کاریگەری نەخۆشی شەکرە لەسەر تەندروستی گورچیلەکان

له‌لایه‌ن: - پەیوەست غەفوور پەیوەست غەفوور - به‌روار: 2023-10-24-13:16:00 - کۆدی بابەت: 11525
کاریگەری نەخۆشی شەکرە لەسەر تەندروستی گورچیلەکان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کاریگەری نەخۆشی شەکرە لەسەر تەندروستی گورچیلەکان (بە ئینگلیزی: the effect of diabetes on kidneys health، بە عەرەبی: تأثير مرض السكري على صحة الكلىنەخۆشی شەکرە کاتێک ڕوودەدات کە جەستەت ئەنسۆلینی پێویست دروست نەکات یان نەتوانێت ئەنسۆلین بە باشی بەکاربهێنێت، ئەنسۆلین هۆرمۆنێکە کۆنتڕۆڵی چەندێتی شەکر لە خوێندا دەکات. بەرزبوونەوەی ڕێژەی شەکر لە خوێندا دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە لە زۆر بەشی جەستە لەوانە دڵ، گورچیلە، چاو و مێشک. گورچیلەکانت گرنگن چونکە  جەستە لە هاوسەنگیدا دەهێڵێتەوە بە ئەنجامدانی:

  • پاشماوە لە جەستە دەکاتەدەرەوە.
  • هاوسەنگی شلەکانی جەستە دەپارێزێت.
  • یارمەتی هێشتنەوەی پەستانی خوێن دەدات بە جێگیری.
  • ئێسکەکان بە تەندروستی دەهێڵێتەوە.
  • یارمەتی دروستکردنی خڕۆکە سوورەکانی خوێن دەدات.

کاتێک نەخۆشیەک لە گورچیلەکاندا هەبوو واتای وایە گورچیلەکان زیانیان پێگەیشتووە و فرمانەکانیان بە جوانی ئەنجام نادەن. دەکرێت گورچیلەکان بەهۆی نەخۆشییەکی وەک شەکرە زیانیان پێبگات و کاتێک ئەمە ڕوودەدات، چیتر ناتوانن خوێن فلتەر بکەن و هەروەها کارەکانی تریش وەک پێویست ئەنجام نادەن.

چۆن نەخۆشی شەکرە زیان بە گورچیلەکان دەگەیەنێت؟

نەخۆشی شەکرە دەتوانێت زیان بە گورچیلە بگەیەنێت بەهۆی ئەوەی: 

 • زیان لە بۆریە خوێنەکانی ناو گورچیلەکان دەدات: یەکەکانی فلتەرکردنی گورچیلە پڕن لە بۆرییەکانی خوێن، بە تێپەڕبوونی کات بەرزبوونەوەی ئاستی شەکر لە خوێندا دەبێتە هۆی تەسکبوونەوە و گیرانی ئەو بۆریانە، بەبێ خوێنی پێویست گورچیلەکان زیانیان پێدەگات و ئەلبۆمین (جۆرێک لە پرۆتین) بەم فلتەرانەدا تێدەپەڕێت و لە میزدا کۆتایی دێت لەو شوێنەی کە نابێت لێی بێت.

• زیان بگەیەنێت بە دەمارەکانی ناو جەستە: هەروەها نەخۆشی شەکرە دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە دەمارەکانی ناو جەستە، دەمارەکان پەیام لە نێوان مێشک و هەموو بەشەکانی تری جەستەدا دەگوازنەوە، مێشک ئاگادار دەکەنەوە هەرکاتێک کە میزڵدان پڕ ببێت، بەڵام ئەگەر دەمارەکانی میزڵدان زیانیان پێگەیشت لەوانەیە نەخۆش هەست نەکات کاتێک میزڵدانی پڕ دەبێت بەمەش  پەستان دەخاتە سەر گورچیلەکان و زیانیان پێ دەگەیەنێت.

 • زیان بە رێڕەوی میزڵدان دەگەیەنێت: ئەگەر میز بۆ ماوەیەکی زۆر لە میزڵداندا بمێنێتەوە، لەوانەیە نەخۆشەکە تووشی هەوکردنی بۆری میز ببێت ئەمەش بەهۆی بەکتریاکانەوەیە. بەکتریا بریتین لە زیندەوەری بچووک وەک میکرۆب کە دەبنە هۆی نەخۆشی، لەو میزانەدا بە خێرایی گەشە دەکەن کە ڕێژەی شەکریان بەرزە، زۆربەی کات ئەم هەوکردنانە کاریگەرییان لەسەر میزەڵدان دەبێت، بەڵام هەندێک جار دەتوانن بۆ گورچیلە بڵاوببنەوە.

 • هەروەها زۆرێک لە کەسانی تووشبوو بە نەخۆشی شەکرە تووشی بەرزی پەستانی خوێن دەبن، ئەمەش زیان بە گورچیلەش دەگەیەنێت.

چەند ئامۆژگارییەک بۆ ئەوەی گورچیلەکانت بە تەندروستی بمێننەوە

دەتوانیت یارمەتی تەندروست ڕاگرتنی گورچیلەکانت بدەیت بە:

  • چاودێری کردن و کۆنترۆڵ کردنی ڕێژەی شەکر لە خوێنتدا.
  • پەستانی خوێنت بە جێگیری بهێڵەوە.
  • چاودێری ڕێژەی کۆلیسترۆڵت بکە.

هەروەها ئەمانە بۆ دڵ و بۆرییەکانی خوێنیش زۆر گرنگە چونکە بەرزبوونەوەی شەکری خوێن، پەستانی خوێن و ئاستی کۆلیسترۆڵ هەموویان هۆکاری مەترسین بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک.


سەرچاوەکان



250 بینین