نیشانە سەرەتاییەکانی شێرپەنجەی مەمک چین؟

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2024-05-13-21:34:00 - کۆدی بابەت: 12899
نیشانە سەرەتاییەکانی شێرپەنجەی مەمک چین؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

نیشانە سەرەتاییەکانی شێرپەنجەی مەمک چین؟ (بە ئیبنگلیزی: What Are the Early Signs of Breast Cancer، بە عەرەبی: ما هي العلامات المبكرة لسرطان الثدي؟)، هەرچەند کە شێرپەنجەی مەمک لە سەرەتا تووشبووندا هیچ دەرکەوتەیەکی نییە، بەڵام چاودێری بەردەوام دەکرێت دەست پێکی تووشبوون بەم نەخۆشییە دەربخات. گرێی مەمک یەکێکە لە نیشانە باوەکان، بەڵام لە شەش خانمی تووشبووی شێرپەنجەی مەمکدا یەکێکیان گرێی مەمکی نەبووە. لێرەدا باسی زۆربەی نیشانە و دەرکەوتە سەرەتاییەکانی شێرپەنجەی مەمک و هەنگاوەکانی دوای تووشبوون دەکرێت.

نیشانە سەرەتاییەکانی شێرپەنجەی مەمک

سەرەتا کەسی تووشبوو دەکرێت هەست بە گۆڕان بکات لە کاتی پشکنینی مانگانە بۆ مەمکی (پشکنینێکە کە ئافرەتان پێویستە مانگانە لە ماڵەوە ئەنجامی بدەن تاکوو ئەگەر گرێ لە مەمکیان دروست بووبوو زووتر تێبینی بکەن)، یان ئازارێکی کەمی نائاسایی لە مەمکیدا هەیە و لاناچێت. نیشانە سەرەتاییەکانی کە پێویستە پشتگوێ نەخرێن بریتیین لە:

  • گۆڕانی شێوەی گۆی مەمک.
  • ئازاری مەمک کە تەنانەت لەدوای تەواوبوونی سوڕی مانگانەش لاناچێت.
  • گرێیەکی نوێ لە مەمکدا کە تەنانەت لەدوای تەواوبوونی سوڕی مانگانەش لاناچێت.
  • دەردراو لە گۆی یەکێک لە مەمکەکان کە دەکرێت ڕوون، سوور، قاوەیی یان زەرد بێت.
  • سووربوونەوەی بێ هۆکار، خوران، کزانەوە، زیپکە، ئاوسانی مەمک.
  • ئاوسان یان بوونی گرێ لە دەوری ئێسکی چەڵەمە یان لەژێر باڵ.
  • گرێیەک کە ناڕێک و ڕەقە ئەگەری زۆرە کە گرێی شێرپەنجەیی بێت.

نیشانە دووەمییەکان

نیشانە دووەمییەکانی شێرپەنجەی مەمک بریتیین لە:

  • چوونە ناوەوە یان چوونە دواوەی گۆی مەمک.
  • گەورەبوونی یەکێک لە مەمکەکان.
  • چاڵبوونی ڕووکاری مەمک.
  • بوونی گرێیەک کە گەورەتر دەبێت.
  • پێست وەک توێکڵی پرتەقاڵی لێیەت.
  • نەمانی حەزی خواردن.
  • لەدەستدانی لەناکاوی کێشی لەش.
  • لیمفە گرێکانی ژێرباڵ گەورە دەبن.
  • دەرکەوتنی لوولەی خوێن لەسەر سنگ.

بوونی یەکێک یان زیاتر لەم نیشانانە مانای دڵنیایی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک ناگەیەنێت. بۆ نموونە بوونی دەردراوی گۆی مەمک دەکرێت بەهۆی تووشبوونی میکرۆبییەوە بێت. ئەگەر تێبینی هەریەک لە ئەم نیشانانەت کرد ئەوا باشترە سەردانی پزیشک بکەیت.

مەمکی ئاسایی چۆنە؟

شتێک نییە بە ناوی نموونەیەک بۆ بوونی مەمکێکی ئاسایی، مەمکی هەر ئافرەتێک لە ئافرەتێکی تر جیاوازە. بۆیە کاتێک باسی ئاسایی دەکرێت واتە مەمکی ئاسایی هەر کەسێک بەتایبەت، واتە هەست کردن و دەرکەوتی مەمکی ئاسایی دەبێت چۆن بێت و گۆڕانکارییەکان کە ڕوودەدەن چین. دەبێت بزانرێت کە لە ماوەی هێلکەداناندا ئاساییە کە ئەزموونی گۆڕان لە مەمکدا بکرێت. وەک: 

  • ئاوسانی مەمک.
  • توندبوون و ڕەقبوونی مەمک.
  • ئازار.
  • گرێ.
  • دوای کەوتنە سوڕی مانگانە دەبێت ئەم نیشانانە بەرەو نەمان بچن.

پشکنینی خۆیی مەمک

خۆت بەشێوەیەکی بەردەوام مەمکت بپشکنە، چونکە ئەمە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی بزانیت کە مەمکت بە شێوەیەکی ئاسایی چۆنە و بە زووی هەر گۆڕانکارییەک کە ڕووی دابێت تێبینی بکەیت. کاتی پشکنین ئەگەر تێبینی ئەمانەت کرد پشتگوێی مەخە:

  • گۆڕانی قەبارەی گشتی، شێوە یان ڕەنگی مەمک.
  • چاڵبوونی پێستی مەمک.
  • سووربوونەوە، ئاوسان، زیپکە یان کزانەوەی مەمک.
  • دەردراوی گۆی مەمک.

چۆن پشکنینی خۆیی ئەنجام دەدرێت؟

لەبەردەم ئاوێنەدا بوەستە و شانەکانت ڕێک بکە لە کاتێکدا کە دەستت لەسەر کەمەرتە، سەرنجی هەردوو مەمکت بدە. پاشان بە هەمان شێواز سەرنج بدە و دەستەکانت بەرز بکەرەوە. لەسەر پشت پاڵکەوە، بە دەستی ڕاستت پشکنین بۆ مەمکی چەپت بکە، سەری پەنجەکانت بەشێوازی بازنەیی بجوڵێنە بۆ ئەوەی کە تێبینی بوونی هەر گرێیەک یان هەر گۆرانکارییەکی تر بکەیت لە مەمکتدا. دڵنیابە لەوەی کە بە شێوەی بازنەیی پشکنین بۆ تەواوی مەمکت بکەیت. ئەم کردارە بە بەکارهێنانی دەستی چەپت بۆ مەمکی ڕاستت ئەنجام بدەرەوە. دواتر بە دانیشتن و بەپێوە بە هەمان شێوە پشکنین بۆ مەمکەکانت بکە.

ئایا هەموو گرێیەک شێرپەنجەییە؟

هەرچەند کە بە شێووەیەکی گشتی گرێی مەمک پەیوەستکراوە بە شێرپەنجەی مەمکەوە، بەڵام مەرج نییە هەموو گرێیەک شێرپەنجەیی بێت. لە ڕاستیدا نزیکەی ٧٥٪ گرێی مەمک بەهۆی نەخۆشی بێ مەترسیی مەمکەوەیە. نموونەی نەخۆشییە بێ مەترسییەکان:

  • تووشبوونی میکرۆبی مەمک.
  • کیسی ڕیشاڵیی مەمک.
  • لووی بێ مەترسی.
  • شانەی مردوو.

هەرچەند کە زۆربەی گرێکانی مەمک گرێی شێرپەنجەیی نین، بەڵام یەکێک لە باوترین نیشانەکانی شیرپەنجەی مەمک بریتییە لە بوونی گرێیەکی بێ ئازار.


سەرچاوەکان



2848 بینین