چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵی ئۆتیزم لە ڕووی رەفتاری و ئاخاوتن

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2024-01-30-21:55:00 - کۆدی بابەت: 11905
چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵی ئۆتیزم لە ڕووی رەفتاری و ئاخاوتن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵی ئۆتیزم لە ڕووی ڕەفتاری و ئاخاوتنەوە (بە عەرەبی: کیفیە تعامل مع آطفال التوحد المصابين بالتوحد من حيث السلوك و الكلام، بە ئینگلیزی: How to deal with autistic children in terms of behavior and speech)، منداڵانی تووشبوو ئۆتیزم گرفتیان لە لایەنی ڕەفتاری و ئاخاوتن هەیە، لێرەدا شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵانی تووشبوو بە ئۆتیزم باس دەکەین.

هۆکاری دواکەوتنی قسە کردن

هەڵگرانی ئۆتیزم زیاتر لە نیوە یان لە قسە کردن دواکە وتوون، دەورووبەری چل لە سەدیان نەیاتوانیوە قسە بکەن یان بە ناڕوونی قسەیان کردووە، هەندێكیان تەنها بە منداڵی وابوون هەندێكیان بۆ هەمیشە وان، هۆکاری قسە نەکردنیان بایۆلوجی نییە واتا بەهۆی جەستە و کۆئەندامی قسە کردنیانەوە نییە، بەڵکو بەشێکی کێشە کۆمەڵایەتییەکانە کە ناتوانن لە لوجیکی کەسانی ئوتیزم تێبگەن، بۆیە ناتوانن لە هۆکاری قسەکردنیش تێبگەن یان درەنگ تێدەگەن، ئەمەش زیاتر دەرخەری ئەوەیە پێویستە وە کو حاڵەتیکی کۆمەڵایەتی لە ئۆتیزم بڕوانین نەک وەکو حاڵەتێکی پزیشکی بۆیە تەنها جێبەجێکردنی ڕێنمایی و هەندێک ڕاهێنانی سەرەتایی پێشنیار کراوە، نەك دەرمان و ڕاهێنانی تایبەت بۆ مەبەستی فێربوونی قسە.

بەو شێوازەی پێویستە قسەیان لەگەڵ بكرێت

شێوازی قسە کردن و ڕێکخستنی کات و شوێنی گونجاو بۆ قسە کردن هۆکارێکی گرنگ دەبێت بۆ ئەوەی منداڵی هەڵگری ئۆتیزم فێری قسەکردن ببێت دەتوانین لە شەش خاڵدا تێبینییە گرنگەکان کۆبکەینەوە:

١- سنوور بۆ ئەو قسانە دابنێن کە دێنە بەرگوێی وەکو منداڵانی تر بەبیستنی قسەی زۆر فێری قسەکردن نابێت بەڵکو با قسەکان سنوورداربن.

٢- زمانیکی سادە و ئاسان لە گەڵیدا بەکاربهێنن هەوڵبدە تا پێویست نەکات ڕستەی سێ وشەیی نەڵێن یەک وشە و دوو وشە زیاتر بەکاربهێنن هەروەها وشەیەک نەبێت بۆ منداڵ بەکارهێنانی درێژ یان ناخۆش بێت.

٣- لایەنی کۆمەڵایەتی پێشبخە بەپێشکەوتنی لایەنی کۆمەڵایەتی پاڵنەری بۆ دروست دەبێت بۆ قسەکردن لە ڕێگای چالاکی و یاریکردنەوە.

٤- گرنگی بە ئاماژەکانی بدە ئاماژە بە هەرچیەک دەکات یان بە ئاماژەی سەر و ڕووخسار هەرچیەک دەردەبرێت لەگەڵیدا  بڕۆ و بە قسەکردن ئاماژەکەی بۆ تەواو بکە، بۆ نموونە پە نجەی بۆ پەرداخێکی ئاو دریژ دە کات بە قسەکردن پیی بڵێ ئاو؟ ئەوە ئاوە.

٥- بۆشاییەکی پێبدە بۆ هەموو قسەیەک هەوڵ مەدە خۆت بیکەیت لەنیوان قسەکان بوەستە تاخۆی هەوڵ بدات تەواوی بکات یان کاتێک قسەیەکی بۆ دەکەیت لە كۆتاييدا وشەیەک مەڵێ و لەو بپرسە دەربارەی وشەکە تادەری ببڕێت.

٦- خولیاکانی بەکاربێنە حەزی لەهەر شتێكە لەسەر ئەوە زیاتر قسەی لەگەڵ بكە تەنانەت ئەگەر دەزانی یارییەکی دیاریکراو هەیە زیاتر حەزی لەکردنی بێت هەوڵ بدە قسە لەسەر ئەو یاریە بکەیت لەگەڵیدا.

کیشەی هاوسەنگی ناودەم و زمان

بەشێک لە هەڵگرانی ئۆتیزم هۆکاری دواکەوتنیان لە قسەکردن یان یەکێک لەو گرفتانەی بۆیان دروست دەبێت بەهۆی دواکەوتن لە قسەکردن، هەستیارییەکان و کێشەی هاوسەنگی دەم و زمانە بەهۆی ئەوەی هەندێک کات وەکو پێویست خوێن بۆ دەمارەکانی دەم و زمانیان نایەت دەبێتە هۆى لاواز بوونی دەم و زمانیان، هەندێک کاتیش هەست بەبوونی زمان یان لێویان ناکەن، لە کاتی هەستکردنی خانەوادەکانیان پێویستە سەردانی پسپۆڕی تایبەت بکەن. زمانی ئاماژە لە قسەكردندا بەشێک لە هەڵگرانی ئۆتیزم کەناتوانن قسە بکەن یان زۆر دوادەکەون لە فێربونی قسەکردن بەڵام ئەوە بەو واتایە نایات چیتر نەتوانن پەیوەندی کۆمەڵایەتیان هەبێت بەڵکو دەکرێت فێری زمانی جەستە یاخود گەیاندنی پەیامەکانیان بە ئاماژەببن.

گفتوگۆ

بەبێ گفتوگۆ و چیرۆك گێڕانەوە ئەستەمە هەڵگرێكی ئۆتیزم فێری قسەكردن ببێت هەروەها دوای فێربوونی قسەكردنیش گفتوگۆی ڕۆژانەیان پێویستە تاكو زیاتر بەرەوپێش بچن و هەڵە ڕێزمانیەكانیان ڕاست بكەنەوە. دەکرێت هەر بە گفتوگۆی ڕۆژانە دوای ماوەیەك ئاستیان لە قسەكردن بگاتە پلەیەك نەزانرێت ڕۆژێك لە ڕۆژان لە قسە دواكەوتوون. یان حاڵەتێكی تایبەتیان هەبێت. گفتوگۆكردن لەگەڵ منداڵێكی هەڵگری ئۆتیزم چەند ڕێسایەكی پێویستە:

١- هێواشی

پێویستە كەسی گەورە تەمەن كە لەگەڵ منداڵێكی هەڵگری ئۆتیزم قسە دەكات تا ڕادێت خاوبێت تاكو وشەكانی و ڕستەكانی ئاسان بن بۆ حونجەكردن و دووبارە دروستكردنەوەی لای منداڵەكە.

٢- بۆشایی

لەكاتی گفتوگۆكردن لەگەڵ منداڵێكی هەڵگری ئۆتیزم پێویستە لەنێوان قسەكان بۆشاییەك دروست بكرێت كە بەلانی كەم لە دە چركە یان هەندێك زیاتر پێك هاتبێت وەكو پشوویەكی كورت ئەو پشووە تەنیا بریتی بێت لەوەی قسەی تێدا نەکرێت بە گفتوگۆی زارەكی بێت یان چیرۆك گێڕانەوە یان زمانی ئاماژە.

٣- وێنە

لەڕێگای مۆبایل یان چیرۆكی بە وێنە بێت ئەو شتانەی نیشان بدە كە بۆی دەگێڕیتەوە تاكو بتوانێت وێنای قسەكانت بكات ئاوا ئاسانتر دێنە نێو گفتوگۆ و چیرۆك گێڕانەوەكان.

٤- بەكارهێنانی ناو

ئەو منداڵەی یان ئەو ئەو كەسەی ئۆتیزم  هەیە واباشترە لەكاتی گفتوگۆ هەر شتێكی بێ دەوترێت لە پێشدا ناو بهێنرێت بە ناوی خۆی بانگ بكرێت یان نازناوەكانی نەك بە ناو و نازناوی جۆراو جۆرەوە تاكو هەست بكات قسەكان پەیوەستن بە كەسایەتی ئەوەوە.

٥- پرسیاری ئاسان

با پرسیارەکان و داواکارییە زارەکییەکان سادە و ئاسان بن، وەڵام و تێبینی کورت و سادەیان هەبێت، بە ئاسانی کۆنتڕۆڵ بکرێن لە لایەن هەڵگری ئۆتیزمەکەوە، ئەمە وادەکات نەیەوێت دەربچێت لە پڕۆسەی گفتوگۆ کردن.

٦- زمانی سادە

بەشیک لە خەڵک بە زمانیکی فەلسەفی یان قوڵ قسەدەکەن، ئەمە بۆ هەڵگرانی ئۆتیزم کێشەیە چونکە هەمان لۆجیکی  خەڵکی تریان نییە تا تێبگە ن لەو قسانەی لای خەڵکی تر قووڵ و جوانن بەڵام سادە نین هەروەها لە قسەو پەیامی ناڕاستەوخۆ تێناگەن بە ئاسانی بە ڵکو پیویستە بە ڕوونی و ڕاستە وخۆ پەیامەکانیان پێبگات تا یەکسەر تێبگە ن، هەروەکو چۆن ڕاشکاوی بە یەکێک لە نیشانەکانی ئوتیزم دانراوە لە بەشێک لە پێوەرەکان.

ڕەفتارەکان

ئەو ڕەفتارانەی ئاسایین

هەڵگرانی ئۆتیزم بە هۆی جیاوازی کەسایەتی سروشتیانەوە لە ڕووی ڕەفتارییەوە زۆرجار هیچ لە کەسانی تر ناچن بەڵام ئەم لێک نەچوونە هەموو کات نەرێنی نییە، بەڵکو خێزان پێویستە تەنها وەک جیاوازییەکی ئاسایی لێکی بداتەوە وەک چۆن هەموو منداڵێک لە یەکتر جیاوازن، منداڵێکی هەڵگری ئۆتیزمیش جیاوازە بەڵام بەڕێژەیەکی زۆر جیاوازە، ئەگەر بە زۆری هەموو ڕەفتارێکی بێ تەرک بکرێت تەنها لەبەر جیاوازی دەرکەوتنی دەبێتە هۆی ئەوەی خۆی نەتوانێت جیاوازی بکات لە نێوان ڕەفتاری پەسەند و ناپەسەند بەهۆی ئەوەی پێوەرێکی نییە بزانێت چ ڕەفتارێکی پێ تەرک کراوە و چ ڕەفتارێکی پێ تەرک نەکراوە.

کەمکردنەوەی ڕەفتاری دووبارە

یەکێک لە نیشانەکانی ئۆتیزم بریتییە لە ڕەفتاری دووبارە واتا دووبارەکردنەوەی کۆمەڵێک ڕەفتار یان ڕەفتارێکی دیاریکراو بۆ ماوەیەک مەرج نییە لە هەموو تووشبوویەکی ئۆتیزمدا هەبێت بەڵام لە زۆربەیان هەیە لە ڕاستیدا ئەو دووبارەکردنەوەی ڕەفتارە ئاسوودەییە بۆ هەڵگرانی ئۆتیزم نەک کێشە بەڵام کاتێک زیادەڕۆیی دەکات لە دووبارەکردنەوە لەوانەیە ببێتە کێشە بۆ ئاستی فێربوونی و خێزانەکەشی بێزار بکات بەم چەند خاڵە دەکرێت ڕەفتاری دووبارە کەم بکرێتەوە:

  • هەوڵبدە بزانێت بۆچی ڕەفتاری دووبارە زۆر دەکات دەکرێت بە هۆی دڵەڕاوکێ یان هەستیارییەوە بێت باشتر وایە یارمەتی لە شارەزایەکی دەروونزانی وەربگریت بۆ ئەوەی دڵنیابن لە هۆکارەکەی ئەگەر خۆت ناتوانیت دڵنیابیتەوە.
  • ژینگەکەی ڕێکبخە نە ڕووناکی بە ڕادەیەک بە شێوەیەک بێت کە بێزاری بکات نە دەنگەدەنگی بەرز هەبێت، کەسێکیش لە دەورووبەری نەبێت بێزاری بکات ئەو یاری و ڕاهێنانەی لەگەڵ مەکەن کە خۆی قبووڵی نییە دڵەڕاوکێکەی کەم بکەوە بە ڕێگرتن لەو شتانەی وای لێدەکەن بترسێت یان شەرم بکات ئەگەر لە تەمەنی هەرزەکاری بەرەو سەرەوەیە فێری بکە بۆ چەند چرکەیەک چەند هەناسەیەکی قووڵ هەڵمژێت و بیداتەوە خەیاڵی ڕوون بکات.
  • لە کاتی یاری یان هەر شتێکی تر ڕەفتاری دووبارەت لێ بەدی کرد لەو کاتە دابڕۆ لەگەڵ یان یارییەک بکە یان چالاکییەک بکە تاوەکو سەرقاڵ بێت بە ڕەفتارێکی تری لەگەڵ تۆ بەڵام مەرج نییە هەموو جار وا بکەیت ئاساییە هەندێک جار ڕەفتاری دووبارەی هەبێت وەک وتمان ئەمە تەنها بۆ ئەو منداڵەیە کە زیادەڕەوی دەکەن لە ڕەفتاری دووبارە.
  • سنوور بۆ چالاکییەکانی دابنێ.
  • ڕەفتاری جێگرەوە دابین بکە ئەگەر دەتەوێت ڕەفتارێکی دووبارە تەرک بکات یان کەم بکاتەوە پێویستە جێگرەوەیەکت بۆ ئەو ڕەفتارە هەبێت بۆ نموونە لەبری دووبارە باسکردنەوەی تۆم و جێری باسی شتێکی تری لەگەڵ بکە لەبری ئەوەی بەردەوام یاری بە یەک جۆری یاری بکات، جۆرێکی تری یاری بۆ بهێنە.


سەرچاوەکان



373 بینین