پێویستە چی بۆ کەسێک بکرێت کە تووشی خوێنبەربوون بووە؟

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2023-08-30-14:06:00 - کۆدی بابەت: 11164
پێویستە چی بۆ کەسێک بکرێت کە تووشی خوێنبەربوون بووە؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پێویستە چی بۆ کەسێک بکرێت کە تووشی خوێنبەربوون بووە (بە ئینگلیزی: what should be done for someone  who has a bleeding?، بە عەرەبی: ماذا يفعل لمن يعاني من نزيف) خوێنبەربوون بریتییە لە لەدەستدانی خوێن لە سیستمی خوێندا. هۆکارەکان دەکرێت لە برینێکی بچووک بۆ ڕووشاوی یان برینێکی قووڵ بگرێتەوە. برینەکانی جەستە دووبارە دەبنە هۆی برینی ناوەکی کە دەکرێت لە برینێکی ئاسایی بۆ برینی ناوەکی سەخت بن. فریاگوزاری سەرەتایی بۆ کەسێک کە تووشی خوێنبەربوونی ناوەکی یان خوێنبەربوون لە دەرەوەی جەستە بووە، بۆ پارێزگاریکردن لە کەسی برینداربوو هەنگاوێکی زۆر گرنگە تاکوو تیمی فریاگوزاری دەگەنە شوێنی ڕووداوەکە. فریاگوزاری سەرەتایی بۆ خوێنبەربوونی دەرەکی، کە بریتییە لەو خوێنبەربوونەی بەچاو دەبینرێت بریتییە لە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەستان خستنە سەر شوێنی برینەکە هێشتنەوەی پەستانەکە بە بەکارهێنانی  باندج یان پارچە پەڕۆیەکی پاک لەسەر برینەکە. وە بەرزکردنەوەی پەلەکە بۆ سەر و ئاستی دڵ ئەگەر گونجاو بوو.

خوێنبەربوونی بچووک

برینێک کە بچووک بێت و خوێنبەربوونێکی زۆری نەبێت، دەتوانرێت لە ماڵەوە چارەسەر بکرێت چارەسەرەکان بریتین لە:

  • برینەکە بە بەکارهێنانی پارچەیەکی پاک لەگەڵ نۆرماڵ سەلاین (normal saline) یان ئاو پاک بکەرەوە. لۆکە یان هەر پێکهاتەیەکی تر کە بە برینەکەوە بنووسێت بەکارمەهێنە.
  • پارچەیەک قوماشی پاک، کە بەجۆرێک نەبێت بە برینەکەوە بنووسێت لەسەر برینەکە دابنێ، بەڵام پێویستە ئەم پارچە قوماشە بە شێوەیەکی ڕێک و پێک زوو زوو بگۆڕدرێت.
  • ئەگەر نەتوانی پیسی برینەکە لاببەیت و پاکی بکەیتەوە سەردانی پزیشک بکە، چونکە ئەگەر برین پاک نەکرێتەوە مەترسیی تووشبوون بە هەوکردن زیاد دەکات.

خوێنبەربوونی زۆر

برینی بچووکیش دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونی خوێنبەربوونێکی زۆر، بەڵام ئەمە لەسەر شوێنی برینەکە بەندە. دەکرێت ببێتە هۆی دروستبوونی شۆک، لە زانستی پزیشکیدا شۆک واتە کەسی بریندار خوێنی پێویستی لە لەشدا نییە. شۆک بارودۆخێکی مەترسیدارە. فریاگوزاری سەرەتایی بۆ ئەم جۆرە خوێنبەربوونە بریتییە لە:

  • پێش ئەوەی لە کەسی برینداربوو نزیک ببیتەوە، ئاگاداری مەترسییەکانی دەوروبەری کەسەکە بە و مەترسییەکانی لێ دووربخەرەوە ئەگەر بەردەست بوو دەستکێش بەکاربهێنە.
  • داوا لە کەسی چواردەورت بکە پەیوەندی بە ئوتۆمبێلی فریاگوزاری بکەن.
  • با کەسەکە ڕابکشێت، ئەگەر پەلەکانی بریندارببوو پەلەکان بۆ ئاستی سەروو دڵ بەرزبکەرەوە.
  • داوا لە کەسی برینداربوو بکە پەستان بخاتە سەر شوێنی برینەکەی، ئەگەر خۆی نەیتوانی ئەم کارە بکات خۆت ئەنجامی بدە یان داوا لە کەسانی دەوروبەرت بکە.
  • ئەگەر برینەکە کراوە بوو، پێش بەستنی برینەکە هەوڵبدە لێوارەکانی برینەکە لەیەکتر نزیک بکەیتەوە تاکوو کرانەوەی برینەکە کەم ببيتەوە دواتر بە باندج بیبەستە.
  • ئەگەر لەناو برینەکە کەرەستەیەکی وەک چەقۆ یان هەر شتێکی تر هەبوو، هەرگیز هەوڵمەدە هەر شتێک لەناو برینەکەدا هەیە لای ببەیت بەڵکوو پەستان لە دەوروبەری بکە، چونکە بە لابردنی خوێنبەربوونەکە زیاد دەکات.
  • تۆڕنیکا بەکارمەهێنە.

برینی ناوەکی – دیار

باوترین نیشانەی برینی ناوەکی دیار بریتییە لە شینبوونەوە، کاتێک کە خوێن لە لوولە خوێنەکانەوە بۆ ناو پێست دەڕوات پێست شین دەبێتەوە. هەندێک جۆری خوێنبەربوونی ناوەکی لە ڕێگەی کەلێنەکانی لەشەوە خوێنەکە دەردەچێت. بۆ نموونە:

  • برینی ڕیخۆڵە لە ڕێگەی کۆمەوە خوێن دەردەچێت.
  • برینداربوونی سەر، لە ڕێگەی گوێ یان لووتەوە خوێن دەردەچێت.
  • برینی جگەر، بەڵغەم خوێنی لەگەڵدایە.
  • برینی کۆئەندامی میز، خوێن لە میزدا دەبینرێت.

برینی ناوەکی کە دیار نەبێت

گرنگە بزانیت، ڕەنگە کەسێک تووشی خوێنبەربوون بووبێت بەبێ ئەوەی هیچ خوێنێک لە جەستەی کەسەکە ببینرێت، ئەمەش بە خوێنبەربوونی ناوەکی ناسراوە. برینە ناوەکییەکان بەزۆری دەبنە هۆی خوێنبەربوون کە خوێنبەربوونەکە لەناو بۆشایی سک یان کەلەی سەردا دەمێنێتەوە. بە وریایی  گوێ لەو شتانە بگرە کە کەسەکە دەربارەی برینەکەی پێت دەڵێت. بۆ نموونە لە کوێدا بەرکەوتنەکە ڕووی داوە ڕەنگە نیشانەکانی تووشبوون بە شۆکبوون نیشان بدات. لە کاتی برینداربوونی سەردا ڕەنگە نیشانەکانی بەرکەوتنی زەبر بە مێشک پشان بدات. بۆ ئەم جۆرەی خوێنبەربوون.

  • سەرەتا مەترسیی لەدەوری کەسەکە دووربخەرەوە و پەیوەندی بە ئۆتۆمبیلی فریاگوزاری بکە.
  • با کەسەکە پاڵبکەوێت و بە بەتانییەک یان هەرشتێکی تر دای بپۆشە، تاکوو جەستەی گەرم بێت.
  • ئەگەر زیان بەر قاچەکانی نەکەوتبوو، قاچەکانی بۆ سەروو ئاستی دڵ بەرزبکەرەوە.
  • هیچ خواردن و خواردنەوەیەک بەکەسەکە مەدە.

ئەگەر کەسەکە بێ هۆش بوو، بیخەرە سەر لا و ئاگاداری هەناسەدانی بە.


سەرچاوەکان



325 بینین