چۆنیەتی پێوانی پەستانی خوێن

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2023-02-25-19:49:00 - کۆدی بابەت: 11102
چۆنیەتی پێوانی پەستانی خوێن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆنیەتی پێوانی پەستانی خوێن (بە ئینگلیزی: How to measure blood pressure، بە عەرەبی: كيفية قياس ضغط الدم ) پێوانی ڕێژەی پەستانی خوێن یارمەتی دەستنیشانکردنی کێشە تەندروستییەکان دەدات. پێوانی پەستانی خوێن ڕێگەیەکە بۆ دەستنیشانکردنی ڕێژەی نائاسایی پەستانی خوێن، بەزۆری بەرزی پەستانی خوێن هیچ نیشانەیەکی نییە و هەندێک لە خەڵکی ئاگادار نین کە پەستانی خوێنیان هەیە. دەکرێت پێوانی پەستانی خوێن لەلای پزیشک، دەرمانخانە یان لە ماڵەوە ئەنجام بدرێت. گرنگە زیاتر لە جارێک ئەم پشکنینە ئەنجام بدرێت، چونکە ڕێژەی پەستانی خوێن بە هۆی ئەنجامدانی چالاکییەکانی ڕۆژانە، فشار، ئازار، گەرمای زۆر و سەرما دەگۆڕێت. بەڵام ئەم گۆڕانانەی پلەی گەرمی بەشێوەیەکی کاتییە و پاش ماوەیەک ئاسایی دەبێتەوە.

ڕێگای ڕاست بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پەستانی خوێن

  • نیو کاتژمێر پێش ئەنجامدانی ئەم پشکنینە هیچ خواردن و خواردنەوەیەک مەخۆ.
  • بەتاڵکردنەوەی میزەڵدان پێش ئەنجامدانی پشکنینەکە.
  • دانیشتن لەسەر کورسییەکی گونجاو پێنج خولەک پێش ئەنجامدانی پشکنینەکە.
  • باشترە بنی پێیەکان بەتەواوی بەر زەوییەکە بکەون.
  • دانانی ئەو دەستەی پشکنینەکەی لێوە ئەنجام دەدرێت لەسەر مێزێک لە ئاستی سنگدا.
  • دڵنیا ببەرەوە کە کەف (cuff)ـی ئامێری پێوانی پەستانەکە زۆر توند نییە و لە ئاستێکی گونجاودایە. پێویستە کەفەکە لەسەر پێستی قۆڵ ببەسترێت نەک لەسەر جلوبەرگەکانەوە.
  • لە کاتی پێوانی پەستانەکەدا باشترە نەخۆشەکە قسە نەکات.

ئامێری پێوانی پەستانی خوێن (sphygmomanometer)

ئەم ئامێرە لە سێ بەش پێکهاتووە:

  • کەف
  • مانۆمیتەر (Manometer) بۆ پێوانی پەستانی هەوای ناو کەفەکە.
  • بیستۆک (Stethoscope) بۆ گوێگرتن لە دەنگی ڕۆیشتنی خوێن بەناو خوێنبەری قۆڵدا.

ئامێرەکە دیاریکراوە لە ٠-٣٠٠ میللیمەتر بۆ جیوە.

پێوانی پەستانی خوێن

  • سەرەتا کەفی ئامێری پێوانەکردنەکە لە قۆڵی نەخۆشەکە دەبەسترێت، دواتر لە ڕێگەی زیادکردنی هەوای ناو کەفەکە لە قۆڵی نەخۆشەکە توند دەکرێت. تاکوو خوێن ناتوانێت بەناو خوێنبەری قۆڵدا بڕوات.
  • چاودێری تەندروستییەکە لە کاتی گوێگرتن لە لێدانی دڵ لە ڕێگەی ئامێری بیستۆکەوە ( Stethoscope)، کە لەسەر قۆڵی نەخۆشەکە دانراوە، بەهێواشی ڕێگە بە هەوای ناو کەفەکە دەدات کە بەتاڵ ببێت، لە دوای کەمبوونەوەی پەستانی ناو کەفەکە دووبارە خوێن بەناو خوێنبەری قۆڵدا دەگوازرێتەوە. ئەم پشکنینە پشکنینێکی خێرا و بێ ئازارە. لە کاتی بەکارهێنانی ئامێرە پەستان پێوە پێشکەوتووەکاندا پێویست بە بەکارهێنانی بیستۆک ناکات. ئامێرەکە پەستانی خوێن بە یەکەی میللیمەتر جێوە دەپێوێت.
  • یەکەم جار کە کەسەکە گوێبیستی دەنگەکە دەبێت بە گرژبوونە پەستان دەستنیشان دەکرێت.
  • دەنگەکە دەوەستێت کاتێک پەستانی ناو کەفەکە لە پەستانی خوێنبەری قۆڵ کەمتر دەبێت و بە خاوبوونەوە پەستان دیاری دەکرێت.

پێوانی پەستانی خوێن لەڕێگەی ئامێری پەستانی خوێنی دیجیتاڵ

زۆرجار ئەم ئامێرە لە ڕێگەی مەچەکەوە بەکاردێت، بەڵام دەکرێت لە ڕێگەی پەنجە یان بەشی سەرەوەی قۆڵ بەکاربهێنرێن. بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ڕێژەی پەستانی خوێن لەسەر بنچینەی جیاوازی خوێنی ناو خوێنبەرەکان دەپێورێت. لە کاتی ئەنجامدانی پشکنینەکە پێویستە قۆڵی نەخۆشەکە لە ئاستی دڵ بمێنێتەوە، بە پێچەوانەوە کاریگەری لەسەر ئەنجامی پشکنینەکە دەبێت. ئەم ئامێرە هەندێک کات هەڵە لە ئەنجامی پشکنینەکەدا دروست دەکات، بەتایبەت لەو کەسانەدا کە نەخۆشییەکی دیاریکراوی دڵ یان ڕەقبوونی خوێنبەرەکانیان هەیە.

 ئەو هۆکارانەی کاریگەرییان لەسەر پێوانی پەستانی خوێن هەیە

  • کەفی پێوانی پەستانی خوێنەکە زۆر بچووک یان زۆر گەورە بێت. هەندێک لە توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن بەکارهێنانی کەفی بچووک دەبێتە هۆی زیادبوونی گرژبوونە پەستان. هەروەها بەکارهێنانی کەفێکی گەورە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی پەستان کەمتر لە ڕێژەی ڕاستی خۆی.
  • دانانی کەفەکە لەسەر جلوبەرگ
  • جێگیرنەکردنی قۆڵ بەشێوەیەکی گونجاو
  • قسەکردن لە کاتی ئەنجامدانی پشکنینەکەدا.
  • جگەرە کێشان، جگەرە ماددەی نیکۆتینی تێدایە کە بەشێوەیەکی کاتی پەستانی خوێن بەرز دەکاتەوە.
  • خواردنەوەی کحول و ئەو ماددانەی کافایینیان تێدایە. پێویستە ٣٠ خولەکە پێش ئەنجامدانی پشکنینەکە ئەم ماددانە بەکارنەهێنرێن.
  • پلەی گەرمی
  • کاتێک کەسێک پلەی گەرمی لەشی دادەبەزێت و سەرمای دەبێت، پەستانی خوێنی بەرزدەبێتەوە. 

ڕێژەی ئاسایی پەستانی خوێن

ڕێژەی ئاسایی پەستانی خوێن لە نێوان٩٠/٦٠ میللیمەتر جیوە بۆ ١٢٠/٨٠ میللیمەتر جیوەیە.


سەرچاوەکان



764 بینین