کاریگەرییە لاوەکییەکانی کافایین

له‌لایه‌ن: - سومەیە بێستون سومەیە بێستون - به‌روار: 2023-10-03-17:26:00 - کۆدی بابەت: 11397
کاریگەرییە لاوەکییەکانی کافایین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کاریگەرییە لاوەکییەکانی کافایین (بە عەرەبی: الآثار الجانبية للكافيين، بە ئینگلیزی: Caffeine side effects)، هەرچەندە کافایین بە گشتی بە ڕێژەیەکی کەم تا مامناوەند سەلامەتە و بێ کێشەیە، بەڵام ڕێژەی بەرزی خواردنی دەبێتە هۆی کاریگەری لاوەکی و نەخۆشی و تەنانەت لێکەوتەی مەترسیداری هەیە. 

کاریگەرییە لاوەکییەکانی زۆری کافایین 

دڵەڕاوکێ

کافایین ناسراوە بە زیادکردنی هۆشیاری. هەروەها کافایین کاردەکات بە ڕێگریکردن لە کاریگەرییەکانی ئەدینۆسین کە ماددەیەکی کیمیایی مێشکە و وادەکات هەست بە ماندوێتی بکەیت. لە هەمان کاتدا دەبێتە هۆی دەردانی ئەدرنالین کە پەیوەندی بە زیادبوونی وزەوە هەیە. بەڵام لە ژەمە زیاترەکاندا واتە زۆر خواردنەوەی کافایین ئەم کاریگەرییانە ڕەنگە زیاتر دەربکەون و دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێ و دەمارگیری. لە ڕاستیدا دروستبوونی دڵەڕاوکێ بەهۆی کافایینەوە یەکێکە لە چوار نەخۆشی پەیوەست بە کافایین سەرچاوەی متمانەپێکراو کە لە کتێبی ڕێنمایی دەستنیشانکردن و ئاماری تێکچوونە دەروونییەکان (DSM)دا هاتووە، کە لەلایەن کۆمەڵەی دەروونی ئەمریکییەوە بڵاوکراوەتەوە. خواردنی زۆر بەرزی کافایین ڕۆژانەی ١٠٠٠ میلیگرام یان زیاتر لە ڕۆژێکدا ڕاپۆرتی لەسەر کراوە کە دەبێتە هۆی دەمارگیری و لەرزین کە لە زۆربەی خەڵکدا نیشانەکان وەک یەکن، لەکاتێکدا تەنانەت وەرگرتنی بڕێکی مامناوەندیش لە کافایین ڕەنگە ببێتە هۆی کاریگەری هاوشێوە لە کەسانی هەستیار بە کافایین. سەرەڕای ئەوەش دەرکەوتووە کە وەرگرتنی ژەمە کەمەکان دەبێتە هۆی هەناسەدانی خێرا و ئاستی فشار زیاد دەکات.

نەخەوتن

توانای کافایین بۆ یارمەتیدانی خەڵک بۆ ئەوەی بەئاگا بمێننەوە یەکێکە لە بەنرخترین سیفەتەکانی. لە لایەکی دیکەوە زۆری کافایین دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی کە خەوی پێویستت نەبێت و ببێتە هۆی کەمخەوی. توێژینەوەکان دەریانخستووە کە پێدەچێت زیاتر خواردنی کافایین بڕی ئەو کاتە زیاد بکات کە نەتوانیت بخەویت واتا دەبێتە هۆکاری خەوزڕاندن. هەروەها کۆی کاتی خەوتن کەم دەکاتەوە بەتایبەتی لە کەسانی بەساڵاچوودا.
لە بەرانبەردا پێناچێت بڕێکی کەم یان مامناوەندی کافایین کاریگەری زۆری لەسەر خەوتن هەبێت. هەروەها لەوانەیە درک بەوە نەکەیت کە زۆر کافایین کاریگەری لەسەر خەوتنت هەیە ئەگەر بڕی کافاینەکە کەم بکەیتەوە کە دەیخۆیت. هەرچەندە قاوە و چا چڕترین سەرچاوەی کافایینن، بەڵام لە سۆدە و کاکاو و خواردنەوە وزەبەخشەکان و چەند جۆرێک دەرمانیشدا هەیە. بۆ نموونە دەرزی وزەیی (دەرزی وزەبەخش) ڕەنگە تا ٣٥٠ میلیگرام کافایینی تێدابێت، لە کاتێکدا هەندێک لە خواردنەوە وزەبەخشەکان بە ئەندازەی ٥٠٥ میلیگرام کافایین بۆ هەر دەبەیەک دابین دەکەن.

کێشەکانی هەرسکردن

زۆر کەس پێیان وایە کە کوپێک قاوە لە بەیانیاندا یارمەتیدەرە بۆ جوڵاندنی ڕیخۆڵەکانیان. کاریگەری شلکەرەوەی قاوە دەگەڕێتەوە بۆ دەردانی گاسترین، کە هۆرمۆنێکە کە گەدە بەرهەمی دەهێنێت و چالاکییەکانی قۆڵۆن خێراتر دەکات. لەمەش زیاتر دەرکەوتووە کە قاوە بێ کافایینەکان وەڵامێکی هاوشێوە بەرهەم دەهێنێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم کاریگەرییە سەیر نییە کە ژەمە زۆرەکانی کافایین لەوانەیە ببێتە هۆی شلبوونەوەی پیسایی یان تەنانەت سکچوون لە هەندێک کەسدا. هەرچەندە بۆ چەندین ساڵ پێدەچوو قاوە ببێتە هۆی برینی گەدە، بەڵام توێژینەوەیەکی گەورە لەسەر زیاتر لە ٨ هەزار کەس هیچ پەیوەندییەکی نێوان ئەو دووانەیان نەدۆزیەوە. لە لایەکی دیکەوە هەندێک لە لێکۆڵینەوەکان باس لەوە دەکەن کە خواردنەوە کافایینییەکان ڕەنگە نەخۆشی گەڕانەوەی ترشوڵۆکی گەدە و سورێنچک (GERD) لە هەندێک کەسدا خراپتر بکەن، پێدەچێت ئەمە بە تایبەتی بۆ قاوە ڕاست بێت.

تێکچوونی ماسولکەکان

ڕابدۆمیۆلیسیس حاڵەتێکی زۆر مەترسیدارە کە تیایدا ڕیشاڵی ماسولکەی تێکچوو دەچێتە ناو خوێنەوە و دەبێتە هۆی لەکارکەوتنی گورچیلە و کێشەی تر. هۆکارە باوەکانی ڕابدۆمایۆلیسیس بریتین لە زەبر، هەوکردن، بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان، گرژبوونی ماسولکەکان و پێوەدانی مار یان مێرووە ژەهراویەکان. سەرەڕای ئەوەش چەندین ڕاپۆرتی ڕابدۆمایۆلیسیس هەبووە کە پەیوەندی بە زیادەڕۆیی لە وەرگرتنی کافایینەوە هەیە هەرچەندە ئەمە تاڕادەیەک دەگمەنە. لە حاڵەتێکدا ژنێک دوای خواردنەوەی ١ لیتر قاوە کە نزیکەی ٥٦٥ میلیگرام کافایینی تێدابوو، تووشی سکچوون و ڕشانەوە و میزی ڕەش بوو. خۆشبەختانە دوای چارەسەرکردنی بە دەرمان و شلە چاک بووەوە. گرنگ ئەوەیە ئەمە بڕێکی زۆر کافایینە بۆ خواردنی لە ماوەی کورتدا، بە تایبەت بۆ کەسێک کە ڕاهاتوو نییە یان زۆر هەستیارە بە کاریگەرییەکانی.

ئالوودەبوون

سەرەڕای ئەوەی کە کافایین جگە زیان سوودی تەندروستیشی هەیە بەڵام ئینکاری لەوە ناکرێت کە ڕەنگە خواردنەوەی کافایین ببێتە خوو واتە (ئالودەبوون). پێداچوونەوەیەکی ورد پێشنیاری ئەوە دەکات کە هەرچەندە کافایین هەندێک ماددەی کیمیایی مێشک بە هەمان شێوەی شێوازی کۆکاین و ئەمفیتامینەکان دەستپێدەکات، بەڵام نابێتە هۆی ئالوودەبوونی کلاسیک بەو شێوەیەی کە ئەم دەرمانانە دەیکەن. بەڵام لەوانەیە ببێتە هۆی وابەستەیی دەروونی یان جەستەیی بە تایبەت لە ژەمە زۆرەکاندا. لە توێژینەوەیەکدا ١٦ کەس کە بە شێوەیەکی ئاسایی کافایینیان زۆر خواردبووەوە، مامناوەند یان هیچیان نەخواردووەتەوە، بەشدارییان لە تاقیکردنەوەی وشەدا کردووە دوای ئەوەی شەوێک بەبێ کافایین بوون. تەنها بەکارهێنەرانی کافایینی زۆر لایەنگرییان بۆ وشەکانی پەیوەست بە کافایین نیشان دا و ئارەزووی کافایینی زۆریان هەبوو واتا ئالوودەی ئەو وشەیەش بوون. بەکارهێنانی کافایین هەموو ڕۆژێک دەبێتە هۆی زیادبوونی سەرئێشە و ماندوێتی بەردەوام.

دەرئەنجام

قاوە و چا و هەموو ئەو خواردنەوەیانەی کافایینیان تێدایە خواردنەوەیەکی تەندروست و بێ کێشەن ئەگەر کەم بخورێنەوە. بەڵام زۆر خواردنەوەی ماددە کافایینیەکان دەبێتە دروستبوونی کێشەی تەندروستی و جەستەیی. هەروەها توێژینەوەکان دەریانخستووە کە بۆ زۆربەی خەڵک سەلامەتە کاتێک بە ڕێژەیەکی کەم بۆ مامناوەند دەخورێت. بەڵام ڕەنگە ژەمە زۆرەکانی کافایین کاریگەری لاوەکی و تەنانەت مەترسیداریشی هەبێت. هەندێک دەتوانن کافایین زۆر زیاتر لە هەندێکی تر بخۆن بەبێ ئەوەی کاریگەری نەرێنییان هەبێت ئەمەش جیاوازی جەستەی مرۆڤ دەردەخات لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە.


سەرچاوەکان



1303 بینین