەمانبینیی..
هاتۆتەدی:
کام لوتکە زۆر بەرزە.. گیانە
بۆ دڵ ئەیکەین بەهێلانە
لەناخی گیان و هەستەوە
قوربانی ئاسۆی ڕوون ئەبین
هەتا مابین بەبەستەوە
گۆرانی «خۆر» ئەڵێین بۆ ژین.
٢
گیانە.. وتیان: «ئەم بەهارە
جوێ لەپارە
پاری بێدەنگ
شوومی وشکانی و بێئاویی
پاری دڵ تەنگ
وون بێ ناویی
دوا بڕاوی».
هەموو وتیان: ئەم بەهارە
دەروون خۆشیی لێوە دیارە
بەهاری نیاز و ئاواتە
بووکی ئاوەدانی و هاتە
فریشتەی بەخت و هیوایە
خۆشیی هەموومانی تیایە
ئەوی دوورە لەم بەهارە
عومری تارە.
بەڵام گیانە.. ئەم بەهارە
دڵی منی لێ بێزارە
هەرچەند ئەکەم و ئەکۆشم
خۆشیی خەڵکی لێ نانۆشم.
دڵی من و دڵی ئەوان
دوورن وەک ئاسمان و ڕێسمان.
مادام «بێ تۆم» ئەم بەهارە
من هەر «وشکیم» لێوە دیارە.
بەهاری پار بوو کە خۆشیی
خۆشەویستی بە من نۆشیی
بۆیە تەنیا بەهاری پار
ئەکەم بەدیاریی یادگار.
چونکە لای من گوڵی بەهار
لەو شوێنەیە لێیەتی یار.